ئێران بە توندوتیژترین شێوە ڕووبەڕووی کۆڵبەران دەبێتەوە

ئێران بە توندوتیژترین شێوە ڕووبەڕووی کۆڵبەران دەبێتەوە

هیومەن ڕایتس وۆچ: كۆڵبه‌ری له‌ ئێران كارێكی دژوار و مه‌ترسیداره‌.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن ڕایتس وۆچ) لە ڕاپۆرتێکدا ڕەخنە لە حکوومەتی ئێران دەگرێت و ڕایگەیاندووە “ئەوپەڕی توندوتیژیی بەرانبەر بە کۆڵبەران بەکاردەهێنێت.”

ڕێکخراوەکە، لە دوا ڕاپۆرتیدا ئاماژەی داوە: تەنیا لە ساڵی 2023 دا 44 کۆڵبەر لە سنوورەکانی نێوان باشووری و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و 463 کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون، کە %80ی قوربانییەکانیش بە دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بووە.

ڕێکخراوەکە ڕوونیشی کردووەتەوە، لانیکەم 28 کەس لەو قوربانییانە مێردمنداڵ بوون و ئەو کۆڵبەرانەشی لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە ئەشکەنجە دراون.

پێشتر، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاگەیاندووە، تەنیا لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا لانیکەم 10 کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون، یان بریندار کراون و %90ی ئەو قوربانییەکانیش بە دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێرانەوە  بووە.

ڕێکخراوی هەنگاو، دوێنێ 8ی تەممووز بڵاوی کردووەوە، لە سنووری شاری نەوسوود سەر بە پارێزگای کرماشان هێزەکانی تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و بە هۆیەوە حەوت کۆڵبەر بریندار بوون کە دواتر یەکێک لە کۆڵبەرەکان بەهۆی سەختی برینەکانییەوە مردووە کە ناوی ئەیووب محەمەدییە و خەڵکی سەلاسی باوەجانی بووە.

ڕێکخراوی هیومەن ڕایتس وۆچ، کۆڵبەریی بە کارێکی دژوار و مەترسیدار وەسف کردووە کە بەهۆی ڕێژەی بەرزی بێکاری و هەژارییەوە خەڵکی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناچاری ڕووی تێ دەکەن.

پێشتریش ئەندامانی پەرلەمانی ئێران زۆرجار باسی ئەوەیان کردووە، ڕێژەی بەرزیی بێکاری و هەژاریی لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وای کردووە خەڵک کاری کۆڵبەری بکەن.

قوباد کەرەمپوور، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای پارێزگاکانی ئێرانیش دەڵێت، زیاتر لە %50ی کۆڵبەران بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەریان لە زانکۆکان بەدەست هێناوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی دامەزراندن و هەلی کارەوە دەستیان داوەتە کارێکی پڕ لە مەترسی کە لە ماڵەکانیان دەرچوون هیچ ئومێدێکیان نییە بگەڕێنەوە.

پوستێن ھەمان بەش