لە ئاسمیلاسیۆنەوە بەرەو ئەنتەگراسیۆن!!!

لە ئاسمیلاسیۆنەوە بەرەو ئەنتەگراسیۆن!!!

پەکەکە بە قسەی باخچەلی، دوژمنی کورد چەکی دانا، چونکە ئەوان و دەوڵەتی تورک ڕێککەوتون کە ئیدی لە قۆناخی ئاسمیلاسیۆنەوە دەربازی ئەنتەگراسیۆن ببن.

✍️ بووبێ ئەسەر

کاتێک وڵاتی ئێمە، کوردستانی شیرین، بە پەیمانی لۆزان کرایە چوار پارچە و هەر بەشێکی پێشکەش بە دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستان کرا، داوایان لێکرا کە کوردەکان ئاسمیلە بکەن واتە “بیانتوێننەوە” بۆ ئەوەی کورد زمان و مێژوو و داب و نەریتی خۆی لەبیر بکات تا میللەتی کوردیش وەک زۆر کەمینەی تر بوونی نەمێنێت.

لەسەر ئەم ئەساسە ڕێککەوتن کرابوو. هەر بۆیە داگیرکەرانی ئێمە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، بە هەموو هێزیانەوە شەڕی مان و نەمانیان لە دژی کورد دەستپێکرد. مامەڵە و شەڕی داگیرکەران دژ بە کورد، کەم تا زۆر لە هەر چوار پارچەکەدا هاوشیوەی یەک بوون.

دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا کە دەبووا ئەوانیش ئەو شەرت و مەرجانەی پەیمانی لۆزانیان جێبەجێ کردبا، دەستیان بە شەڕ لەگەڵ کورد کرد و ئەوەی خراپ بوو بەسەر نەتەوەی کوردیاندا هێنا.

بۆ ئەوەی گەلی کورد زمان و داب و نەریتی خۆی لەبیر بکات، ئەوەی زوڵم و کاولکاری و کۆمەڵکوژی و تاڵان بوو بەسەر کوردیاندا هێنا. بەڵام تێگەیشتن کە بە شەڕ و کوشتن و کاولکاری ناتوانن کورد لەناوببەن و وایان لێبکەن کە زمان و داب و نەریتی خۆیان لەبیر بکەن.

دوای چەند لێکۆڵینەوەیەکی دوورودرێژ و بەرفراوان لە ئەرشیفی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دەوڵەتانی جیهان، بەرپرسانی تورکیا لە سایەی هەندێک دەوڵەتی گەورەوە، ویستیان کوردەکان بە یەکتری بەکوشت بدەن کارێک بکەن کە کورد خۆبەخۆ یەکتر ئاسمیلە بکەن.

لەسەر بنەمای ئەم بڕیارە پەکەکەی خۆیانیان دامەزراند. ئەوەی کە لە ساڵانی شەڕدا پەکەکە بە سەر گەلی کوردیدا هێنا، ئێستا ئیدی دەزانرێت. بەڵام دیسان وەک کاربەدەستانی تورک دەیانویست، کورد ئاسمیلە نەکرا. هەرچەندە لە زۆر بواریشدا سەرکەوتوو بوون، بەڵام هەموو شتێک بەو شێوەیە نەبوو کە ئەوان دەیانویست.

بۆیە دوای ئەو شەڕە قرێژ و درێژخایەنە، کوردستان وێران کرا و بە ملیۆنان کورد ئاوارەی شارەکانی تورکیا بوون و بەمەش دەیانویست جوگرافیای کوردستان بگۆڕن و بڵێن: “ئیدی کورد و تورک بران، چوونکە زیاتر لە دەیان ملیۆن کورد لەناو تورکاندا دەژین و جیاکردنەوەیان ئەستەمە”. لەخۆیدا هەنووکە زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی تورک و بەشێک لە کوردەکانیش هەر ئەمە دەڵێن.

ئیدی کاتی شەڕی چەکدارانەش کۆتایی هات. لەبەر ئەوەی کە شەڕی پەکەکە زیانی بە دەوڵەتە گەورەکانیش دەگەیاند. هەر بۆیە داوایان لە تورکەکان کرد کەوا پەکەکەکەیان شەڕ ڕابگرێت و بگەڕێنەوە بۆ تورکیاکەی خۆیان.

هەر واشی لێهات. بەڵام ئایا داگیرکەرانی ئێمە دەیانتوانی ئەم کارە بکەن؟ بێگومان نەخێر. پەکەکە بە قسەی باخچەلی، دوژمنی کورد چەکی دانا، چونکە ئەوان و دەوڵەت ڕێککەوتبوون کە ئیدی لە قۆناخی ئاسمیلاسیۆنەوە دەربازی ئەنتەگراسیۆن ببن.

بە واتایەکی تر دەیانهەوێ ئیدی کورد تەنها وەک ناوێک بهێڵنەوە و ڕۆح و بیروباوەڕ و دڵسۆزیی کوردپەروەرانەیان لێ وەربگرنەوە. هەر بۆیە دەیانویست بە دروشمی “کورد و تورک برای یەکترین” دەستپێبکەن. دەستیشیان پێکرد. بەم پێیە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی کە ئیدی کورد ئەنتەگرەی تورکان بکەن. واتە ئیدی کورد نەهێڵن. ئەمەش پڕۆژەیەکە بۆ پێنج سەد ساڵی دیکە.

ئەم کارە بە هەموو شێوەیەک لەسەر دەستی پارتی دەم بەڕێوە دەچێت کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک پێکەوە دایانمەرزاندووە. جێبەجێکردنی ئەمەش لە شوێن و وارە پیرۆزەکانی کوردستاندا دەست پێدەکات بۆ ئەوەی بە هێژایی نەمێننەوە. هەروەک چۆن چەکەکانیان لە ئەشکەوتی پیرۆزی جاسەنە لە ناحیەی سورداشی شاری سلێمانیدا سووتاند کە شوێنی بەرگری و بەرخۆدانی کوردان بوو، تا بێ نرخی بکەن.

ئێستاش بە دروشمی یەکگرتوویی، کۆبوونەوە و ڕێپێوان لە سەر گڵکۆی ئەحمەدی خانی و چەندین شوێنی پیرۆزی دیکە کوردان ئەنجام دەدەن. ئەم یەکگرتووییەی کە ئەوان باسی دەکەن، لەڕاستیدا لەناوبردنی کوردە، واتە ئەنتەگراسیۆنی نەتەوەی کوردە، بۆ ئەوەی ئیدی کورد وەک خۆی نەمێنێتەوە.

بەڵام هەزار مخابن، لە هەمبەر ئەم پرۆژە هاوبەشەی دەوڵەتی تورک و عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا، ئەو حیزبانەی ئێمە کە خۆیان بە کوردستانی دەزانن، ناتوانن پێکەوە نوێنەرایەتییەکی کوردستانی پێکبهێنن بۆ ئەوەی ڕێگری لەو پیلان و پرۆژانەی دەوڵەتی تورک و ئۆجەلان بکەن.

ئەگەر ئەم پرۆژە هاوبەشەی پەکەکە و دەوڵەتی تورک کە هەنووکە لەسەر دەستی پارتی دەم بەڕیوەدەچێت، نەبیندرێت و ڕەخنەی لێنەگیردرێت، هەتا چەند ساڵی دیکە کورد بوونی نامێنێت. ئەگەر لە بەرامبەر ئەم پڕۆژە نوێیەی دەوڵەت و عەبدوڵڵادا بێدەنگ بین، کورد لەناو دەچێت.

ئێستا “پارتی دەم”ـەکەیان، بەم کارە نوێیەی کە کۆبوونەوە و ڕێپێوان و خۆپیشاندانی ئەنتەگراسیۆن لەو شوێنانە ئەنجام دەدات، دەیهەێ کەرامەت و حورمەتیان لێ زەوت بکات. بە واتایەکی تر دەیانهەوێ بەهاکانی کورد بێنرخ بکەن بۆ ئەوەی کورد ئیدی بە ئاسانی تورکبوون قبووڵ بکات.

لەڕاستیدا، ڕۆژانی زۆر مەترسیدار چاوەڕێی کوردانی باکوری کوردستان دەکات. بەداخەوە ئەگەرچی هەمووان ئەمە دەبینن، بەڵام بۆ ڕێگریکردن لەم مەترسییە، ناتوانن یان نایانهەوێت پێکەوە نوێنەرایەتی کورد دابمەزرێنن. چونکە هەندێک لایەن هەرچەندە بەخۆیان دەڵێن: “ئێمە کوردستانیین”، بەڵام هێشتا ئومێدیان بە پارتی دەم ماوە کە ڕۆژێک بێت ئەوانیش ببنە پەرلەمانتار یان سەرۆکی شارەوانییەکی کوردستان.

ڕێک ئەمەیە کە ڕۆحی کوردستانی لە دڵی کورد ڕادەکێشێت و کورد بەرەو بەتورکبوون پاڵ دەنێت. ئەگەر ئەو ئارەزووە لە دڵی هەندێک لە ڕێبەر و سەرۆکی حزبەکان دوور بخرێتەوە، ئەوکات ئێمەش وەک کورد بە ئامانج و خواستەکانمان دەگەین…

پوستێن ھەمان بەش