جەمیل بایک و تەسلیمبوون  «2»

جەمیل بایک و تەسلیمبوون «2»

هەر بیرێکی ئازاد لەناو میللەتدا نەبێتە هۆی ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ڕێبەرایەتی، ئەوا ئەو فیکرە دەبێتە هۆی دروستکردنی کۆیلە لە ژێر ئاڵای ئازادیدا.

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز

ئۆجەلان مرۆڤە، نەک بوونەوەرێکی پیرۆز..

لە ڕێکەوتی 19ی تەمموزی 2025دا، جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەشداری لە بەرنامەیەکدا لە کەناڵی “ستێرک تیڤی” کرد و هەڵسەنگاندنی بۆ مژاری تەسلیمبوونی پەکەکە و ڕوانگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد. من لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەم خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ بۆچوونەکانی بایک بخەمەڕوو.

بایک بە شانازی و لووتبەرزییەکی زۆرەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بزووتنەوەکانی دیکەی جیهان، وەک بزووتنەوەکەی ئەوان کار ناکەن. دەشڵێت هیچ بزاڤێکی شۆڕشگێڕانە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا، بە بزاڤە شۆڕشگێڕانەکەیی ئەوان بەراورد ناکرێ. ئەگەر ئەم وتەیە بە ڕوانگەیەکی زانستی و دەروونی لێکبدرێتەوە، دەرەنجامەکە ئەوەیە کە ئەو کەسەی ئەم قسەیەی کردووە کەسێکی نەخۆشە و تووشی نەخۆشی خۆپەرستی شۆڕشگێڕانەی دابڕان لە جیهان هاتووە. هۆکاری ئەو نەخۆشییەش بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە شرۆڤەیەکی نابابەتیانە و نازانستیانە بۆ دیاردەیەک دەکرێت. ئەو قسانەی جەمیل بایکیش لەم چوارچێوەیەدایە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت قسەکەی بایک هەم ڕاستە و هەمیش ناڕاستە.

ناڕاستی قسەکەی بایک ئەوەیە کە ئەو تێزانەی کەوا حیزبەکەی لەسەری بنیات نراون و گۆڕانکارییان تێدا کراوە، هەموویان لە تێزە جیهانییەکانەوە وەرگیراون، بەتایبەتی ئەو تێزانەی کە لە بیرۆکەکانی مارکس و لینینەوە و لەم دواییانەشدا لە تێزەکانی سیمۆن و بۆکچین وەرگیراون.

ڕاستی لێدوانەکەشی ئەوەیە کە بزاڤی حزبەکەیان لە بزاڤی شۆڕشەکانی دیکە ناچێت. بایک بەشێوەیەکی بێشەرمانە هەوڵدەدات کە شکستەکانی خۆیان وەکوو سەرکەوتن پیشان بدات و سەرکەوتنی لایەنەکەی بەرانبەریشی وەکوو شکست وێنا بکات.

ئەگەر مرۆڤ بە گوێیەکی مۆسیقایی گوێبیستی ڕیتمی قسەکانی بایک بێت، بۆی دەردەکەوێت کە بایک چەندین جار بە ئاوازێکی بێزارکەر باسی ئازادی دەکات، بەڵام ئەو ئازادییەی بایک باسی دەکات، ئازادییەکی بێ ناوەڕۆکە.

ئەو فۆرم و جوگرافیایەی ئازادی کە جەمیل بایک باسی لێدەکات:

ـ ئازادی بەبێ دیاریکردنی فۆرمی دەوڵەت.

ـ ئازادی بەبێ ڕەخنەگرتن لە دامودەزگاکانی دەوڵەت.

ـ ئازادی بەبێ ڕەخنەگرتن لە ڕابردوو.

 

ئازادی نەک لەسەر ئامانجێکی فەلسەفی، بەڵکوو لەسەر بنەمای دیالۆگ و دانپێدانان بە لایەنی بەرامبەر بنیات دەنرێت. دروشمێک ئەگەر جێبەجێ نەکرێت، وەکوو شمشێرێکی بێ دەسک یان دروشمێک وایە کە لەسەر دیوارەکانی زیندانێکدا نووسرابن.

یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەو لێدوانەی بایک ئەوەیە کە “پەکەکە دەسەڵات لە هیچ کەسێک وەرناگرێت”. ئەو قسەیە لە ڕواڵەتدا قسەیەکی زۆر سادە و ساکارە، بەڵام لە ناوەڕۆکی خۆیدا، کاکڵەی سیاسەت هەڵدەوەشێنێتەوە.

هەموو شۆڕشێک کێبڕکێیە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، نەک بە مانای زۆرداری، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ دابەشکردنی مافەکان.

کاتێک تۆ دەسەڵات لەناو دەبەیت و وەک شتێکی پیس وێنای دەکەیت، لەو کاتەدا تۆ توانای بنیاتنانی دەوڵەت و یاسا و دامەزراوەکانی لەناو دەبەیت. ئەمەش زیاتر تێزێکی پۆست مۆدێرنە کە لە کۆنتێکستێکی هەڵەدا بەکار دەهێندرێت بۆ “لەناوبردنی دەوڵەت نەک هەڵوەشاندنەوەی، بۆ لەناوبردنی ناسنامەی نەتەوەیی، نەوەک بووژاندنەوەی”.

قسەکانی بایک سەبارەت بە ئۆجەلان جارێکی دیکە هۆشیاری نەتەوەیی کورد زیندوو ناکاتەوە، بەڵکوو ئەفسانەی پیرۆزیی ئۆجەلان دووپات دەکاتەوە کە کەسێکی دوورە لە هەڵە و کەموکووڕی و نابێ ڕەخنەی لێ بگیرێت. واتە جلوبەرگی پیرۆزی ئاسمانی لەبەر ئۆجەلان دەکرێت، ئەمەش دەبێتە دەورەدانی بزاڤی شۆڕشگێڕانەی کوردی بە بازنەیەکی داخراو کە لە پۆڵا دروستکراوە و هیچ نویبوونەوە و داهێنانێک قبووڵ ناکات. بەشێوەیەک کە وەک دەڵێن “تەنانەت پەلەوەرەکانیش ڕێگایان  پێنادرێت  بە سەریدا بفڕن”.

لێرەدا ئەگەر هەموو ئەو شتانەی کە بەدسەتهاتوون، لە ڕێگای ئۆجەلانەوە بووبێت و هەموو قەیرانەکانیش بەهۆی دەستی دەرەکییەوە بووبێت و هەموو هەنگاوەکان لەگەڵ گیانی ئۆجەلاندا گونجێندرابن، کەواتە چۆن دەتوانین ڕیگا بۆ ئازادیی هزر و بیرکردنەوەی گەل خۆش بکەین؟

چۆن دەتوانین ئایندەیەک بنیات بنێین بە بێ ئەوەی وا بیر بکەینەوە کە لە ڕەوتی شۆڕش و خەباتدا ڕێبەریش تووشی هەڵە دەبێت و پێویستە لێپرسینەوەی ڕەخنەگرانەی لەگەڵدا بکرێت، چوونکە ڕێبەریش مرۆڤە و کەسێکی پیرۆزی ئەبەدی و هەتاهەتایی نییە.

لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە هەر بیرێکی ئازاد لەناو میللەتدا نەبێتە هۆی ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ڕێبەرایەتی، ئەوا ئەو فیکرە دەبێتە هۆی دروستکردنی کۆیلە لە ژێر ئاڵای ئازادیدا.

پوستێن ھەمان بەش