پێشمەرگایەتی، ڕێبەری، ڕێباز و سەرۆک مەسعوود بارزانی

1111

سەرۆک ئەو کەسەیە کە لە ڕێگای ئازادی و سەربەخۆبوونی گەلەکەیدا خۆی لە هیچ فیداکارییەک نابوێرێت.

بووبێ ئەسەر

ڕۆڵ و ئەرکی سەرۆک و رێبەران بە کار و خەباتیان، بە ڕوانگە و بۆچوونەکانیان، بە هەڵوێست، کردار و خزمەتەکانیان دەناسرێنەوە و قبووڵ دەکرێن.

سەرۆک ئەو کەسەیە کە لە ڕێگای ئازادی و سەربەخۆبوونی گەلەکەیدا خۆی لە هیچ فیداکارییەک نابوێرێت و لەناو گەل و هەڤاڵانیدا سەرپەرشتی سەرجەم ڕێگا و ڕێبازی ئازادیی وڵاتەکەی دەکات.

سەرۆک و سەرۆکایەتی ئەوەیە کە لە خەباتی وڵاتەکەتدا خاوەنی ڕێبازێک بیت کە لەسەر هێڵی نەتەوەیی، ئازادیی گەلەکەیان دەستەبەر بکەن. هەڵبەت بەدەستهێنانی ئەوە شتێکی ئاسان نییە کە هەر کەسێک بتوانێ سەرۆکایەتی گەلەکەی بکات.

چونکە سەرۆکایەتی گەل بوێرییە، ڕێگای ڕاستە، خاوەن هەڵوێستی نەتەوەیی و ئامادەییە بۆ تەرخان کردن و فیداکرنی هەموو ژیانی خۆی لە پێناوی ئازادیی گەلەکەیدا. سەرۆکایەتی هەبوون لەناو گەلەکەی خۆی و لەگەڵ خەڵکەکەی ژیانە.

هەر بۆیە ئێمەی کورد خاوەنی شانسێکین کە سەرۆکێکی وەک مەسعوود بارزانیمان هەیە و وەکو سەرۆکی کوردان دەناسرێت. هەڵبەت جەنابیان بە خەبات و ماندوو بوونی خۆی، بە بەرخۆدان و تێکۆشانی خۆی، بە زانابوون و دووربینیی خۆی و بە پێی دەستوور و بەرنامەی ڕێبازی پیرۆز، خۆی لە نێو گەلەکەیدا جێخستووە. جەنابیان بەو زانیارییانەی کە هەیەتی تاوەکو لە ژیاندا بێت، لە پێناو گەلەکەیدا کار و خەبات دەکات، کردوویەتی و دەشیکات.

کاتێک کە مێژووی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی دەخوێنینەوە یان لێی دەکۆڵینەوە، دەزانین و فێر دەبین کە هەمیشە ویستوویەتی وەک پێشمەرگەیەک بژی. چونکە جەنابیان دەزانن کە پێشمەرگایەتی پلەیەکی چەند بەرز، پیرۆز و بە نرخە.

پێشمەرگە ئەو کەسانەن کە گیانی خۆیان لە پێناو ئازادیی وڵاتەکەیان دەبەخشن و دەبنە گیانفیدا. ساڵانێک خەبات دەکەن بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان ئازاد بکەن تاکو گەلەکەیان بە سەربەستی بژین. پێشمەرگایەتی پلەیەکی وەهایە کە پیرۆزی و نرخەکەی لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، لەبەر ئەو پیرۆزیانەی پێشمەرگەیە کە سەرۆک مەسعود بارزانی هەمیشە دەیهەوێت وەکوو پێشمەرگە بژیت.

بەڵام هەندێک جار بە هۆی کار و خەباتیان، گەل وخەڵک هەندێک دیاری، شەرەف و بەها بەو کەسانە دەبەخشن کە ژیانی خۆیانیان بۆ ئەوان تەرخان کردووە یان دەیکەن.

چونکە سەرۆک بارزانی یەکێکە لەو کەسانەی کە حزبەکەی، گەلەکەی، خەڵک و هەڤاڵەکانی وەک سەرۆکی خۆیان قبووڵیان کردووە، ئەمە وەک پاداشتێکی گەل وایە بۆ سەرۆک مەسعوود بارزانی.

گەلەکەی لە سەرکردایەتی ئەو دڵنیان، هەربۆیە کە پێشکەشی جەنابیانی کردووە. گەلەکەی دەزانێت کە ئەو هەرگیز بەرژەوەندی گەلەکەی پێشێل ناکات ولە ژیانیدا پێش هەموو شتێک بەرگری و خاوەندارێتی لە نەتەوەکەی و خەڵکەکەی دەکات.

هەر بۆیە دەڵێم: سەرۆک ئەو کەسەیە کە تەمەنی خۆی بۆ ئازادیی وڵاتەکەی دەدات و ئازادییەکەی دەبینێت. ئەوە زۆر خۆشە و شتێکی وا بە نسیبی هەموو سەرۆکێک نابێت. بەڵام بەڕێز سەرۆک مەسعوود بارزانی بە خەباتێکی دوورودرێژ، لەتەمەنێکی زۆر، ئەو ڕۆژە خۆشەی بینی.

جەنابیان بە بەرخۆدانێکی بێهاوتا و بە باوەڕی نەتەوەیی، بە پێی ڕێبازی پیرۆز، ئەمڕۆ ئەو بەرهەمەی واتا کوردستانی ئازادی بە دیاری بەخشیوە بە گەلەکەی. خۆشترین شت ئەوەیە کە مرۆڤ دوای ئازادی، گوڵ و شکۆفەکانی نیشتمانەکەی بە ئازادی بۆن بکات، لەناو خەڵکەکەیدا بە ئازادی و سەربەستی بگەڕێت، ئێش و ئازار و خۆشییەکانیان هەست پێبکات و لەگەڵیان بەشدار بێت.

ئەمڕۆکە هەبوونی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی بۆ ئێمە شانسێکی گەورەیە و خۆشییەکی بێهاوتایە. هەم جەنابیان بەو خۆشییەوە دەژی و هەمیش گەلەکەی شانازیی بە بوونی ئەوەوە دەکەن.

سەرۆک مەسعود بارزانی لە منداڵییەوە لەبەر مەجبووری و لە پێناو ئازادی گەلەکەیدا دەستی دایە چەک و لە بەرامبەر دوژمنەکەیدا شەڕی کرد و لە سایەی ئەو شەڕەوە  ئەمڕۆ کورد بوەتە خاوەنی وڵاتێکی ئازاد.

ئەمڕۆش جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی بە نووسینەوەی مێژووی گەلەکەی، کورد وشیار و ئاگا دەکات تا مێژووی ڕاستەقینە فێر ببن و بزانن  چەند کارەسات و تۆفان و بەرخۆدان بینراون و کراون.

سەرۆک مەسعوود بارزانی نەک هەر بەخەباتی چەکداری لە دژی دوژمن ڕاوەستا، ئێستاش بە نووسینی مێژووی گەلەکەی، شەوەزەنگەکەیان بۆ ڕوون دەکاتەوە. هەڵە و درۆی داگیرکەران لەقاو دەدات کە مێژووی کوردیان چەواشە کردبوو. چونکە جەنابیان دەزانێت کە گەلێک مێژووی خۆی نەزانێت و نەیناسێت، زەحمەتە ئازادی بەدەست بهێنێت.

ئێمە وەکوو کورد، سوپاسگوزاری سەرۆکمان مەسعوود بارزانین کە وڵاتەکەی لە ڕێگەی شەڕی چەکدارییەوە ڕزگارکرد و بە نووسینی مێژوو، خەریکە وا دەکات نەوە نوێیەکان، گەنجانی وڵاتی ئازاد، مێژووی خۆیان بزانن…

ئەمڕۆ ئێمەی کورد شانسێکی زۆرمان هەیە کە یەکێک لەکۆڵەکە بنەڕەتییەکانی ڕێبازی پیرۆز وەکو سەرۆک مەسعوود بارزانی لە ژیاندایە. مێژووی گەلەکەمان بۆ دەنووسێت. لە هەموو وتار و کۆبونەوەیەکدا پێشڕەوی کوردان دەکات. هەروەها جەنابیان، ئەمڕۆ لە بەرەی نێونەتەوەییدا وەکو سەرۆکی کوردان پێناسە دەکرێت، دەناسرێت و خۆشەویستە…

تێبینی: ساڵیادی شۆڕشی ئەیلول لە گەلی کورد پیرۆز دەکەم. دەڵێم: ئەگەر ئەو شۆڕشە نەبوایە، ئەمڕۆ کورد لەسەر ڕووی ئەم دونیایە نەدەبوو. بەڵام ئەمڕۆ ئێمە وەک کورد لە سایەی ئەو شۆڕشەوە لە باشووری کوردستان دەوڵەتی خۆمان هەیە. خاوەندارێتیکردن لە شۆڕشی ئەیلول، ئەرکێکی نەتەوەییە.

پوستێن ھەمان بەش