ئایا کورد دەتوانێت متمانە بە بانگەوازی ئۆجەلان بۆ یەکێتی نەتەوەیی بکات؟

نەتەوەی کورد تامەزرۆی دامەزراندنی یەکێتی نەتەوەیی کوردانە، بەڵام یەکێتی نەتەوەیی بە ویستی هەستەکی پێکنایەت. ئەگەر کاتی گونجاو، ئامانجی گونجاو و کەسانی شیاو بە شێوەیەکی دروست کۆببنەوە، یەکێتی نەتەوەیی دەتوانێت ئازادی بۆ گەل بهێنێت. لە لایەکی ترەوە ئەگەر هەوڵی دروستکردنی یەکێتی نەتەوەیی لەگەڵ خەڵکی هەڵە و ئەجێندا شاراوەکانیان بدەرێت، ئەو یەکیەتییە خزمەت بە یەکڕیزی و ئازادی نەتەوەی کورد ناکات. بۆ بەدیهێنانی ئەمە، پێویستە نەک بەشێوەی هەستەکی، بەڵکو لەسەر بنەمای ڕاستییە مێژووییەکان و بەپێی واقیعی ئەمڕۆ مامەڵە بکرێت.

بانگەوازی ئەم دواییەی ئۆجەلان بۆ “کۆنگرەی نەتەوەیی” و پێشنیارکردنی “سەرۆک بارزانی” بۆ سەرۆکایەتیکردنی کۆنگرەکە، پێویستە لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. ئایا بانگەوازەکەی ئۆجەلان دڵسۆزانەیە یان گەمەیەکی دیکەیە لەناو یارییەکاندا، یانیش لە پشتەوە خەنجەرلێدانێکە لەژێر ناوی کۆنگرەی نەتەوەییدا…؟

دوای ساڵانی 1980دا، پەکەکە کاریگەری و هێزی پەدەکەی لەسەر نەتەوەی کورد بینی و دانیپێدانا، هەربۆیەش داوای بەرەیەکی نەتەوەیی کرد.

جاری یەکەم لە ساڵی 1983دا پرۆتۆکۆلێکی 9 خاڵی لە نێوان پەدەکە و پەکەکەدا واژۆ کرا. لە سایەی ئەم پرۆتۆکۆڵەوە، پەکەکە هاتە باشووری کوردستان و سوودی لە هەموو دەرفەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزی پێشمەرگە وەرگرت. بەڵام پەکەکە بە نهێنی لەگەڵ سەدامدا هاوپەیمانەتییەکی لە دژی پەدەکە پێکهێنا. پەکەکە لە ساڵی 1985دا لە هەفتانین هێرشی کردە سەر حزبی شیوعی کوردستان و پێشمەرگەی شەهید کرد. لە دەڤەری بادیناندا تۆوی دوژمنایەتیی لە نێوان حیزبە کوردییەکان و لە نێوان عەشیرەت و حیزبەکاندا چاند. واتە پابەندی پرۆتۆکۆڵەکە نەبوو.

لەو کاتە بەملاوە، پەکەکە هەر جارێک باسی یەکێتی نەتەوەیی کردبێت، وەک ساڵانی 1980، لە پشتەوە خەنجەری لە هەموو ڕێکخراوە کوردییەکان داوە.

هەرجارێک دەرفەتی تێکۆشان بۆ کورد ڕەخسابێت، پەکەکە لە پڕێکدا دەردەکەوێت و بە وتنی “یەکێتی نەتەوەیی”، هەستی گەل ئیستیغلال دەکات و بە هاوکاری هێزە بیانییەکان ئەجێندای شاراوەی خۆی پێکدەهێنێت.

بۆ نموونە لە ساڵی 2013دا، هەوڵێک بۆ بەستنی کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەیی کوردستان هەبوو. لە ڕۆژئاڤا دەرفەتی زۆر گەورە بۆ ئازادی هەبوو. هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی، چ لە ڕووی ماددی و چ لە ڕووی مەعنەوییەوە پاڵپشتی ڕۆژئاڤای کرد. پەکەکە و لقەکەی ڕۆژئاڤای واتە یەپەگە، جارێکی دیکە سوودیان لە سەرچاوەکانی پەدەکە وەرگرت. دوای ماوەیەک پەدەکەیان وەک دوژمن ڕاگەیاند. تەنانەت بۆ تێکدانی کۆنگرەی نەتەوەیی، لە 27-28ی حوزەیرانی 2013دا، لە شاری عامودا کۆمەڵکوژییەکی ئەنجامدا.

لە ڕاستیدا لەو کاتەوە پەکەکە دوژمنایەتی خۆی لەگەڵ پەدەکە گەیاندۆتە بەرزترین ئاست.

ئێستاش بەم تۆمارە تاریکەی پەکەکە، ئایا دەتوانین متمانەمان بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ یەکێتی نەتەوەیی و پێشنیارەکەی ئەو بۆ ئەوەی سەرۆک بارزانی ببێتە سەرۆکی کۆنگرەکە هەبێت و بە دڵسۆزانەی بزانین؟

بانگەوازی “ئۆجەلان داوای یەکێتی نەتەوەیی کرد و بۆ سەرۆکایەتییەکەشی سەرۆک بارزانی پێشنیار دەکات”

ئۆجەلان بەم بانگەوازە، دەیهەوێ کراسی نەتەوەیی لەبەر پەکەکە بکات. هەروەها هەر جارێک ئەو کۆنگرەیەی کە ئامانجەکەی دیار نیە، لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە ڕەت بکرێتەوە، پەکەکە دەڵێ “ئەوان یەکێتی نەتەوەیی کوردیان ناوێت”. بەڵام لە واقیعدا پەکەکە خاوەن ئەو ئیرادەیە نییە کە داوای یەکیەتی نەتەوەیی بکات.

کاتێک ئۆجالان باسی یەکێتی نەتەوەیی دەکات، هەرگیز باسی “یەکێتی نەتەوەیی کورد یان کوردستان” ناکات. ئۆجەلان تەنانەت کورد وەک نەتەوەیەک ناناسێت. لە ڕاستیدا، لە بەڵگەنامەکانی کۆنگرەی پەکەکەدا ئۆجەلان تەنانەت زمانی کوردی بە “تەنەکەی زبڵ” ناودەبات. ئۆجەلان تەنانەت بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە ئەو بە هەڵەی دەزانێت کە کورد داوای مافە نەتەوەیی و کلتوورییەکانی خۆی بکات. ئایا کەسێک کە دۆزەکەی کوردایەتی یان کوردستانی نەبێت، دەتوانێ داوای یەکیەتیی نەتەوەیی بۆ کورد بکات؟ بە هیچ شێوەیەک.

ئۆجەلان لەسەر داوای دەوڵەتی تورک لە ئیمرالی داوای یەکیەتیی کوردان دەکات. بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ یەکگرتوویی، بۆ یەکیەتیی ناو ماڵی کورد نەبوو. بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ ئەوەیە کە هەموو کورد پابەندی پەیمانی میساقی میللی دەوڵەتی تورک بن. ئۆجالان لەبەرامبەر دانپێدانانیدا بەڵێنی بە دەوڵەتی تورک داوە کە هەموو کورد بەوانەوە گرێ بدات.

یەکێتی نەتەوەیی نەک تەنها بە قسە، بەڵکوو لە ڕێگەی جەوهەرەوە بەدی دێت. ئەگەر پەکەکە یەکێتی نەتەوەیی دەوێت، سەرەتا دەبێ داخوازییەکانی خۆی بۆ کورد بە ڕوونی دیاری بکات.

دەبێ لەگەڵ هەموو حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاڤا و باشووردا، ئاگربەست ڕابگەیەنێت و گەرەنتی ئەوە بکات کە ئیدی چەک بەکارنەهێنێت.

دەبێت هێزەکانی خۆی لەناو حەشدی شەعبیدا، دەربهێنێت و ئەو ناوچانە ستراتیجیانەی کە لە باشووری کوردستان داگیری کردوون، ڕادەستی هێزە فەرمییەکانی پێشمەرگە بکاتەوە. دەبێت ئەو زمانە ژەهراوییە لە میدیاکانی خۆیدا بێدەنگ بکات کە ناتەبایی لەنێو کورددا دروست دەکات.

هەتا ئەمانە نەکرێن، یەکیەتیی نەتەوەیی لەگەڵ پەکەکەدا پێکنایەت. یەکێتی نەتەوەیی بە قسە نییە، بەڵکو بە کردارە. پەکەکە دەبێت سەرەتا ڕەخنە لەو هێرشانەی بگرێت کە لە 50 ساڵی ڕابردوودا دژ بە پارتە کوردییەکان ئەنجامیداوە. بە بێ ئەمانە، بانگەوازەکەی ئۆجەان و حیزبەکەی بۆ بۆ یەکیەتیی نەتەوەیی، بۆ پێشخستنی خەباتی کورد نییە، بەڵکوو بۆ بەستنەوەی دەست و پێی هێزە کوردییەکانە.

پوستێن ھەمان بەش