کەجەکە دوو ڕێنمایی بۆ سەرکردایەتی تورکیای پەکەکە و “پارتی دەم” نووسیوە و وەڵامی نامەکانی ئیمرالیش دەداتەوە.
ئامادەبوونی شاندێکی “دەم پارتی” (DEM) لە هەولێر و سلێمانی باشووری کوردستان جێگای سەرنج بوو. شاندەکە لە هەولێر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە کۆبوویەوە و دواتر ڕۆیشتنە سلێمانی. ئەگەرچی واپیشان درا کە ئامانج لە سەردانی شاندەکە دیدار لەگەڵ یەنەکە بووە، بەڵام باس لەوەش دەکرێت کە شاندەکە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی تورکیای پەکەکەیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و هەروەها نامەیەکی ئیمرالیشیان پێبووە و لەگەڵ سەرکردەکانی کەجەکە کۆبوونەتەوە.
شاندەکە لە تولای هاتیمۆگولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، کەسکین بایندر هاوسەرۆکی بەدەپە، ئیبرو گونای وتەبێژی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی و بەردان ئۆزتورک پێکهاتبوو. ئەگەرچی وایان ڕاگەیاند کە دوای سەردانەکەیان کە وەکوو دیدارێکی ئاسایی لەگەڵ یەنەکەدا پیشاندرا، بەرەوپێشچوونی گرینگ لە پێڤاژۆدا هەن، بەڵام سەرچاوە نزیکەکانی پەکەکە لە سلێمانی ئاشکرایان کردووە کە جگە لە ئەندامە ئاشکراکانی شاندەکە، 3 کەسی دیکەش لە ئەندامانی بەڕیوەبەرایەتیی پەکەکە لە ناو تورکیا و سەرکردایەتی بزووتنەوەی ژنانی پەکەکەش لەگەڵ شاندەکەدا بوون. بەگوێرەی سەرچاوەکان، بەردان ئۆزتورک، ئیبرو گونای و کەسکین بیندەریش بۆخۆیان لە ئەندامانی سەرکردایەتی پەکەکەن و جگە لەوان 3 کەسی دیکەش لەگەڵ شاندەکەدا بوون.
بەپێی زانیارییەکان، شاندەکە نامەیەکی ئیمرالییان پێبووە کە بۆ هاوسەرۆکی کەجەکە نووسراوە. هەروەها لەگەڵ بەرێوەبەرانی کەجەکەش کۆبوونەتەوە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە سەرکردایەتیی تورکیای پەکەکەش کۆبوونەوەی جیاوازیان ئەنجامداوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە نزیکەکانی پەکەکەوە دەستکەوتوون، شاندەکە نامە و ڕاپۆرتێکیان لە ئیمرالیەوە بۆ کەجەکە هێناوە. نامەکە لەلایەن ئۆجەلانەوە نێردراوە. ناوەڕۆکی نامەکە بە نهێنی هێڵدراوەتەوە و ڕاستەوخۆ بۆ جەمیل بایک نێردراوە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئەنجامی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی پەکەکەی تورکیا لەگەڵ ڕێکخراوەکان لەخۆ گرتبوو. تەوەرەکانی ئاسایی وەک بارودۆخی گشتی پەکەکە لە باکوری کوردستان، ڕێکخستنەکان، بارودۆخی ئابووری و هتد…ی تێدا بوون. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئیمرالی کراوە و ڕوون کراوەتەوە و ئەوەش کە کێ دەخرێنە نێو شاندەکە و چەند پرسێکی دیکە ئاماژەیان پێکراوە.
هەروەها شاندەکە و ئەندامانی سەرکردایەتی دوو کۆبوونەوەی جیاوازیان ئەنجامدا کە یەکێکیان هاتیمۆگولاری تێیدا بەشدار بوو. لە کۆبوونەوەکەدا ئەو دیدارانەی کە “پارتی دەم” لەگەڵ دەوڵەت ئەنجامی دابوون بە وردی باسیان لەسەر کرا و هەروەها پرسگەلێکی وەک هەڵوێستی دەم پارتی لە دوای پێڤاژۆی نوێی سوریا و هتد… تاوتوێ کران.
کۆبوونەوەی دووەم لەگەڵ سەرکردایەتی پەکەکە ئەنجامدرا و تێیدا زیاتر بارودۆخی پەکەکە لە باکوری کوردستان تاوتوێ کرا.
کۆبوونەوەکە هەتا ڕۆژی سێشەممە بەردەوام بوون. سەرچاوەکان هەروەها ڕایانگەیاندووە کە کەجەکە دوو ڕێنمایی جیاوازی بۆ سەرکردایەتی پەکەکە لە تورکیا و هەروەها بەڕێوەبەرانی “پارتی دەم” نووسیوە و هاوکات وەڵامی نامەکانی ئیمرالیش دەنووسێت.
سەرچاوە نزیکەکانی پەکەکە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە لەبەر ئەوەی کە کۆنسەی بەریوەبەرایەتی پەکەکە ترسی هەبووە کە تورکیا کۆبوونەوەکە بە درۆن بکاتە ئامانج، کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی زۆر نهێنی ئەنجام دەدرێن.