پەکەکە دەیهەوێ سەرلەنوێ پژاک چالاک بکاتەوە و بەشێکی زۆر لە ئەندام و گەریلاکانی لەناو پژاکدا سازمان بدات.
ئێقباڵ مورادی نیشتمانپەروەری کورد خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە لە شەوی 17ی تەمووزی ساڵی 2018دا لە قەزای پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە تیرۆرکرا. تەرمی مورادی لە 18ی تەمووزدا دۆزرایەوە. پەکەکە و لقەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئەو حیزبە واتە پژاک، ڕاپۆرتێکی کورتیان لەسەر یەکەم ڕۆژی تیرۆرکردنی مورادی بڵاوکردەوە، بەڵام دواتر هەرگیز باسی ئەو بابەتەیان نەکرد. بەڵام لەمساڵدا (2025) و دوای 7 ساڵ لە تیرۆرکردنی مورادی، پژاک “ئێقباڵ مورادی”ی وەبیر کەوتۆتەوە و پەیامێکی یادکردنەوەی بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەی 17ی تەمووزی پژاکدا هاتووە: “لە ڕێکەوتی 17ی تەمووزی 2018دا ، بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی دڕندانە و خیانەتکارانە هاوڕێمان ئیقباڵ مورادی، بەرپرسی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، نیشتمانپەروەر و دۆستی حیزبەکەمانیان، کوشت. ئێمە جارێکی دیکە بە ناوی هاوسەرۆکایەتیمان، هەڤاڵەکانمان، هەموو دۆستەکان و گەلی نیشتمانپەروەرمانەوە، بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشە دەکەین”.
جگە لە پژاک، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پەکەکە، بەتایبەتی دەزگا ئینگلیزی و تورکییەکانیان، مەلەفی ئێقباڵ مورادییان کردۆتەوە و وەک بابەتێکی گەرم کاری لەسەر دەکەن. ئەمەش پرسیارێک دەوروژێنێت: ئایا سیاسەتی پەکەکە بەرامبەر بە ئێران لە گۆڕاندایە؟
ڕووداوی ئێقباڵ مورادی چۆن بوو؟
ئێقباڵ مورادی خەڵکی شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، مێژوویەکی تێکۆشانی هەبووە و پێشمەرگەیەکی پلە بەرز بووە. دوای ساڵانی 2000 وەک ئەندامێکی چەکداری پژاک لە ناوچەی مەریوان لەگەڵ پەکەکەدا کاری کردووە. مورادی، کە لە ساڵی 2005 بەملاوە لە شاری پێنجوێن لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ ببوو، هەم وەک قاچاخچی سەر سنوور و هەمیش وەک نوێنەری پژاک و پەکەکە دەناسرا.
هەروەها باس لەوە دەکرێت کە ئێقباڵ مورادی لەگەڵ پژاکدا تووشی ناکۆکی و گرژی هاتبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی پژاک و پەکەکە لە شەڕی قەندیل لە ساڵی 2011دا لووتکە گرینگەکانی چیای قەندیلیان تەسلیمی ئێران کرد. مواردی ڕەخنەی لە هەڵوێستی پژاک بەرامبەر بە ئێران گرتبوو.
مورادی ڕایگەیاندبوو کە ئاگربەستی پژاک لەگەڵ ئێران بە هەڵە دەزانێت و دواتر لەگەڵ پژاک تووشی دەمەقاڵێ و ناکۆکی هاتبوو، تەنانەت هەوڵیدابوو کە پەیوەندییە ڕێکخراوەییەکانی خۆی لەگەڵ پژاک کۆتایی پێ بهێنێت و وازیان لێبێنێت.
باس لەوە دەکرێت کە مورادی بەهۆی هەڵوێستەکانیەوە، لە کۆبوونەوەکانی پێنجوێنی پژاک دەرکراوە و لەلایەن پژاکەوە هەڕەشەی لێکراوە. ئەوەی جێگای سەرنجە، ئێقباڵ مورادی لەو کاتەدا لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە تیرۆر کرا کە خۆی و بنەماڵەکەی ڕەخنەیان لە پژاک دەگرت. دوای چەند مانگێک، زانیار مورادی کوڕی ئیقباڵ مورادی و لوقمان مورادی برازای، لە ڕێکەوتی 7ی ئەیلولی 2018دا لە سێدارە دران. ئەو ماوەیەی کە هەموو ئەم ڕووداوانە تێیدا ڕوویاندا، قۆناغێک بوو کە بەرپرسانی پەکەکە لە ورمێ و تاران نیشتەجێ بوون و گەریلاکانی پژاک و چەکدارانی ئێرانی لە پایەگاکانی ئێراندا لە پەیوەندیدا بوون. خەڵک بە شێوەیەکی بەرفراوان پێیان وایە کە ڕەخنەکانی بنەماڵەی مورادی لە پژاک، ڕۆڵی سەرەکیی لە بە ئامانجگرتنی ئەو بنەماڵەیەدا هەبووە.
بۆ ماوەیەکی زۆر و بە تایبەت دوای تیرۆرکردنی مورادی، پژاک لە میدیاکانیدا باسی بنەماڵەی “ئێقباڵ مورادی”ی نەدەکرد. پێدەچێت یادکردنەوەی ئەمساڵی ئێقباڵ مورادی لە لایەن میدیاکانی پژاک و پەکەکەوە، ئەویش هاوکات لەگەڵ پێکدادانەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هەوڵی دووبارەیە بۆ چوونە ناو گۆڕەپانەکەوە و وادیارە کە پەیوەندیی بەم پڕۆسە نوێیەوە هەیە.
پەیوەندییەکانی ئێران و پەکەکە بەرەو کوێ دەڕوات؟
پەیوەندییەکانی نێوان پەکەکە و ئێران بەرەو ئاراستەیەکی نوێ دەڕوات. سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەی پەکەکە لەلایەن ئۆجەلانەوە بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورک، بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە نێوان ئێران و پەکەکەدا. لە دوای ساڵی 2011 پەکەکە لە پرۆژەی هیلالی شیعەی دەوڵەتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەرکدار کرا و لە ڕاستای سیاسەتەکانی ئێراندا لە سووریا و باشووری کوردستان جێگیر کرا.
هەروەها پژاک، لقی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پەکەکە، بەگوێرەی ڕێککەوتنی ئێران و پەکەکە دیزاین کرا و ئاگربەستی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند.
لەو کاتەوە پژاک بە دووری 1-2 کیلۆمەتر لە پایەگاکانی ئێرانەوە لە ناوچەکانی وەک قەندیل، پێنجوێن و ئاسۆس جێگیر بووە و بەپێی بەرژەوەندییەکانی ئێران لەسەر سنوور کاردەکات. پژاک ڕێگەی بە هیچ ڕێکخراوێکی کوردستانی نەداوە لە سنوور نزیک بێتەوە و لە زۆر شوێن پەلاماری پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داوە.
ئێستا بە هۆی گۆڕانی بارودۆخی پەکەکەوە، وادیارە پەکەکە دەیهەوێ سەرلەنوێ پژاک چالاک بکاتەوە. پێشبینی دەکرێت پەکەکە کەوا خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، لە قۆناخی نوێدا بەشێکی زۆر لە ئەندام و گەریلاکانی لەناو پژاکدا سازمان بدات.