نەپەگە، ڕێگای کەمال پیر و واقیعی بەرخۆدانی خەیاڵی

نەپەگە، ڕێگای کەمال پیر و واقیعی بەرخۆدانی خەیاڵی

بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی نەپەگە، بەرخۆدان دەبێت چەمکێکی نوێ بێت لە نێو کورددا و یەکەمجار پەکەکە دایهێنابێت و ئەنجامی دابێت.

سمکۆ عەبدولعەزیز

زۆرجار، کاتێک ڕێکخراوەکانی پارتی کرێکاران و بەرپرسەکانیان لێدوان دەدەن، دەکەونە ناو ئەشکەوتەکەی ئەفلاتون و نووسین و وتارەکانیان لەسەر ڕوانگەی فەلسەفی ئەو ئەشکەوتە دەخەنەڕوو.

پارتی کرێکاران، فەراسەتی زیهنی و فەلسەفی خۆی لەسەر بنەمای ئەم ئەزموونە داڕشتووە. پوختەی ئەم ئەزموونە یان ئەم بەسەرهاتە بەم شێوەیەیە:

هەندێک کەس هەر لە منداڵییەوە خرانە ناو ئەشکەوتێکەوە و ساڵانێک لە ئەشکەوتەکەدا مانەوە بەبێ ئەوەی ئاگاداری دەرەوەی ئەشکەوتەکە بن. واتە ئەو کەسانە تەنها زانیارییان لەسەر ژیانی ناو ئەشکەوتەکە هەبوو، کونێک لە ئەشکەوتەکەدا هەبوو بۆ ئەوەی هەوا و ڕووناکییان بۆ بچێتە ناو ئەشکەوتەکەوە. دارێکی بچووک لە بەردەم ئەم کونەدا هەبوو، ڕۆژ بە ڕۆژ گەشەی دەکرد، تا گەیشتە ئاستێک کە کاتێک ڕووناکی دەهات، یەکەمجار لە دارەکەی دەدا و دواتر لە نێوان لق و پۆپەکانیەوە دەچووە ناو ئەشکەوتەکە.

هەموومان دەزانین کاتێک ڕووناکی بەر تەنێک دەکەوێت و تێدەپەڕێت، ئەو ڕووناکییە سێبەری ئەو تەنە دەگرێت و لەگەڵ خۆی دەیبات، دواتر ئەگەر ئەو ڕووناکییە بکەوێتە سەر ڕووبەرێکی سەخت و فراوان، وێنەی ئەو تەنە لەسەری وێنا دەبێت، بەڵام بەشێوەی پێچەوانەوە. هەر بۆیە شێوەی ئەو دارە بۆ ئەو کەسانەی لە ئەشکەوتەکەدا بوون، پێچەوانە بوو.

لە ئەنجامدا زانیاریی ئەو کەسانە سەبارەت بە دارەکەش پێچەوانە بوو. بە پێی ئەو وێنەیەی کە ئەو کەسانە لە دارەکە دەیانبینی، زانیاریەکی ڕاست بوو، بەڵام بەتەواوی ڕاست نەبوو، بەڵکو ڕاستییەکی خەیاڵی بوو. بەڵام ئەگەر ساڵانێک لەگەڵ خەڵکی ناو ئەشکەوتەکە قسە بکەیت و پێیان بڵێیت کە زانیاریەکانی ئەوان لەسەر ئەو دارە خەیاڵییە، ئەو کەسانە ڕازی نابن بیروڕایان بگۆڕن. بۆیە تاکە ڕێگاچارە بۆ ئەوەی ئەو کەسانە بگەن بە هەقیقەت تەنها ئەوەیە کە لە ئەشکەوتەکە بهێندرێنە دەرەوە و وێنە ڕاستەقینەکانیان پیشان بدرێت.

نەخۆشی دامودەزگاکانی پەکەکە و ڕێبەر و کادیر و لایەنگرەکانی، هەمان نەخۆشی خەڵکی ناو ئەشکەوتەکەیە، تاکە چارەسەر ئەوەیە کە لە ئەشکەوتەکان بهێندرێنە دەرەوە تا بە چاوی خۆیان حەقیقەتەکان ببینن. دیارە ئەمەش کارێکی ئاسان نییە و هەربۆیە لێدوانەکانیان بە ڕوانگەی خەڵکی ناو ئەشكەوتەکە لەسەر وێنەی دارەکە دەدرێت.

یەکێک لە دامودەزگاکانی پەکەکە بە ناوی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، بەبۆنەی 14ی تەمووزەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و هێندێ هەڵسەنگاندنی کرد کە دەتوانین بڵێین هێندێ ڕاستیی خەیاڵیی خستەڕوو. یەکێک لەم ڕاستییە خەیاڵیانە ئەوەیە کە دەڵێت: “ئێمە لەسەر ڕێبازی (کەمال پیر) خۆمان ڕێکدەخەین و دەچینەپێش”.

یەکێک لەو ڕاستییە خەیاڵیانەی کە NPG ڕایگەیاندووە، کاتێکە کە دەڵێت “ئێمە لەسەر ڕێبازی (کەمال پیر) خۆمان ڕێکدەخەین و دەچینەپێش”. بەشێکی ئەم قسەیە ڕاستە، چونکە کەمال پیر کەسێکی شۆڕشگێڕ بوو، بەڵام شۆڕشگێڕێکی کوردپەروەر نەبوو. لەبەر ئەم هۆکارانە:

1ـ کەمال پیر تورکە نەک کورد.

2ـ کەمال پیر چەپگەرا بوو، کوردپەروەر و دڵسۆزی کورد نەبوو.

3ـ کەمال پیر دژی دەوڵەتی تورک نەبوو، بەڵکو دەیهەویست لە دەوڵەتی تورکدا بەشدار بێت.

4ـ لەدادگادا دەڵێ، ئەو دۆزی کورد و خەباتی نەتەوەیی کوردی هەڵنەبژاردووە، بەڵکوو خەباتی شۆڕشگێڕانەی چەپی، هەڵبژاردووە.

بەکورتی ڕاستە کەمال پیر شۆڕشگێڕە، بەڵام شۆڕشگێڕێکی تورکە و کورد نییە. عەبدوڵا ئۆجەلانیش هەمان ڕوانگەکانی “کەمال پیر”ی لە سەر دۆزی ڕەوای کوردان هەیە.

هەروەها NPG لە بەشیکی دیکەی بەیاننامەکەیدا دەڵێت: “ئێمە وەکوو پارتی کرێکاران بووین کە خەبات و بەرخۆدانمان لە کوردستان خوڵقاندووە، ئێمە لە ئاڤاشین و حەفتەنین و خواکورک بەرخۆدان دەکەین”.

وشەی ئافراندن، وشەیەکی هونەرییە کە بۆ دروستکردنی شتێکی نوێ بە شێوەیەکی جوان و هونەری بەکار دەبرێت، واتە مەبەستکە ئەوەیە کە پێشتر کەسێک ئەو کارە یان بەرهەمەی دروست نەکردبێت.

واتە بە پێی ئەم چەمکە و ڕاگەیاندنی ئەو ناوەندە، بەرخۆدان دەبێت چەمکێکی نوێ بێت لە نێو کورددا و پارتی کرێکاران یەکەم لایەن بێت کە ئەم کارەی ئەنجام دابێت.

ئەمە بۆ NPG دەبێ بە ڕاستی، هاوشێوەی واقیعیەتی ناو ئەشکەوتەکە، چونکە ئەو کەسانەی لەم ناوەندە کاردەکەن لە منداڵییەوە چاویان بەستوون و تەنها قسەی ئەوان دەبیستن و گوێیەکانیان بەکاردەهێنن. بەڵام ئەوانەی چاو و گوێ و لێکۆڵینەوەی مێژوویان هەیە، دەزانن کە ئەم قسانەی ئەوان لەم سەردەمە نوێیەدا، مایەی گاڵتەپێکردنە و کومیکە، چونکە بەرخۆدانی نەتەوەی کورد مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە و کورد هەر لە کۆنەوە بە خۆڕاگری و بەرخۆدانەکانی ناسراوە.

نازانم پەکەکە چ بەرخۆدانێکی لە ئاڤاشین و خواکورک و مەتینا کردووە، بەرخۆدان بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە گیانیان فیدا دەکەن و شوێنەکەی خۆیان دەپارێزن و لەدەستی نادەن.

بەکورتی دەڵێم ئێستا هەموو جیهان و عالەم دەزانن کە ئەو ناوچانەی NPG باسیان دەکات، دەمێکە لەلایەن سوپای تورکەوە داگیر کراون و پەکەکەش نەیتوانی تەنها بۆ چەند کاتژمێرێکیش بەرگری لەو ناوچانە بکات و بیانپارێزێت. لە ئێستادا گەریلاکان بەرەو چیای گارە و دەوروبەری گوندەکانی باشووری کوردستان هەڵاتوون.

لە ڕاستیدا ئێمە نازانین ئەوە چ جۆرە بەرخۆدانێکە کەوا NPG باسی لێوە دەکات.

پوستێن ھەمان بەش