گەر پەکەکە نەمێنێت، درۆ هەتیو دەکەوێت

گەر پەکەکە نەمێنێت، درۆ هەتیو دەکەوێت

ئەو کەسانەی پەیڕەوی لە ئۆجەلان دەکەن، ناتوانن بەرگری لە بەها نەتەوەییەکان بکەن و وەک سەرۆکەکەیان بازرگانی بەم بەهایانەوە دەکەن.

مەمەت مێردینی

هێرشەکان بۆ سەر قەوارەی باشووری کوردستان و دامەزراوە فەرمییەکانی تاکە حکومەتی کوردان، واتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوامن. ئەو هێرشانە خۆیان لە چوارچێوەی هێرشە سەربازی و میدیاییەکان دەبیننەوە. هێرشی سەربازی لەلایەن دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکانەوە بە پاڵپشتی میدیای هەندێک رێکخراوی بەکرێگیراو ئەنجام دەدرێن. هەندێک لەو رێکخراوانەی کە خۆیان بە کوردستانی ناو دەبەن، لە داگیرکەران زیاتر هێرش دەکەنە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت بە هەر هەر شێوەیەک بێت ئەو قەوارەیە لەناو ببەن. پێشەنگترین ڕێکخراو لەو بوارەدا پەکەکەیە. پەکەکە هیچ رێگایەک نەما کە بۆ لاواز کردن، ناشرین کردن و لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی کە زیاتر لە 100 ساڵە جێپەنجەیان بە مێژووی ڕزگاریخوازانەی کورد و کوردستانەوە دیارە، نەیکات. لەم دواییانەدا لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا، پەکەکە لە میدیاکانی خۆیدا دەستی بە دروستکردنی بەرنامەیەکی تازە کرد بە ناوی “دەستێن تاری” کردووە و لە یەکێک لە کەناڵەکانیدا بەناوی “رۆناهی” بڵاوی دەکاتەوە.

لە یەکەم ئاڵقەی ئەم بەرنامەیەدا مرۆڤ دەتوانێت هەموو ئاڵقەکانی دیکە بهێنێتە بەرچاوی خۆی. ئەم بەرنامەیە تەنیا بۆ ڕەشکردنی حکومەتی باشوور و دامەزراوە فەرمییەکانی دروستکراوە و ئەوەی دوژمنانی کورد ناتوانن بیکەن، پەکەکە دەیکات. پەکەکە بەهێرشکردنە سەر دەزگاکانی ئاسایشی باشووری کوردستان، تەنها ئەو ئەرکە جێبەجی دەکات کە دوژمنان پێیان ئەسپاردووە. ئەو ئەرکە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا لە ژوورە تاریکەکانی دەوڵەتی قووڵ و پشتپەردەی تورکەوە بۆ ئەوان دەستنیشان کراوە، واتە ئەرکی بەرگریکردن لە داگیرکاری.

گەلۆ ڕاستیی ئەو کەسانەی دەستگیر کراون چییە و ئەوانە کێن؟

پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان 4 گەنج کە پێشتر لەناو ڕیزی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا بوون، دوای ئەوەی کە چوونەتە باشوور و جارێکی دیکە گەڕانەونەتەوە ڕۆژاوا، دەستبەسەری کردوون و وەکوو سیخوڕی پاراستن و میت دەیانناسێنێت و  بەرپرسیارەتی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا دەخاتە ئەستۆی ئەوان. ئەو گەنجانە هەر لەو بەرنامەیەدا ئیعتراف دەکەن کە پێشتر لەناو ڕیزەکانی “هەسەدە”دا بوون و دواتر لەبەر هەندێک گرفت لە ڕۆژئاواوە ڕوویان کردۆتە باشوور. بەڵام بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بەوان نادرێت کە باسی ئەو کیشانە بکەن کە بووەتە هۆکاری ئەوەی لە هەسەدە جیا ببنەوە و بچنە باشوور، چوونکە بە ئاشکرا کردنی ڕاستییەکان، ئەو بەرنامە تایبەتیەیان تێکدەچێت.

ئەو گەنجانەی کە وەک سیخوڕ پیشان دەدرێن لە ڕاستیدا لە لایەن خودی پەکەکەوە مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە و ساڵانێکە لە ڕیزەکانی هەسەدەدا بوون و مەشقی سیاسی و سەربازییان وەرگرتووە. دوور نییە لەلایەن چەتەکانی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکەوە هەر لە سەردەمی منداڵیدا ڕفێنرابێتن و بە زۆر چەکدار کرابن، هەربۆیە ناچار بوون کە لە ڕۆژئاڤا هەڵبێن. نیشاندانی ئەوان وەکوو سیخوڕ کە “پاراستن” بۆ “میت”ی دروست کردوون، لە درۆیەکی گەورە زیاتر هیچی دیکە نییە. پەکەکە دەیهەوێت بەم بەرنامەیە تۆڵەی خۆی بکاتەوە. لەبەر ئەوەی کە ئەوان ڕۆژئاڤایان بەجێهێشتووە و ئەرکە سەربازییەکانیان جێبەجێ نەکردووە، دەیهەوێت سزایان بدات. بەڵام سزادانی بەشێک لە لاوانی کورد بەم شێوەیە زۆر بێ ئەخلاقانەیە. لە لایەکی دیکەشەوە دەیانهەوێت وەک ئامرازێکی دیکە بۆ ڕەشکردنی پەدەکە و بارزانیەکان بەکاریان بهێنن.

پەکەکە لەم بەرنامەیەدا پرسیارێکی زۆر سەیر دەکات و حزووری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرینی داگیرکراودا، وەکوو خیانەتێک پیشان دەدات و دەپرسێت: “ئەو دەزگایەی بە ناوی خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین چی دەکات؟” خۆی لەخۆیدا هەمووان دەزانن کە ئەو دامەزراوەیە لە عەفرین چی دەکات، بەڵام من جارێکی دیکە وەبیری پەکەکەی دەهێنمەوە کە ئەو دەزگایە، کەی و بۆچی هاتۆتە ناو عەفرین.

هەمووان دەزانن لە کاتی کارەساتی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ هاوکاری براکانی، خۆی گەیاندە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان. ئەو دەزگا خێرخوازییە، بریندارەکانی لە ژێر دار و پەردووی خانووە ڕووخاوەکاندا هێنایە دەرەوە، ئاو و نان و خواردن و پێداویستی پزیشکی و هتد…ی گەیاندە بنەماڵە زیانلێکەوتووەکان و سەرلەنوێ ژیانی بۆیان گەڕاندەوە. دیمەنەکانی ئەوکاتە هێشتا لە زەیین و بیری هەموو تاکێکی کوردا ماون، بەڵام پەکەکە بە خەیاڵی خۆی پێیوایە بە پرسیارێکی لەم جۆرە دەتوانێت ئەو بابەتانە لە مێشکی گەلدا لێڵ و ئاڵۆز بکات و بیسڕێتەوە.

لە عەفرین کە پەکەکە بە خیانەت ڕادەستی دەوڵەتی تورک و میلیشیا داگیرکەرەکانی بەکرێگیراوی یتورکیای کرد، جگە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هیچ دامەزراوەیەکی دیکە نییە کە بتوانێت یارمەتی خەڵکی عەفرین بدات. ئەمەش شتێکە کە پەکەکە زۆری لێدێت. پەکەکە لەباتی پرسیاری لەم شێوەیە و هۆنینەوەی درۆ و چەواشەکاری، با ڕێگایەک بۆ ڕزگارکردنی عەفرین بدۆزێتەوە. هەرچەندە هەمووان دەزانن کە پەکەکە نە وەها ڕێکخراوێکە کە بتوانێت کارێکی وا گەورە بکات و نە دەشیهەوێت بیکات، چونکە پەکەکە تەنها دەتوانێت ئەو کارانە بکات کە داگیرکەران پێیان دەسپێرن، وەکوو پەلاماردانی لایەنە نیشتمانپەروەرەکان و ڕەشکردنی کەسایەتی و ڕێکخراوە نەتەوەییەکانی کورد. لە ڕآستیدا ئەرکی سەرەکی پەکەکەش هەر ئەوەیە.

مێژووی گەلی کورد پڕە لەو کەس و ڕێکخراو و لایەنانەی کە بەناوی خەبات بۆ ئازادی گەلی کورد و وڵاتەکەی خۆیان کوردستان، وەکوو گۆپاڵ بەدەست داگیرکەرانەوە بوون، بەڵام ئەو کەس و ڕێکخراوانە ئێستاکە خۆیان لە زبڵدانی مێژوودا دەبیننەوە، چونکە هیچ ڕێکخراوێک ناتوانێ بۆ هەتا هەتایە بە درۆ و دەلەسە و چەواشەکاری لە ژیاندا بمێنێتەوە. لە بەختی ڕەشی کوردان، پەکەکە حزبێکە کەوا 46 ساڵ لەوەپێش لەسەر بنەمای درۆ و دەلەسە لە باکوور دامەزراوە، لەسەر درۆ ژیاوە و هەتا ئێستاکەش لەسەر ڕێڕەوی خۆی بەردەوامە.

هێرشەکان بۆ سەر بنەماڵەی بارزانی و دامودەزگا فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو بەڵێنانە ئەنجام دەدرێن کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە دەوڵەتی تورکی داون

ئەو کەسەی کە بەها نەتەوەییەکانی نەپاراست و بازرگانیی پێوەکرد، خودی سەرۆکی پەکەکە “عەبدوڵڵا ئۆجەلان”ـە، کاتێک هێشتا لەناو فڕۆکەدا بوو، بە تیمەکەی میتی گوت: “لێم مەدەن، دایکی منیش تورکە، ڕێگام پێبدەن با خزمەتی دەوڵەتەکی خۆم (دەولەتی تورک) بکەم”.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە یەکەم لێپرسینەوەیدا لە ئیمرالی، پێشنیارێک بە “حەسەن ئاتیلا ئووگور”، فەرماندەی باڵای ئەرتەشی تورک دەکات و دەڵێت:

“ئێستا ەل نەفرەت لە “بارزانی-تاڵەبانی” دەکەن. من زۆر باش دەزانم کە جەماوەر پەیوەندییەکی ئاوارتە نیشانی ئێمە (پەکەکە) دەدات. ئەگەر ئێوەی “تورک” بڕێک هاوکاری ئێمە بکەن، دەتوانین ئەوان (بارزانی-تاڵەبانی) لە مەیدان وەدەر بنێین و دوای ماوەیەکی کەم ئەم جەماوەرە بە تەواوی دەبنە لایەنگری خۆمان (پەکەکە-تورکیا). ئەمە ڕووداوێکی مێژووییە و بە بڕوای من دەبێ ئەو “پلان”ـە زۆر بە نهێنی بمێنێتەوە. لێرەدا بە هەندێک پاڵپشتی ئێوە “تورک”، هەموو شتێک چارەسەر دەبێت. سەیر بکە، من باسی پارە و چەک ناکەم، تەنها یارمەتییەکی بچووکم لە ئێوە دەوێت. پێویست ناکات ئێوە “تورک” ئەم بارزانی و تاڵەبانییانە بەهێز بکەن. دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی بە کەم مەزانن، هێزی گەورەیان لە پشتە. باوەڕ مەکەن کە ئەوان لایەنگری تورکیان. کاتێک بە پرەنسیپ پێکەوە کار بکەین، ئێمە “پەکەکە-تورک” سەردەکەوین. ئێمە ناهێڵین هەناسە بدەن و دەیانبەستینەوە بە تورکیاوە. بۆ ئەم مەبەستە من “پلانی هەولێر”م پێشنیار کرد. دەرفەتمان پێ بدەن تا لەگەڵ هەندێک تورکمان کار بکەین، ئەوکات وەکوو سەگ وابەستەی ئێوەیان دەکەین”.

بە کورتی ئەو کەسانەی پەیڕەوی لە ئۆجەلان دەکەن، ناتوانن بەرگری لە بەها نەتەوەییەکان بکەن و هەمیشە هاوشیوەی سەرۆکەکەیان بازرگانی بەم بەهایانەوە دەکەن.

پوستێن ھەمان بەش