31ی ئاب، دفع الأفسد بالفاسد

31ی ئاب، دفع الأفسد بالفاسد

دوای ٣١ی ئاب قۆناغێکی نوێ لە ژیانی خەڵکی کوردستان و بە تایبەتیش خەڵکی شاری هەولێر دەستی پێکرد. قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتن و بونیادنان.

دلۆڤان عەلی

یەکێکە لەو ڕووداوانەی کە هەموو ساڵێک دەبێتە مژاری گەرمی چەواشەکارانەی مێدیاکان، ڕووداوی ٣١ ئابە. ئەم ڕووداوە لەلایەن مێدیاکانی یەکێتی و پەکەکەوە وەکوو خیانەت وێنا دەکرێت و هەوڵ دەدەن مێژووی پڕ لە خیانەت و تیرۆریزمی خۆیانی پێ بشارنەوە. گەرچی خەڵکی کوردستان دیرۆکی هەموولایەنەکان باش دەزانن، بەڵام دیسانیش پێویستە ڕاستییەکانی پشت ڕووداوی ٣١ی ئاب شی بکەینەوە. نەوەی نوێی ئێمە و نەوەکانی داهاتووش پێویستە ڕاستییەکان وەکوو خۆی بزانن و نەکەونە ژێر کاریگەری درۆ و چەواشەکاری ئەوانەی لە ١٩٦٦ەوە تا ئەمڕۆکە خەریکی خیانەت و فرۆشتنی کوردستانن.

-٣١ی ئابی ١٩٩٦ بۆچی ڕوویدا؟

ساڵی ١٩٩٦ کە قۆناغی سێیەمی شەڕی ناوخۆ گەرم ببوو، یەکێتی لە سۆران و پەکەکە لە بادینان و سووپای پاسدارانی ئێرانیش لە حاجی ئۆمەرانەوە لە هەموو جەبهەکانەوە هێرشیان دەکرد سەر پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان. هاوسەنگی هێز لە هەموو جەبهەکان نایەکسان بوو. یەکێتی و پەکەکە بە هاوکاری ئێران دوو بەرەی شەڕی فراوانیان ڕاگەیاند و بڕیاریان دابوو کۆتایی بە پارتی بهێنن.

پێش ئەمە لە ٢٨ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٦ سوپای پاسدارانی ئێران بە هاوکاری یەکێتی هاتنە سنووری سلێمانی و لە چیای هەیبەت سوڵتانەوە بە تۆپ و ڕۆکێت بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە کۆیە تۆپباران کرد. لە ئەنجامی تۆپبارانەکەدا ژمارەیەکی زۆری کادیر، ئەندام، ژن و منداڵ شەهید بوون. نووسەری بەناوبانگی فەڕەنسی کریس کۆجێرا لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی (بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و ویستی سەربەخۆیی)  لە بارەی ئەم هێرشەوە دەڵێت: “ئێران لەڕێگای سەدان کامیۆنی تۆپهەڵگری ١٣٠ ملم و ١٥٠ ملم، دەیان موشەکی جۆراجۆی کاتیۆشا و کەرستەی سەربازی، بەهاوکاری ٣٠٠ پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەم هێرشەی ئەنجامدا.”

ڕۆژی دواتر، لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٩٦، تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بە هاوکاریی یەکێتی، لە سماقولیەوە کەمپی جێژنیکانیان بۆردومان کرد، کە ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەوێ نیشتەجێ بوون.

پێش ئەم هێرشە ئێران بە فەرمی داوای لە پارتی کردبوو کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا هاوکاری سووپای پاسداران بکات. بەڵام پارتی ئەمەی ڕەتکردەوە.

لە کاتی ئەنجامدانی هێرشەکەدا پارتی بەیاننامەیەکی توندی دەرکرد و سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد. هەروەها لە کاتی گەڕانەوەی هێزەکانی ئێراندا، فەرماندەکانی سووپای پاسداران پلانیان دانابوو کە لەڕێگای حاجی ئۆمەرانەوە بگەڕێنەوە ئێران. چونکە لە ڕەواندز بارەگایەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و چەند ماڵباتێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێبوو، ئامانجیان ئەوە بوو هێرش بکەنە سەر ئەوانیش. بەڵام سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی فەرمانیان بە فەرماندەکانی پێشمەرگە کرد کە ڕێگە نەدەن بەهیچ شێوەیەک ئەم هێزەی سووپای پاسداران لە سنووری حاجی ئۆمەرانەوە بگەڕێتەوە ئێران. ئەم هەڵوێستانەی پارتی ئێرانی زۆر توڕەکرد، بۆیە ئێران بڕیاڕیدا تۆڵە لە پارتی بکاتەوە و بەهەموو شێوەیەک لە شەڕەکاندا پشتیوانی لە یەکێتی و پەکەکە بکات.

شەڕ لە هەموو جەبهەکاندا بەردەوام بوو و پارتی لە بارودۆخێکی دژواردا بوو. ئێران لە ڕێگای تۆپخانەکانیەوە لە هەموو میحوەرەکان یارمەتی یەکێتی و پەکەکەی دەدا. محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە بەرگی چوارەمی کتێبەکەیدا بەناوی (ڕۆژمێری پێشمەرگەیەک) دەنووسێت: “بارودۆخی پارتی زۆر خراپ بوو، هێزەکانیان شپرزە ببوون و نەیاندەتوانی شەڕ بکەن، چونکە تۆپخانەکانی سووپای پاسداران بە چاوساغی یەکێتی بەچڕی بۆردومانی هێزەکانی پارتیان دەکرد لە سنووری سیدەکان و حاجی ئۆمەران. کە ئەمەش بووە هۆی شەهیدبوونی سەدان پێشمەرگەی کوردستان.”

١٦ی ئابی ١٩٩٦ کە پارتی سەرقاڵی ئاهەنگی پیرۆزکردنی دامەزراندنی خۆی بوو، مام جەلال لە دەربەندیخان وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: “پێویستە فاتیحا لەسەر پارتی بخوێنن.” بۆیە یەکێتی و پەکەکە بەهاوکاری تۆپخانەکانی ئێران لە هەموو لایەکەوە هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر هێزەکانی پارتی. ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە و ئەندامانی پارتی شەهید بوون.

ڕۆژی ٢٠ی ئابی ١٩٩٦ لە جەبهەی قەسرێ و مامەڕووت تۆپخانەکانی ئێران بەچاوساغی یەکێتی سەنگەرەکانی پارتیان بۆردومانکرد، لە ئەنجامدا ١٤٠ پێشمەرگە شەهیدبوون و ٤٠٠ پێشمەرگەش بریندار بوون. ئەم هێرشە زەرەرێکی زۆری لە پارتی دا. دواتر هێزێکی یەکێتی بە هاوکاری ئێران لە قەڵادزێوە چوونە سەردەشت و دواتر لەوێوە چوونە کێلەشین، دواتریش چوون بۆ سیدەکان بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر پێشمەرگەکانی پارتی. ڕۆژی ٢١ی ئابی ١٩٩٦ شەڕێکی سەخت ڕوویدا و هێزەکانی یەکێتی شکان. ئەم شکستە وایکرد ئێران و یەکێتی و پەکەکە دژوارتر هێرش بکەن.

پارتی لەژێر فشارێکی زۆردابوو و بارودۆخ لە هەموو

میحوەرەکان دژوار ببوو. پارتی داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە بەڕوونی هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەم سنووربەزاندنەی ئێران دەرببڕن، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەبوو. سەرۆک بارزانی لە بەرگی پێنجەمی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا دەنووسێت: “ئەمەریکا و بەریتانیا هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو، تەنیا سەیری بارودۆخەکەیان دەکرد و وەک تەماشاکەر مانەوە. بەڵام ئێمە ئاگاداربووین کە تورکیا هەڕەشەی لە یەکێتی کردبوو کە ئەگەر پەکەکە بێتە ناو شەڕەکەوە، ئەوا تورکیا یارمەتی پارتی دەدات.”

بەهۆی ئەوەی کە ئێران بەفەرمی هاتبووە ناو شەڕەکەوە و پشتیوانی لە یەکێتی و پەکەکە دەکرد، حکوومەتی عێراق شاندێکی ناردە لای پارتی و ئامادەیی نیشاندا کە ئامادەیە هاوکاری پارتی بکات بۆ وەدەرنانی ئێران. پارتی بە حکوومەتی عێراقی ڕاگەیاند کە داواکە قەبووڵ دەکات بەڵام بەو مەرجەی کە دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەکە پێویستە یەکسەر هێزەکانی عێراق پاشەکشێ بکەن و نابێت بەهیچ شێوەیەک لەهیچ شوێنێک سنوور ببەزێنن.

ڕۆژی ٢٣ی ئابی ١٩٩٦ ڕۆبێرت پێلێترۆ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندی بە سەرۆک بارزانییەوە دەکات و داوای ڕاگرتن و کۆتایی پێهێنانی شەڕ دەکات. سەرۆک بارزانیش لە وەڵامدا بە پێلێترۆ دەڵێت: “هەمووتان بینیتان کێ ئاگربەستی پێشێل کردووە. هەروەها دەرکەوت کە ئێران ڕاستەوخۆ هاتووەتە ناو شەڕەکەوە و ئێوەش هیچ هەڵوێستتان نەبوو لەو بارەیەوە. ئێمە چاوەڕێ بووین هەڵوێستتان هەبێت بۆ ئەوەی دیاربێت کێ زوڵمی کردووە و ئێوە داوای ڕاگرتنی شەڕ لەوانە بکەن کە شەڕەکەیان هەڵگیرساندووە.”

ئەمەریکا بە وردی لەسەر هێڵ بوو و چاودێری بارودۆخەکەی دەکرد. شەوی ٣٠ لەسەر ٣١ی ئاب پێلێترۆ دووبارە تەلەفۆن بۆ سەرۆک بارزانی دەکات و پێی دەڵێت: “بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە مانگە دەستکردەکانەوە پێمان دەگات جموجۆڵ و جووڵەیەکی ناسروشتی لە باشووری هەولێر بەدی دەکرێن. ئایا بابەتەک بە چ شێوەیەکە و چییە؟ ئایا ئەگەری دەستێوەردانی عێراق هەیە؟”

سەرۆکی بارزانیش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: “کاتێک ئێران مافی ئەوەی هەبێت دەست بخاتە بابەتەکەوە، ئەی بۆ ئێراق ئەو مافەی نەبێت؟ مانگە دەستکردەکانی ئێوە جووڵەی هێزەکانی عێراق لە باشووری هەولێر دەبین، بەڵام ئەی بۆ جووڵەی هێزەکانی ئێران نابینن کە لە سنووری کێلەشین و جەبهەکانی دیکەوە بە تۆپخانە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانمان؟”

پێلێترۆ بە سەرۆک بارزانی دەڵێت: “چ گەرەنتییەک هەیە کە سووپای عێراق جارێکی دیکە پاشەکشێ بکات؟”

سەرۆک بارزانیش وەڵام دەداتەوە: “بە کاتی دێن و گرەنتیمان وەرگرتووە کە دوای تەواوبوونی هێرشەکە دەکشێنەوە.”

بەرەبەیانی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ هێزەکانی پارتی هێرشێکی سەرتاسەریان لە دژی یەکێتی و ئێران لە چەند جەبهەیەکەوە دەستپێکرد. لە هەولێر هێزەکانی یەکێتی تووشی شکستێکی گەورە بوون و نەیانتوانی خۆیان لە بەرانبەر پێشمەرگەکانی پارتیدا ڕابگرن. بۆیە هەر زوو ڕایانکرد و هەولێر ئازادکرا و کەوتە دەست هێزی پێشمەرگە. هەروەها ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە و سەرکردەی یەکێتی خۆیان ڕادەستی هێزەکانی پارتی کرد. هەروەها ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام بوو و هێزەکانی یەکێتی لە سلێمانی و ناوچەکانی دیکەش ڕایانکرد و چوونە نێو خاکی ئێرانەوە. دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەکە هێزەکانی عێراق پاشەکشەیان کرد و بەپێی ڕێککەوتنەکە گەڕانەوە شوێنی خۆیان.

پارتی، کوردستانی لە ئێران و جاشەکان پاک کردەوە، هاوسەنگی هێزی گۆڕی و قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد. پارتی لەم هاوکێشەیەدا توانی داگیرکەرێکی کوردستان بەکاربهێنێت بۆ وەدەرنانی داگیرکەرێکی دیکە لە خاکی کوردستان. ئەمە لە سیاسەتدا پێی دەگوترێت سیاسەتی دەرکردنی دوژمن بە دوژمن.

-ئەنجام و دەستکەوتەکانی ٣١ی ئاب چین؟

دوای ٣١ی ئاب قۆناغێکی نوێ لە ژیانی خەڵکی کوردستان و بە تایبەتیش خەڵکی شاری هەولێر دەستی پێکرد. قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتن و بونیادنان. هەروەها لە ڕووی دیبلۆماسیەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە کوردستان هەنگاوی زۆر گەورەی نا و چووە قۆناغێکی دیکەوە. بوژانەوەیەکی گەورە لە هەموو بوارەکاندا دەستی پێکرد و سەردەمێکی نوێ هاتە ئاراوە.

هەروەها لەڕووی سیاسەتی نێودەوڵەتیەوە کۆمەڵێک وەرچەرخانی نوێ ڕوویاندا.

نموونە: لەسەر داوای ئەمەریکا و بەریتانیا سەرۆک بارزانی سەردانی تورکیای کرد. لەوێ لەگەڵ رۆبێرت پێلێتۆ یاریدەدەری وەزیرەی دەرەوەی ئەمەریکا و فرانک بەیکەر جێگری باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەنقەرە و جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.

فۆڵکێر یاریدەدەری ئەوکاتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی کوردستانی کرد.

جۆن مێجەر سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا وەڵامی نامەیەکی سەرۆک بارزانی دەداتەوە و لە نامەکەدا جەخت لەسەر بەرقەرابوونی ئاشتی لە ناوچەکە و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان دەکات.

میسیۆ نۆدینۆ جێگری باڵیۆزی فەڕەنسا لە بەغدا سەردانی کوردستان دەکات و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک بارزانی پشتگیری فەڕەنسای بۆ سیاسەتی پارتی و ئارامی و ئاسایش و مافەکانی گەلی کورد دووپات دەکاتەوە.

لە سیاسەتدا دەرئەنجام گرنگە، دەرئەنجامەکانی ٣١ی ئابیش ئەو ئارامی و سەقامگیریەیە کە ئەمڕۆ لە کوردستان هەیە.

ئەو دەستکەوتانەی کە ئەمڕۆ لە کوردستان هەن دەرئەنجامی ئەو سیاسەتەن کە پارتی لە ٣١ی ئابدا ئەنجامیدا. ئێران ئامانجی ئەوە بوو هەولێر بکاتە ناوەندی چالاکییەکانی خۆی بۆ ئەوەی ئاسانتر بگاتە وڵاتانی خەتی هیلالی شیعی. بەڵام پارتی ئەم خەونەی ئێرانی تێکدا.

خەڵکی هەولێر پێش ٣١ی ئاب لەژێر زوڵمی یەکێتیدا بارودۆخیان زۆر خراپ و دژوار بوو. زوڵم، دزی و کاری خراپ لە ئاستێکی بەرزدا بوو. هێزەکانی یەکێتی ماڵی خەڵکیان تاڵان دەکرد و سەیارەی خەڵکیان دەدزی. ئێستاش خەڵکی هەولێر باس لەوە دەکەن کە چۆن لە ترسی چەکدارەکانی یەکێتی سەیارەکانیان دەبردە سەربانی خانووەکانیان بۆ ئەوەی لێیان نەدزن. ئەوەی یەکێتی پێش ٣١ی ئاب لە دژی خەڵکی هەولێر ئەنجامیدەدا، هەمان ڕەفتاری ڕژێمی بەعس بوو لەدژی خەڵکی شارەکە، هەتا خراپتریش بوو.

ئەمڕۆکە چەتەکانی یەکێتی و تیرۆریستانی پەکەکە کاتێک ٣١ی ئابی ١٩٩٦ وەکوو خیانەت پێناسە دەکەن لەبەر ئەوەیە کە پلانی ئێران سەرکەوتوو نەبوو بۆ داگیرکردنی هەولێر. ئەوان خەونیان بەوەوە دەبینی کە بە هاوکاری ئێران هەولێر داگیربکەن و کۆتایی بە پارتی بهێنن. بەڵام سەرۆک بارزانی گوتەنی: پارتی داربەڕووی کوردستانە، بە بڕین و سووتاندن کۆتایی نایەت.

پێویستە پارتی هاوشێوەی ٣١ی ئابی ١٩٩٦، دوو ٣١ی ئابی دیکەشی لە قەندیل و سلێمانی ئەنجامبدات بۆ ئەوەی لە تەواوی کوردستان ئاشتی بەرقەرار بێت و کوردستان لە تیرۆریست و خایین و چەتەکان پاک ببێتەوە.

٣١ی ئابی مێژوویی لە هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆزبێت.

پوستێن ھەمان بەش