گەورەترین کارەساتی کورد ئاگرکەوتنەوە نییە، بەڵکو بێدەوڵەتییە

هەتا کاتێک دەست لە هەموو جۆرەکانی کۆلۆنیالیزم بەرنەدەین و لە دەوری بیرۆکە کوردستانیەکاندا یەکنەگرین، ناتوانین بەسەر کارەساتەکانی سەر وڵات و نەتەوەکەماندا زاڵ بین.

ئەو کارەساتەی بەهۆی ئەو ئاگرکەتنەوەی نێوان ئامەد و ماردین، دروستبووە و کاریگەریی لەسەر دەیان گوندی ناوچەکە داناوە، دڵی ئێمەشی بەخۆیەوە سووتاند. هەتا ئێستا 12 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەدەیان گوند و هەزاران دۆنم زەوی زیانیان بەرکەوتووە و هەزاران ئاژەڵیش لە ئاگرەکەدا سووتاون. منداڵە سووتاوەکانی کورد و بەرخی سووتاو لەسەر خاکی کورد ویکڕا دەناڵێنن. مرۆڤ تووشی بێهیوایەکی وا دەکات کە ناوێرێ تەنانەت سەیری دیمەنەکانی ئەم ئاگرە بکات. مرۆڤ دەیهەوی ئەوەی کە بینیویەتی لەبیری بکات.

هەمووان ڕەخنە دەگرن و دەڵێن “دەوڵەت لە کاتی خۆیدا دەستوەردانی بۆ کۆنترۆڵی ئاگرەکە نەکردووە و بە خەمساردیەوە مامەڵەی کردووە”. کەی شتیکی بەو شێوەیە ڕوودەدات؟ ئایا کەسێک کە بەشێوەی جینایەتکارانە کوژرابێت، دەتوانێت گلەیی لە بکوژەکەی بکات؟ دەتوانی بە دوژمنەکەی بڵێت “بۆچی منت نەبردە لا دوکتور”؟ ناکرێ ڕەخنە لە بکوژەکەمان بگرین چونکە ئەو بۆخۆی بکوژی ئێمەیە. بێگومان دەوڵەتی تورک هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە نادات، چونکە داگیرکەری خاکی تۆیە، ئەرکی ئەو سووتاندنی موڵک و ماڵ و هەموو ژیانی تۆیە، ئەو دەیهەوێ وڵاتەکەت بسووتێنێت و بیکات بە خۆڵەمێش بۆ ئەوەی دەسەڵاتی کۆلۆنیاڵی خۆی لەسەر بنیات بنێت.

خوێندەوارترین کوردەکانی باکووری کوردستان کە سەد ساڵە لە ژێر کۆلۆنیالیزمی تورکیادا ئازار دەچێژن، وەکوو ئەوەی خەڵکەی کە لەناو دەوڵەتی تورکدا یەکسان و ئازادن، ڕەخنە لە دەوڵەت دەگرن. بابی من، برای من، دایکی من و خوشکەکەم، ئەو دەوڵەتە هی تۆ نییە، ئەو دەوڵەتە داگیرکەر و وێرانکەری وڵاتەکەی تۆیە. “پارتی دەم” ڕاگەیاندراوێک دەدات و دەڵێت “دەستێوەردان بۆ کۆنترۆڵی ئاگرەکە وەدواکەوتووە”. بەداخەوە کە حیزبێک دەتوانێ ئەوەندە بێهۆش و بێخەیاڵ بێت.

ئەحمەد تورک بەتەمەنترین سیاسەتمەداری باکوری کوردستانە، سەرۆکی حزب بووە، پەرلەمانتار بووە، باوباپیرانی هەموویان ئاغا و خاوەن زەوی بوون، ئێستاش بازرگانێکی دەوڵەمەندە و لەهەمانکاتدا سەرۆکی شارەوانی ماردینە، لەسەر بەردێک دانیشتووە و بێچارە بێچارە، سەیری دۆخەکە دەکات. بە نائومێدییەکی زۆرەوە و بە خەمگینیەوە سەیری دیمەنەکان دەکات. ئەحمەد تورکی تەمەن 80 ساڵ تێدەگات کە کورد هەرچییەک دەکات با بیکات، کۆماری تورکیا هی ئەوان نییە، بۆیە لەناو خەم و بێدەسەڵاتیدا دەخنکێت.

بەڵێ کورد بێچارەترین و بێدەسەڵاتترین نەتەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لەلایەن کۆلۆنیالیستەکانەوە دەچەوسێتەوە. ئەگەر لە ریشەوە لە کێشەکەمان بکۆڵینەوە، دەبینین هۆکاری سەرەکی بێدەوڵەتبوونە. ئەوەی کە ڕۆژانە ماڵی کورد دەسوتێنێت ئاگر نییە، بەڵکو بێدەوڵەتییە. ئەو کەسەی کە بە قسەی دەوڵەت خراپە و ژیانی بێ دەوڵەت ڕزگارییە، ڕازی دەبێت، دەبێ بزانێت کە شەریکی دوژمنە. هۆکاری سەرەکی کە ئەمڕۆ باکووری کوردستان ئەوەندە بێچارەیە بۆ بێدەوڵەتی و لەوەش خراپتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەوڵەتی تورک بە دەوڵەتی خۆت بزانیت. کوردانی باکوور، تورکبوون و بێدەوڵەتبوونیان وەکوو ڕێگاچارەیەک بۆخۆیان قبوڵ کردووە. بەڵام ئەمە خەتای کوردانی باکوور نییە، ئەمە ئەو بیرۆکە نەفرەتیانەی ئۆجەلانن کە لە مێشکیانی چەقاندووە.

ئۆجەلان و حیزبەکەی واتە “پەکەکە”، ماوەی 25 ساڵە هەوڵی ئەوە دەدەن باکوری کوردستان قەناعەت پێبکەن کە “بێدەوڵەت بوون ڕزگارییە و تورکبوون گەورەترین ئازادییە”. بەڵام ئەم بیرۆکانەی ئۆجەلان لە ئاگری و ماردین و ئامەددا جارێکی تر بوون بە خۆڵ. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەگەر دەوڵەتت نەبێت، لەم سیستەمە سیاسییەی جیهاندا هیچ نیت. ئەگەر دەوڵەتەکەت خراپیش بێت، بە ملیۆنان جار لە بێدەوڵەتی باشترە. دیموکراسیکردنی دەوڵەتی خۆت هەزاران جار ئاسانترە لەوەی کە مرۆڤ بیەوێت دەوڵەتی داگیرکەر دیموکراتیزە بکات. ئەو کەسانەی دەوڵەتیان هەیە هەمیشە هەنگاوێک لە پێش خەڵکی بێ دەوڵەتەوەن. سیستەمەکەت هەرچەندە بچووک بێت، بیمە و گەرەنتیی ژیانتە.

لە مانگی ئاداردا لافاو لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان ڕوویدا. نزیکەی هەزار خانوو بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوت و بە دەیان خانوویش بەتەواوی وێران بوون و شارەکە ژێر ئاو کەوتبوو. سروشت، هەموو دهۆکی لە کارەساتێکی گەورە پڕ کرد. بەڵام ئایا دەزانن لە ماوەیەکی کورتدا چی ڕوویدا؟ سەرۆک بارزانی دەستبەجێ پێشمەرگەی گوڵانی ئەرکدار کرد و ڕەوانەی شاری دهۆکی کردن. نزیکەی 300 پێشمەرگە ڕۆیشتنە ناو شاری دهۆک و ماڵ بە ماڵ و کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕان و هاوکاریی خەڵکیان دەکرد، ماڵ و ڕێگاوبانەکانی شارەکەیان پاک کردەوە. عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، خەڵکی دەوڵەمەندی شارەکەی کۆکردەوە و چوونە سەر شەقامەکان و شارەکەیان پاک کردەوە. لە ئەنجامدا کەمتر لە هەفتەیەک کارەساتی لافاوەکە کۆتایی پێهات و زیاتر لە 110 خێزان کە بەهۆی لافاوەکەوە خانووەکانیان وێران ببوو، هەر خێزانەیان خانوویەک و بڕی 5 هەزار دۆلاریان وەرگرت. ئەمە لەکاتیکدایە کە هەرێمی کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆش نییە، بەڵام بەو دەرفەتە سنووردارانەی کە لەبەردەستیدایە، بە هانای گەلەکەیەوە ڕۆیشت، چونکە خەڵک و خاکەکە بە بەشێک لە خۆی دەزانێت. ئەمە بەتەنها خۆی بەسە بۆ ئەوەی کە بیرۆکەی بێدەوڵەتی و ئایدۆلۆژیای بێدەوڵەتبوونە لەناو ببات، کە ئۆجەلان نووسیویەتی و بە دەیان لاپەڕە و وشەی فەلسەفی ڕازاندراوەتەوە. لە ڕاستیدا بێدەوڵەتی گەورەترین ماڵوێرانیە.

ئەو پەکەکەیەی کە ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەو ڕاستیەی ئازادیی هەرێم نابینێت و چاوی لەبەر هەڵنایەت کە بیبینێت. پەکەکە لە ڕۆژهەڵات بەرگری لە “یەکپارچەیی ئێران” دەکات، لە باشوور پارێزگاریلە  “یەکپارچەیی عێراق” دەکات و لە باکووریش “یەکپارچەیی تورکیا” و لە ڕۆژئاواش “یەکپارچەیی سووریا” دەپارێزێت. ئەم هزر و بیرۆکەیەی پەکەکە، کۆمەڵگەی کوردی بەرەو لەناوچوون و خۆکوژی ڕادەکێشێت.

ڕەنگە ئێوە بڵێن ئەوە دیسان مەسەلەکەی هێنایەوە سەر پەکەکە، بەڵام ببورن، ئەگەر سەردانی پزیشک دەکەین، پێویستە بنەمای نەخۆشیەکەمان بزانین بۆ ئەوەی پزیشک بتوانێ چارەسەرمان بکات. لە ئێستادا ئازارێکی گەورە لە جەستەی کورددا هەیە، ناوی ئەم ئازارە بێدەوڵەتییە. ئەوانەی بێدەوڵەتی وەکوو ئازادی دەبینن، تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە هاتوون. ئەوانەی دەیانەوێت جەستەی کورد چاک بکەنەوە، ئابوورییەکەی باشتر بکەن، بارودۆخی ژیانیان باشتر بکەن و بە کەمترین زیان لە هەموو جۆرە کارەساتێکی وەک ئاگر و لافاو دەربازیان بێت، پێویستە سەرەتا خۆیان لەم نەخۆشی بێدەوڵەتییە ڕزگار بکەن.

بەڵێ بێ دەوڵەتی گەورەترین کارەساتی تیئۆرییە. کورد لەگەڵ ئەم کارەساتەدا بەرەوڕوویە و هەتا کاتێک دەست لە هەموو جۆرەکانی کۆلۆنیالیزم بەرنەدەین و لە دەوری بیرۆکە کوردستانیەکاندا یەکنەگرین، ناتوانین بەسەر کارەساتەکانی سەر وڵات و نەتەوەکەماندا زاڵ ببین. با هیواکانمان نەسووتن، ئێمە ئەم کارەساتەش لەسەر خۆمان هەڵدەگرین. سەری گەلی کورد و بەتایبەت کەسوکاری قوربانیان سەلامەت بێت.

پوستێن ھەمان بەش