ئەمەریکا: ئاگاداری مەترسییەکانی پەکەکە و ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیاین

ئەمەریکا: ئاگاداری مەترسییەکانی پەکەکە و ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیاین

واشینگتۆن: “داوامان لە تورکیا کردووە ئۆپراسیۆنەکانی دژی پەکەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بێت”.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لەو مەترسیانە ئاگەدارن کە پەکەکە لە سنووری هەرێمی کوردستان  و تورکیا دروستی کردووە، بەڵام پێویستە ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا بە هەماهەنگی عێراق بێت.

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی “ئێمە داوامان لە تورکیا کردووە ئۆپراسیۆنەکانی دژی پەکەکە بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ دەسەڵاتدارنی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی عێراق تا کەمترین زیان بەر خەڵکی سڤیل لە هەرێمی کوردستان بکەوێت”.

میلەر، گوتیشی “ئێمە وەک ئەمەریکا هەست بەو نیگەرانی و هەڕەشانە دەکەین کە چەکدارانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیا و عێراقی دروستی کردوون، بەڵام، جەخت لەوە دەکەنەوە پێویستە ئۆپراسیۆنەکان بە هەماهەنگی بکرێن بۆ ئەوەی گیانی خەڵکی سڤیل بپارێزرێت”.

قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، دووشەممەی ڕابردوو 1ی تەممووزی 2024، لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق  لەگەڵ هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی تۆڕێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان ڕاگەیاند، کە دەستیان لە سووتاندنی بازاڕەکانی لەنگە و قەیسەری هەولێر، بازاڕی چەلێی دهۆک و قەیسەری کەرکووک و چەند بازاڕێکی دیکە هەبووە.

لەو تۆڕە تاوانکارییەی دەستگیر کراون، یەکێکیان سەر بە یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەوەی دیکەشیان ئەندامی دژە تیرۆری سلێمانی بوون و لەلایەن پەکەکەوە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق تەجنید کرابوو.

هەروەها لە بارەی ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە دژی پەکەکە لە نێو خاکی عێراق، ئیبراهیم سومەیدعی، ڕاوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی “دیجلە”ـی عێراقی، ڕایگەیاندووە، هەماهەنگییەکی تەواو لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە هەیە بۆ دەسپێکردنی ئۆپراسیۆنە هاوبەشە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

بە گوتەی ڕاوێژکارەکەی سوودانی، پەکەکە “ئۆپەراسیۆنی تاوانکاری دەکات و حکوومەتی عێراقیش وەکو ڕێکخراوی تیرۆریستی ناساندوویەتی”.

پێشووتریش، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاندووە، “عێراق بۆ تورکیا جێگەی بایەخە و دەیانەوێت بەهاوبەشی لەگەڵ بەغدا بەرەنگاری پەکەکە ببنەوە”.

فیدان ئاماژەی بەوەشداوە، ناسەقامگیری عێراق لە بەرژەوەندیی پەکەکە و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە هەربۆیە تورکیا بەردەوام بووە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی.

پوستێن ھەمان بەش