لێکدانەوە ئەکادیمییەکان دەیسەلمێنن کە پەکەکە و سەرۆکەکەی سەربەخۆ نین، بەڵکوو دارەدەستی دوژمنن.
سمکۆ عەبدولعەزیزی
گۆڕانکاری یەکێکە لە بناغە سەرەکییەکانی پێشکەوتن، بەڵام هەموو گۆڕانکارییەک، پێشکەوتن نییە. لە سیاسەتدا چەندین جۆر گۆڕانکاری هەیە، بەڵام دەتوانین بڵێین گرنگترین گۆڕانکاری دوو جۆرن؛ یەکەم گۆڕانکارییە تاکتیکییەکانن کە پەیوەندییان بە ئامرازەکانەوە هەیە و دووەمیشیان پەیوەستە بە ئامانجەکانەوە.
لە سیاسەتدا گۆڕانکاری ستراتیژی زوو بە زوو ناکرێت، گۆڕانکاری لەو کاتەدا دەکرێت کە ئامانج زۆر هەڵە بێت یان ئامانجەکە بەدیهاتبێت.
گۆڕانکاری تاکتیکی زوو بە زوو دەکرێت، چونکە وتەیەکی فەلسەفی هەیە دەڵێت: کاتێک بەیەک ڕێگادا دەڕۆیت بۆ گەیشتن بە ئامانجێک و ئەو ئامانجە بەدی نەهات، پێویستە گۆڕانکارییەکی تاکتیکی بکرێت، چونکە ئەگەر سەد جاری دیکەش بەو ڕێگەیدا بڕۆیت، هەمان چارەنووست دەبێت و هیچ دەسکەوتێک بەدەست ناهێنیت، واتە پێویستە ڕێگاکەت بگۆڕیت نەوەک ئامانجەکەت.
کاتێک مرۆڤ سەیری مێژووی پەکەکە دەکات، بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ئەم حزبە هەمیشە ئامانجەکەی خۆی دەگۆڕێت و ئەو ڕێگایەی کە پەیڕەوی لێدەکات هەر وەک خۆی دەهێڵێتەوە. لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات کە بۆچی ئەم حزبە بەپێچەوانەی زانستی سیاسی دەجووڵێتەوە؟
لێکدانەوە ئەکادیمییەکان دەیسەلمێنن کە پەکەکە و سەرۆکەکەی سەربەخۆ نین، بەڵکوو دارەدەستی دوژمنن. بەتایبەتی سەرۆکی ئەم حزبە بۆتە پاشکۆی هەندێک لایەنی غەیرە کورد و بەپێی بەرژەوەندییەکانی ئەوان دەجووڵێتەوە و پەکەکەش وەکوو گوێدرێژ و بە بێ هیچ بیرکردنەوەیەک بەدوای ئەو کەوتوون و بەو ڕێگایەدا دەڕۆن کە ئەو بۆیان دەستنیشانی دەکات.
بۆچی وەکوو گوێدرێژ؟
وەکوو ئاشکرایە، کەر لە هەموو ئاژەڵێکی دیکە زیاتر گوێڕایەڵی خاوەنەکەی دەبێت و ڕەنج و ماندوبوونیکی زۆر دەکێشێت بۆ ئەوەی خاوەنەکەی دڵخۆش بکات، واتە ئامانجی کەر ڕازی کردنی خاوەنەکەیەتی. هەمووان دەبینین کە کادیرە پلە باڵاکانی پەکەکەش وەکوو گوێدرێژ وان و تەنها ئامانجیان ئەوەیە کە خاوەنەکەیان ڕازی بکەن.
بۆ وا دەڵێم؟ چونکە ئەگەر قسە لەگەڵ زۆرینەی کادیرانی پەکەکە بکەیت، لە پلە نزمەکانەوە بۆ بەرزترین پلە وەکوو قەرەیلان و پێیان بڵێین: ئێوە لەپێناو چیدا چالاکی سیاسی و چەکداری دەکەن؟ بەبێ یەک و دوو دەڵێن، ئێمە خەبات بۆ کورد و کوردستان دەکەین. ئەمە وەڵامێکی زۆر خۆشە و خەندەیەک دەخاتە سەر ڕووخساری هەموو نیشتمانپەروەرێک، بەهۆی ئەمەوە ژمارەیەکی زۆر کچ و کوڕی لاوی کورد چوونەتە ڕیزەکانیانەوە و دەستیان لە ژیانی خۆیان هەڵگرتووە و بوون بە گەریلا.
بەڵام کاتێک بەو کادیرانە دەڵێیت: ئایا ئێوە نابینن کە ئەو ستراتیژەی سەرۆکەکەت بۆی دیاری کردووی، هیچ پەیوەندییەکی بە کورد و کوردستانەوە نییە، جگە لە قۆناخی ساڵانی 1981 تا 1986؟ یەکسەر بە خائین و نەزان و دواکەوتوو ناوت دەبەن.
ئەو ستراتیژەی ئۆجەلان بۆ حزبەکەی و لایەنگرەکانی دایڕشتووە، وەک کەفی نیسک وایە، هەندێک جار بەرز دەبێتەوە و هەندێک جاریش دادەبەزێت. وەکوو دایکێک کە لە دروستکردنی نیسکدا شارەزا نییە، کاتێک نیسکی نەکوڵاو دەخاتە بەردەم منداڵەکانی و پێیان دەڵێت، ئەم نیسکە زۆر خۆشە، منداڵەکانیش لە ترس و لە ڕووی ناچاریەوە، ئەو نیسکە ناخۆشە دەخۆن. پەکەکەش وەکوو ئەو منداڵانە وایە، لە ترسان و بە ناچاری کەوتنەتە ناو ئەو گێژەڵووکەیەی کە سەرۆکەکەیان بۆیانی دروست کردووە. ئەوان بۆخۆیان باش دەزانن کە خەباتەکی ئەوان هیچ پەیوەندییەکی بە کورد و کوردستانەوە نییە، بەڵام پەکەکەییەکان بە ناچاری ئەو ستراتژیە پەیڕەو دەکەن.
لە بەشی دووەمی بابەتەکەمدا ڕوونی دەکەمەوە کە چۆن ستراتیژەکەی سەرۆکی پەکەکە وەکوو کەفی نیسک وایە.