دەرئەنجامی زنجیرە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەناوی “پەنجە ـ کلیل”

پەکەکە لە ساڵی 2013 هەتا 2017 هەنگاو بە هەنگاو لە باکووری کوردستان کشایەوە و ئەو ناوچانەی کە لە ساڵانی 1980ـەوە بارەگای تێدا هەبوو، هەمووی ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرد.

دوای ئەو بەروارە 89%ی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لە ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستاندان و تەنها 11%یان لە ناو خاکی باکووری کوردستاندا ڕوودەدەن.

پەکەکە لە ساڵی 1982 بە ڕێککەوتن لەگەڵ پەدەکە هاتە باشووری کوردستان، پاش ساڵانی 1990دا، دەستی بەسەر هێندێ ناوچەدا گرت، بەتایبەتی لە ساڵی 2000دا بە دەستووری هێزە سیاسیەکانی باشووری کوردستان، بەشیوەیەکی بەرفراوان بڵاو بۆوە.

کاتێک کە ساڵنامە، ساڵی 2018ی پیشان دەدا، پەکەکە لە باکوورەوە کە لە ناوچەی حەفتەنین لە نزیک زاخۆوە دەستپێدەکات و خەتی مەتینا، بەرواری باڵا، زاپ، ئاڤاشین، خواکورک و خنێرە لەخۆ دەگرێت، پێگەی ستراتیجی دامەزراند. لە هەندێک شوێن بازگەی دانا و ڕێگاوبانەکانی کۆنترۆڵ دەکرد و ڕێگای نەدەدا هێزی پێشمەرگە بڕواتە ئەو ناوچانە.

لە ساڵی 2018ـەوە ئەم ناوچانەی کە بارەگای پەکەکەیان لێبوون، یەک لەدوای یەک کەوتنە دەست دەوڵەتی تورک. دەتوانین بە کورتی بەشێوەی ساڵ بە ساڵ ئاماژە بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بکەین:

11ی ئاداری 2018 – ئۆپەراسیۆنی بڕیارداری:

ئەو هێرشە لە سنووری شەمزینانەوە دەستیپێکرد، گەیشتە ناو خواکورک و پەیوەندیی سنوورەکانی پچڕاند. بەم ئۆپەراسیۆنە هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە بەرزاییەکانی چیای زاگرۆس جێگیر کران. ئەم ئۆپەراسیۆنە بناغەی ئۆپەراسیۆنەکانی داهاتووی بە ناوی “پەنجە” دانا.

بڕیارگەی خواکورکی شوێنەکەی خۆی چۆڵ کرد

لە ساڵی 2019دا دەوڵەتی تورک ئۆپەراسیۆنی “پەنجە”ی دەستپێکرد.

لە ئۆپەراسیۆنی سەر هێڵی شەمزینان-خواکورک-خنێرەدا، هێزە چەکدارەکانی تورک بە شەو هێڵی لۆلان و لیلکان بەتایبەتی ئەرمووشیان گرت کە ناوەندی دەڤەرەکەیە.

ئەرتەشی تورک لە گردەکانی “عەبدال کوڤی، شەکیف و شەهید شەریف” دەستی بە پێشڕەوی کرد کە لە ساڵی 1986ـەوە پەکەکەیان تێدا جێگر ببوو. پەکەکە لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا بەبێ بەرگری ئەو ناوچانەی بەجێهێشت.

ناوەند و قوتابخانەکانی پاژک، کۆمیتەکانی ڕووناکی ـ زانست، ڕاگەیاندن ـ چاپەمەنی، چاند و هونەر و قوتابخانەکانی مەزڵووم دۆغانی پەکەکە شوێن و جێگای خۆیان لەناوچەکە بەجێهێشت و دەربازی هێڵی ڕانیە ـ سلێمانی ـ مەخموور و ڕۆژئاڤا بوون.هێزە سەربازیەکان کشانەوە و لە خەتی گۆشینە، دۆڵی موهاجر، دەوروبەری ڕۆستێ، سیدەکان، گەڵاڵە و کێلەشین جێگیر بوون.

202، هێرشەکانی پەنجە – کلیل و پەنجە – پڵینگ

لە 15ی حوزەیراندا هێرشەکانی پەنجەی باز و لە 16ی حوزەیرانیشدا هێرشەکانی پەنجە دەستیانپێکرد. ئەمجارە ناوەندی هێرشەکان هێڵی حەفتەنین بوو.
لەم ناوچەیەدا ئەو بنکانەی پەکەکە کەوا باکووریان بەڕێوەدەبرد، تەرزیخانە، جبەخانە و یەکینە لۆخستیکییەکان هەبوون. هەروەها لەوێدا هاتوچۆکان بۆ ڕۆژئاوا بەڕێوەدەبرا.

لە شەوێکدا ئەرتەشی تورک لە مەرگەشیش (گردی پارتیزان)، قەسرۆک، دەریێ داوتیا، گردی سیپان، شەهید بێریڤان، شەشدارا، شاخی خانتوور هەتا دەشتی تەقێی بە هێزی ئاسمانی و زەوینی گرت. لە ئەنجامدا بنکە سەرەکیەکانی پەکەکە لە گەلیی پساخا، پەراخ، خەتی پیربلا، کەشان و شەرانش کەوتنە دەست سوپای تورکیا.پەکەکە هێزەکانی خۆی لەوێ بەرەو چیای سپی و زناری کێستە و هێڵی بەرواری باڵا برد.

هێرشی پەنجە – برووسک، پەنجە ـ پڵینگ و پەنجە ـ باز لە 2021دا

ناوەندی ئەو هێرشانە کە تەواوی ناوچەکانی نێوان خواکورک و حەفتەنینی کردە ئامانج، هێڵی ئاڤاشین ـ مەتینا و زاپ بوو.
پەکەکە لە زناری کێستە، زەندوورا، قومری، هرۆر هەتا قەشورا ـ بەرواری تا سەری زێریی بۆ چەکدارانی تورک بەجێهێشت و هەڵهات.

هەموو یەکینەکانی پەکەکە وەک بڕیارگەی مەتینا، بڕیارگەی مەیدانی باکوور، کەمپی یەکینەکانی هەواڵگری و و پەیوەندییە گشتییەکان لە ناوچەکە دوورخرانەوە.

هاوکات سوپای تورکیا لە مام رەشۆی سەر بە دەڤەری ئاڤاشین، لە ڕێگای ئاسمانەوە دابەزینە ناوچەکە وجێگیر بوون.

هەردوو دیوی گەلیی زاپەی گیران و ئەرتەشی تورک بە قووڵایی 60 کم هاتە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە. ئیدی نۆرەی زاپ هاتبوو کە بۆ ماوەی 200 ساڵ هیچکات نەکەوتبووە دەست هیچ کۆلۆنیالیستێک.

لە ساڵی 2022دا هێرشەکانی پەنجە – کلیل دەستیپێکرد

ئامانجی سەرەکی ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورک کە لە 17ی نیساندا دەستیپێکرد، دروستکردنی هێڵێکی پێشڕەوی بوو لە “چەلێ”یەوە بەرەو زاپ. پەکەکە لە ساڵی 1992ـەوە زاپی وەکوو بنکەی ستراتیژی خۆی لە هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنا. دوای ئەم 30 ساڵە، دەڤەری زاپ بەبێ بەرگری ڕادەستی ئەرتەشی تورک کرا.

ئۆپەراسیۆنەکە لە ئەشکەوتی بریندارا (سەری سینیا)، چیای ڕەش، گردی جەهەنەم (مەرینا)، خەتی کورەژارۆ و لە لایەکەی دیکەشەوە لە مەتینا، گردی هەککاری (ئەلهۆ)، سەری مەتینا و ئاڤاشین بەردەوام بوو.

2023 هێرشەکانی پەنجە کلیل

هێزە چەکدارەکانی تورک بەم هێرشانە، دەوروبەری خۆیان بەهێز کرد بۆ ئەوەی لە پانتایی و قووڵایی ئەو ناوچانەدا باڵادەست بن کە لە ماوەی 5 ساڵی ڕابردوودا لەژێر دەسەتی ئەواندایە. بنکە و بارەگای سابیتیان دامەزراند و لەسەر شاخەکان ڕێگایان دروست کرد.

پێشتریش شوێنە ستراتیژییەکانی پەکەکە وەک ناوەندی کۆماری زاپ، ئەکادیمیای مەحسوم کۆرکماز، فەرماندەیی بڕیارگەیی ناوەندیی هەپەگە و ئەکادیمیای شەهید بێریتان، لەلایەن ئەرتەشی تورکەوە کۆنترۆڵ کرابوون.

دەوڵەتی تورک هەروەها ئۆپەراسیۆنی کورتخایەنی لە ناوچەکانی سۆرا سگێرێ، سەری کووپکی، چیای ڕەشکی و نهێلیان بەڕێوە دەبرد.

2024 کۆتایی هاتنی زنجیرە هێرشەکانی پەنجە ـ کلیل

دەوڵەتی تورک لە بەهاری ئەمساڵدا ڕایگەیاندبوو کە لە ئێستا بەولاوە، کۆتایی بە هێرشەکانی پەنجە ـ کلیل دەهێنێت.

هەتا ئێستا هێرشەکان بەردەوام دەربازی ناوچەکانی گردی ئێف ئێم، گردی ئۆرتە، بێقولکێ، شیلادزێ و نزاری مەتینا دەبن. هێرشە ئاسمانییەکان لە دەوروبەری گوندەکانی نهێلیان لەسەر هێڵی ئامێدی- شیلادزێ ڕۆژانە بەردەوامن.

دەرئەنجامی زنجیرە هێرشەکانی پەنجە ـ کلیل لەماوەی 6 ساڵدا بەمشێوەیەن:

1- هەروەک لە نەخشەکەشدا بە ڕوونی دیارە، 85%ی ئەو ناوچانەی کە لە ساڵی 2018دا بنکەی سەرەکیی پەکەکەیان تێدا بووە، کەوتوونەتە دەست ئەرتەشی تورک. تەنها چیای گارە لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکەدا ماوە و چارەنووسی ئەویش لە بەهاری داهاتوودا دەردەکەوێت.

2- پەکەکە ئەو دەڤەرانەی کە لە ساڵانی 1990ـەوە لە کۆنترۆڵی ئەودا بوون، یەک بە یەک بەجێیهێشتوون و لە دەوروبەری شنگال، مەخموور، گەرمیان، سلێمانی، ڕانیە، ئاسۆس، قەندیل و چۆمان جێگیر بووە وئەوسا دەشڵێت من دەوڵەتی تورک لەناو دەبەم.

3. تاکتیکی شەڕی تونێلەکانی پەکەکە ئیفلاسی کرد. گەریلا تەنها لە یەکەی بچووکی چەند کەسیدا دەتوانن جموجوولیان هەبێت. ئەو چەند چالاکیەش کە پەکەکە بە سوودوەرگرتن لە بارودۆخی کەشوهەوا، وەکو تەم و مژ و باران و هتد… ئەنجامیدان، چالاکیهایەکی وەها نین کە پەکەکە بەهۆیانەوە بتوانێت ئەو ناوچانە بگەڕێنێتەوە کە لەدەستیداون. ئەوە تەنها پڕوپاگەندەیەکە کەوا بۆ ڕای گشتی دەکرێن.

4- بیانووی پەکەکە بۆ لەدەستدانی ئەو ناوچانە و بنکە سەرەکیەکانی خۆی، پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام تا ئێستا ئەو هێزانە بچووکترین ڕێگرییان لە پەکەکە نەکردووە. ئەم جۆرە لێدوانانەی پەکەکە تەنیا پڕوپاگەندەیەکی ڕەشن.

5- ئەگەر پەکەکە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی ڕادەستی هێزی پێشمەرگە بکردایە، ئەمڕۆکە چەکدارانی تورک نەیاندەتوانی لەو ناوچانەدا جێگیر ببن.

6- لە زنجیرە هێرشەکانی پەنجەکاندا، زیانی هەرە گەورە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی باشوور گەیشتووە. ئەگەر پەکەکە لەسەر هەمان هەڵوێست بەردەوام بێت، ئەوە هێشتا زیانی لەوە گەورەتریش بە گەلی کورد و هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

پوستێن ھەمان بەش