ئێف بی ئای ناسنامەی ئەو کەسەی ئاشکرا کرد کە هەوڵی کوشتنی ترامپی دابوو

ئێف بی ئای ناسنامەی ئەو کەسەی ئاشکرا کرد کە هەوڵی کوشتنی ترامپی دابوو

FBI: “تەقەکەرەکە ناوی “تۆماس ماتیو کرووکس”ـە، تەمەنی 20 ساڵ و خەڵکی ولایەتی پەنسیلڤانیای ئەمەریکایە”.

نووسینگەی فیدراڵیی لێکۆڵینەوەی ئەمەریکا (FBI) ناسنامەی ئەو کەسەی ئاشکرا کرد کە تەقەی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە 14/7/2024، نووسینگەی فیدراڵیی لێکۆڵینەوەی ئەمەریکا (FBI) ڕایگەیاند، ئەو کەسەی تەقەی لە دۆناڵد ترەمپ کردووە، گەنجێکی تەمەن 20 ساڵە و خەڵکی ولایەتی پەنسیلڤانیایە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی نووسینگەی فیدراڵیی لێکۆڵینەوەی ئەمەریکا (FBI)، تەقەکەرەکە ناوی “تۆماس ماتیو کرووکس”ـە، تەمەنی 20 ساڵ و خەڵکی ولایەتی پەنسیلڤانیای ئەمەریکایە.

دوای ئەوەی لە ویلایەتی پێنسلڤەینیای ئەمەریکا تەقەی لێ کرا، دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، پەیامێکی لە تۆڕی “زە تروس” بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: سەرباری سوپاسکردنی هێزە ئەمنییەکان و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو کەسەی لە ڕووداوەکەدا کوژرا، بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە کاری وا لە ئەمریکا ڕوو دەدات.

سەبارەت بە ڕووداوەکە ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە “گولـلەکە پێستی بەشی سەرەوەی گوێی ڕاستی بڕیوە، لەو کاتەدا هەستی بە شتێکی نامۆ کردووە و خوێنی زۆر لێ هاتووە. دواتر زانیویەتی تەقەی لێ کراوە”.

شەممە، 13ی تەممووز 2024، نزیک کاتژمێر7:00ـی ئێوارە، لە شاری بەتڵەری ویلایەتی پێنسلڤانیای ئەمەریکا تەقە لە دۆناڵد ترەمپ کرا، لە کاتێكدا خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرقاڵی قسەکردن بووە بۆ هەوادارانی و لە ئەنجامدا بریندار بوو.

دوابەدوای تەقەکە، لێکۆڵینەوە لە هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ترەمپ دەستی پێ کردووە و سەرچاوە ئەمنییەکانیش دەڵێن، “لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریان خستووە کە تەقەکەرەکە لە دەرەوەی شوێنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ بووە. لە ئەنجامی ڕووداوەکە کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش برینداربووە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەی دیکە دەڵین، ئەوەی کوژراوە تەقەکەرەکە بووە”.

هاوکات کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دوای تەقەکردن لە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە شاری باتلەر لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بەپەلە پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپەوە کردووە و لە دۆخی تەندروستیی پرسیوە.

پوستێن ھەمان بەش