لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووکدا: کێ سەرکەوت و کێ دۆڕاندی؟

لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووکدا: کێ سەرکەوت و کێ دۆڕاندی؟

لە ڕاستیدا ئەوە ئێران بوو کە لە کەرکووکدا سەرکەوت و سەرکەوتنی ئێرانیش بەو مانایە دێت کە کورد سوودمەند نابێت.

دیاریکردنی حکومەتی خۆجێی کەرکووک و ئەو قەیرانەی لەدوای 13ی تەباخ و دانانی ڕێبوار تەها سەریهەڵداوە، چووتە قۆناخێکی دیکەوە. قەیرانەکەی پێشوو نەک کۆتایی نەهاتووە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە قۆناخێکی نوێی قەیران دەستی پێکردووە. چونکە پرسی کەرکووک، پرسێکی گەورەترە لە هەڵبژاردنی پارێزگار. زۆرێک لە ئەکتەرە ئیقلیمیەکان و بەشێک لە لایەنەکانی کوردستان دەیانهەوێت کێشەی فرەڕەهەندی کەرکووک، تەنها لە کێشەیەکی ئیداریدا بچووک بکەنەوە بۆ ئەوەی قووڵایی و گەورەیی پرسەکە بشارنەوە. بە واتایەکی تر دەیانهەوێت پرسی کەرکووک تەنها وەکوو هەڵبژاردنی پارێزگار مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بەڵام پرسی کەرکووک تەنها کێشەیەکی ئیداری نییە، بەڵکوو لە ڕآستیدا پرسی کەرکووک پرسێکی سیاسی و ستراتیژییە. ئەوە دروست نیە کە ئەگەر ئێستا کوردێک لەسەر کورسیی پارێزگار دانیشتبێت، ئیدی بەو مانایە دێت کە کورد لە کەرکووک سەرکەوتوون، نابێ مەسلەکە بەوشێوەی ببیندرێت و شرۆڤە بکرێت. بۆ ئەوەی پرۆسەی دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک بەشێوەیەکی دروست شیبکەینەوە، پێویستە سەیری پانتاییەکیگەورەتر لە پارێزگاری کەرکووک بکەین و قۆناغێکی فراوانتر وێنا بکەین. بەم شێوەیە دەتوانین پەیوەندی شاراوە و پشتپەردەی ئێران لە هەڵبژاردنی حکومەتە خۆجێیەکانی عێراق لە هەڵبژاردنەکانی 18ی کانوونی ساڵی 2023دا ئاشکرا بکەین.

کورد، سوننە و کریستیانەکانی سەر بە ئێران لە عێراقدا

ئەو بۆچوونەی کە ئێران، عێراقی وەکوو باخچەی خۆی دیزاین کردووە، ڕوانگەیەکی شاراوە نییە. سەرەتا ئێران شیعەکانی عێراقی بەپێی بەرنامەکەی خۆی دیزاین کرد. بەڵام گەلانی دیکە، واتە عەرەبی سوننە، کورد، کریستیان و هتد…، سەرەڕای کێشە ناوخۆییەکانیان، هەڵوێستێکی یەکگرتووانەیان لە دژی قەوارەی ناوەندگەرایانەی عێراق نیشان دا. ئەمەش ڕێگەی نەدا ئێران بەو شێوەیەی کە بۆخۆی دەیهەویست بە لەز و بە عێراق بەڕێوە ببات. هەر بەو هۆیەشەوە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی پرۆسەی دابەشکردن و پۆلێنکردنی گرووپە مەزهەبی و ئیتنیکیەکانی دیکەی لە عێراق دەستیپێکرد و بەشێکی لە بەردەم جامی ویترینەکەی دانا. ئەم پرۆسەیەشی لە دوای ساڵی 2012دا بەرە بەرە خێراتر کرد.

تاران لەناو سەرجەم پێکهاتەکانی عێراقدا دەستی بە بنیاتنانی گروپێکی نزیک لە باڵی ئێران کرد و هەموو هێزی خۆی تەرخان کرد بۆ ئەوەی لە ناوخۆ و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا شەرعییەت بە گرووپەکانی خۆی لەناو ئەو پێکهاتانەدا بدات.

ئێران ئەم پلانەی بە سێ قۆناغ جێبەجێ کرد:

1- جیاکردنەوەی کۆمەڵێک عەرەبی سوننە بە بەرتیل و ئیمتیازاتی دارایی و ئەمنی.

2- لە نێو کورددا هەریەک لە یەنەکە و پەکەکەی لە دژی حکوومەتی هەولێر ئەرکدار کرد.

3- لە ناو کریستیانەکاندا، بزووتنەوەی بابلیۆنی وەکوو هێزێکی سەر بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ڕەیان کلدانی سەرۆکی بابلیۆنی وەک کەسایەتییەکی سیاسی بەرجەستە کرد.

بۆیە لە ڕاستیدا ئێران زیاتر لە 10 ساڵە هەوڵی زۆر دەدات بۆ ئەوەی کە کورد و سوننە و مەسیحییەکانی لایەنگری خۆی لە عێراقدا بخوڵقێنێت. بە جۆرێک دەکرێ بڵێین ئەو قەوارانەی کە ناسنامەی حەشدی شەعبی قبوڵ دەکەن، دەیانەوێت ببنە قەوارەیەکی بەهێز و شەرعی لە عێراقدا. بۆ نمونە ڕەیان کلدانی نانەوا بووە و تا ئەو کاتەی کە پەیوەندیی بە حەشدی شەعبیەوە کردووە، بەڵام ئێران ئەوی کرد بە خاوەن ناسنامەیەکی سیاسی. ڕەیان لە بەرامبەر پێکهاتەی ئاشووری ـ سوریانی کە حەشدی شەعبییان قبووڵ نەکرد، وەک ئاکتەرێکی سیاسی بەهێز کرا و کردیان بە ئاڵترناتیڤێک بۆ مەسیحیەکان. هەروەها دامەزراوەکانی پەکەکە لە بەغدا سوود لە ئیمتیازاتی دامودەزگاکانی دەوڵەت وەردەگرن و بەشێکن لە هەمان پرۆسە.

“پەنجەی ئێران” لە پرۆسەی دیاریکردنی حکوومەتە خۆجێیەکانی عێراق: مووسڵ، دیالە، سەڵاحەدین

لەبەرئەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک پرسێکی جەماوەری و هەستیارە لای کورد، تەنها ئەو کەسە لەبەرچاو دەگیردرێت کە لەسەر کورسیی پارێزگار دانیشتووە. بەڵام لە سەرەوە باسمان لە پڕۆسەی 12 ساڵەی ئێران کرد کە عەرەب و کورد و ئاشوورییەکانی لایەنگری خۆی دەخوڵقێنێت. بە تایبەتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا کە لە مانگی کانوونی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو، ئێران دەستی کرد بە چنینەوەی بەرهەمی پیلان و هەوڵەکانی کرد.

جگە لە ناوچە شیعەکان کە کاریگەری ڕاستەوخۆی ئێرانیان لەسەرە، هەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و هەمیش هەڵبژاردنی پارێزگارەکان لە هەموو شوێنێک ئاڵۆز بوو، بەتایبەتی لە مووسڵ و دیالە و سەلاحەدین. ئێران لەو شوینانەدا وەک دەستێکی شاراوە مامەڵەی کرد و پرۆسەکەی ئۆرگانیزە کرد.

بۆ نموونە لە مووسڵ ئێران نەیتوانی ناوی ئەو ناوانە بهێنێت کە دەیهەویست دەریانبچوێنێت، بەڵام دوای هەڵبژاردنەکان گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی وەکوو یەنەکە و مەسیحی و ئێزدی و شەبەک و تورکمانەکانی لە دەوری یەک کۆکردەوە. کاتێک ئەمەش بەس نەبوو بۆ ئەوەی کە ئێران قەوارەی دڵخوازی خۆی دروست بکات، بۆ ئەوەی کە محەممەد حەلبوسی سیاسەتمەداری سوننەی بخاتە نێو هاوپەیمانییەکەیەوە، بەڵێنی پێدا کە ئەو ناوەی ئەو پێشنیاری بکات لە پەرلەمانی عێراق دابنرێت. بەم شێوەیە ئێران لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵیشدا بوو بە خاوەن کاریگەری.

لە دیالە پرۆسەیەکی جیاواز ڕوویدا. ئەمجارە ئەو عەرەبە سوننانە کاندید کران کە لە دژی حەلبوسی، هاوکارییان لەگەڵ سیاسەتمەداری شیعە نوری مالیکیدا کردبوو. وەکوو دەرکەوت یەنەکەش بەهەمان شێوە پەیوەندی بە پڕۆسەکەوە کرد و گرووپی ئێرانی سەرکەوت.

پرۆسەیەکی هاوشێوە لە سەلاحەدین بەڕێوەچوو و پارتی کۆمەڵگەی نیشتمانی کە دژایەتی حەلبوسی دەکرد و کەگەڵ شیعەکان هاوپەیمان بوو، پۆستی پارێزگاری بەدەستهێنا.

لە کەرکووک کێ سەرکەوت؟

پرۆسەی دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک جیاواز نەبوو لە هەموو پارێزگاکانی دیکە. ئەمجارە شەڕێکی نهێنی لە نێوان ئێران و تورکیا و عێراقدا ڕوویدا.

بەر لە هەر شتێک پلانێک هەبوو کە لە سەردەمی هەڵبژاردندا دەستی پێکردبوو. ئێران دەیگوت ئەگەر کورد زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت، با هیچ نەبێ ئەو کوردانە سەربکەون کە لەژێر کاریگەریی تاراندان، بۆیە ئێران پشتگیریی لە یەنەکە کرد. لە هەڵبژاردنەکەدا یەنەکە 5 کورسی و پەدەکە 2 کورسیی بەدەستهێنا. بەو پێیەی یەنەکە هەر لەسەرەتاوە دەیزانی هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لەوەی کە بەپێی ئەجێندای ئێران مامەڵە بکات، بەردەوام پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووکی درێژکردەوە و ئامادە نەبوو هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ پەدەکە قبووڵ بکات. با بەم شێوەیە ڕوونی بکەینەوە: ئێران ڕێگەی نەدا یەنەکە هاوپەیمانەتی لەگەڵ کورد دروست بکات.

پارێزگاری کەرکووک بە شێوازی چەتەکان لە کۆبوونەوەی هۆتێل ڕەشیددا دیاریکرا

بێ گومان پێکهاتە عێراقەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران زۆر چالاک بوون. ڕەیان کلدانی، بەرپرسی بزووتنەوەی بابلیۆنی حەشدی شەعبی، تورکمانەکانی نزیک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، عەرەبە خاوەن ئیمتیازەکان و بێگومان بە یەنەکەشەوە، بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کرد.

بەڵام ئەم کۆبوونەوەیەی چەتەکان بە پێی یاسا فەرمیەکان ئەنجامدرا.

دوای ئەوەی بە وردی سەیری ئەم دیمەنانەمان کرد، با دیسان بپرسین: کێ لە کەرکووک سەرکەوت؟ بێگومان ئێران.

ئایا دەوڵەتی ئێرانیش کۆلۆنیالیست نییە؟

چونکە کورد لە ڕوانگەیەکی سۆزداریەوە سەیری پرسی کەرکووک دەکات، تەنها سەیری ئەوە دەکا کە ناوی پارێزگاری کەرکووک دەبێ کوردی بێت. ئەو کەسەی کە لەسەر کورسیی پارێزگاری کەرکووک دانیشتووە کوردە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئیرادەی کورد لەوێ دەسەڵاتدارە. نەخێر، لە ڕاستیدا ئێران لەوێ سەرکەوت. مەرجەکانی ڕێککەوتنی یەنەکە لەگەڵ ئێران، کوردی لاواز کردووە، بەڵام مەسەلەکە تەنها ئەوە نییە، بەڵکوو یەنەکە وەکوو ئەو لایەنەی کە زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، ئەرکی جێبەجێکردنی ئەجێندای ئێرانی لە کەرکووک پێ ئەسپێردراوە. لە بنەڕەتدا پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک پێداگری ئێران بوو لەسەر کاندیدەکەی خۆی، بۆیە بە ستراتیژێکی درێژخایەن مامەڵەی کرد و بە وردی ئەم پرۆسەیەی بەڕێوەبرد و سەرکەوتوو بوو.

بەڵێ تورکیاش لە کەرکووک پلانێکی هەبوو. بەڵام پلانەکەی ئێران سەرکەوت. خۆشیی کورد تەنها چونکە پلانی تورکیا لە کەرکووک سەرنکەوت، بێمانایە. نووسەرانی باڵی شیعە وەک فەهیم تاشتەکین بە ئەنقەست لەم بابەتەدا چەواشەکاری دەکەن. هەروەها کەسانی نیوەڕۆشنبیری کورد وەک ئیبراهیم خەلیل باران، لە نێو قەرەباڵغی وتاردەرەکاندا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کورد لە کەرکووک سەرکەوت. نەخێر، لە ڕاستیدا ئەوە ئێران بوو کە لە کەرکووک سەرکەوت. سەرکەوتنی ئێران بەو مانایە دێت کە کورد سوودمەند نابێت. کاتێک سەیری هەڵوێستی ئێران دەکەین بەرامبەر بە کورد لە سەد ساڵی ڕابردوودا، ئەو ڕاستیەمان بە ڕوونی بۆ دەردەکەوێت. ئێران لانیکەم بەقەد تورکیا دژە کورد و هێزێکی ستەمکار- کۆلۆنیالیستە. هێرشی ئێران بۆ سەر عێراق کە چارەنووسی عێراق دیاری دەکات، لاپەڕەی پرۆسەیەکی تاریک و ئاڵۆزی ناوخۆیی بۆ کورد و دەوڵەتی عێراق کردەوە.

ئێران هەرگیز ئاشتی، ئارامی و سەقامگیری و یەکسانیی بۆ هیچ دەڤەرێک نەبردوە، کەواتە چۆن بۆ کەرکووک و عێراقی دەبات.

پوستێن ھەمان بەش