دەنگۆی دیداری چەکدارانی تورک و گەریلاکانی پەکەکە لە کانی ماسی و چەند تێبینییەکی مێژوویی

دەنگۆی دیداری چەکدارانی تورک و گەریلاکانی پەکەکە لە کانی ماسی و چەند تێبینییەکی مێژوویی

لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا، زیاتر لە ململانێی ئاشکرا، دانوستان و هاوکاری و هاوئاهەنگی شاراوە لەئارادایە.

گوندەکانی دەڤەری بەرواری باڵا، مەتینا، ئامێدی و گارە بە ڕەز و باخ و دارستانەکانیانەوە، بوونەتە قوربانیی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا. دەتوانین بڵێین بەرواری، ڕێکانی، نێروە و نهێلی، تووشی ئەنفالێکی نوێ بوون. هەندێک لە گوندەکانی ناوچەکە، بوونەتە گۆڕەپانی جەنگ و بۆیە بەناچار کۆچ دەکەن و هەڵدێن و بیرەوەریەکانیان و هەموو ئەوەی لە ژیاندا هەیانە، هەروا بەجێیدەهێڵن. باشووری کوردستان کە تاکە پارچەی ئازادکراوی کوردستانە، چۆناوچۆن و لەبەرچی، تووشی ئەنفالێکی لەمشێوەیە هاتووە؟ پێویستە پلانساز و ئەو لایەنانەی سیناریۆی ئەم ئەنفالەیان خوڵقاندووە، بناسرێن.

بە لێکۆڵینەوە لەو دەنگۆیەی کە چەکدارانی تورک و گەریلاکانی پەکەکە لەم دواییانەدا لە گوندەکانی دەوروبەری کانی ماسی دیداریان کردووە، مرۆڤ دەتوانێ لەسەر ئەو مژارە بە کۆمەڵێک ڕاستی بگات.

لە دەوروبەری کانی ماسی چی دەگوزەرێت؟

خەڵکی باشووری کوردستان ڕاستەوخۆ شاهیدی پێکدادانەکانن. لەم دواییانەدا، باس لەوە کرا کە یەکینەکانی پەکەکە و تورکیا بەتایبەتی لە هەندێک گوندی ناوچەی کانی ماسیدا لە تەنیشت یەکتریەوە تێدەپەڕن و هیچ شەڕ و پێکدادانێکیش لە نێوانیاندا ڕوو نادات. ڕای گشتی دەڤەرەکە لەو بڕوایەدایە کە لە نێوان پەکەکە و هێزە چەکدارەکانی تورکیادا دیدار و کۆبوونەوە هەیە و تەنانەت واوێدەچێ کە ڕێککەتنێکی زیمنیشیان پێکەوە هەبێت.

لە ڕاستیدا ئەمە شتێکی نوێ نییە لە ساڵی 2021دا ئاژانسی هەواڵی تەلەفزیۆنی “ئەل ـ حەدەس”ی عەرەبی کە پرۆگرامێکی لەسەر هەموو دەوروبەری کانی ماسی پەخش کردبۆوە، ڕایگەیاندبوو کە کەمپەکانی پەکەکە و تورکیا لە پاڵ یەکدا دانراون و کاریان بەسەر یەکتریەوە نەبووە.

لە ڕووداوەکەی کانی ماسیدا، لەبەر ئەوەی کە ئیمکانی نەبوو کە گەریلا و چەکدرانی تورک یەکتر نەبینن، یان ڕێکەوتنێک لە نێوانیادا پێکهاتووە یان بەپێی ڕێنمایی و تالیماتێک دەجووڵێنەوە کە بۆیان دیاری کراوە.

ڕاستە لە شەڕەکاندا یەکە بچووکەکان هەندێک جار بۆ ڕزگارکردنی گیانی خۆیان دەتوانن ئارامی ناوچەکە بپارێزن و هێرش نەکەنە سەر یەکتر، بەڵام ئەوەی لە دەوروبەری کانی ماسیدا ڕوودەدات شتێکی دیکەیە. باشووری کوردستان ڕۆژگارێکی ڕەشی بەسەردا بەڕێوەدەبرێت و هەتا بنەچەی ئەم کێشەیە نەزانین، ناتوانین لەم دۆخە دڵتەزێنە و لەم پڕۆژەی ئەنفالە تێبگەین.

ئۆجەلان پیلانی هێرشەکانی داگیرکردنی باشووری داڕشتووە

ڤیدیۆی لێپرسینەوەکانی ئۆجەلان لە ئیمرالی کە ڕۆشنبیران و نووسەران و سیاسەتمەدارانی کورد پشتگوێی دەخەن، بابەتی زۆر گرینگیان تێدایە. لەو لێپرسینەوانە، ئۆجەلان لە پێناو ڕزگارکردنی گیانی خۆیدا، ئامادەیە حیزبەکەی و گەریلا و بەڕێوەبەرایەتی حیزبەکەی و هەروەها هەموو کوردستان پێشکەش بە دەوڵەتی تورک بکات. دەوڵەتی تورک لە ساڵانی 1960ـەوە هەوڵدەدات کە کورد لە بزووتنەوەی بارزانی دوور بخاتەوە. بەتایبەتی کاتێک کە دەستکەوتێکی ڕەوا لە باشوور بەدەستهات، ئەم دۆخە بۆ ئەوان گرنگتر بوو. ئۆجەلان بە زانینی ئەم ویستەی تورکیا، پێشنیارێکی زۆر ڕوونی کرد و داوای لە تورکەکان کرد هەولێر داگیر بکەن. بۆ دۆزینەوەی هۆکاری ئەوەی کە ئەمڕۆکە خەڵکی گوهەرزێ لەژێر دەنگی تۆپدا ناتوانن بخەون یان زرێپۆشەکان بە ناو کێستەدا تێدەپەڕن، پێویستە لە “پلانی هەولێر”ی ئاپۆ وردببینەوە.

ئۆجەلان ماوەی 25 ساڵە وەکوو ڕاوێژکارێکی دەوڵەتی تورک لە ئیمرالیدا هاوکاریی دەوڵەتی تورک دەکات بۆ ئەوەی کورد لە بیر و هەستی نەتەوەیی دوور بخاتەوە. ئۆجەلان پلان دادەڕێژێت و پێشنیار دەخاتە ڕوو. کاتێک ئەم ڕاستییە قبوڵ بکەین، ئەوکات بۆمان دەردەکەوێت کە هەموو پارچەکانی پازێلەکە بەیەکەوە دەگونجێن. چونکە ئەو کاتە بە ڕوونی دەبینین کە چۆناوچۆن ئەم شەڕە گواسترایەوە بۆ ناو باشوور.

باهۆز ئەرداڵ ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی  22 ساڵەی باشوور لەنێوان پەکەکە و چەکدارانی تورکیا شکێندراوە

لە ساڵانی 1992-1999دا دەوڵەتی تورک لەچوارچێوەی دەستووری ناتۆدا هەندێک بنکەی لە هەرێمی کوردستان دروست کرد. ئامانج تەنیا پەکەکە نەبوو، بەڵکو ناتۆش بوو. کاتێک ئۆجەلان گەڕایەوە بۆ تورکیا، لە نێوان ئەو هێزانە و پەکەکەدا ئاگربەست ڕاگەیەندرا. لە ساڵی 1999 تا 2021، بۆ ماوەی 22 ساڵ، ناوەندەکانی پەکەکە لە دەوروبەری ئەو بنکانە دانرابوون، بەڵام کاریان بەسەر یەکتریەوە نەبوو. بەڵام دوای ئەوەی بە پێی “پلانی هەولێر”ی ئۆجەلان، گواستنەوەی شەڕەکە بۆ باشووری کوردستان دەستیپێکرد، بارودۆخەکە گۆڕا.

باهۆز ئەرداڵ لە چلەی 2019 لە لێدوانێکیدا دەڵێت: “ڕۆڵی ئەم (بنکە سەربازییانە) چییە؟” ئەوان هێزی داگیرکەرن. بارگرانییە لەسەر باشووری کوردستان و هێزێکی دەرەکین. ئەو شتەی کە ڕێگری لە ئاشتی لە باشووری کوردستان دەکات ئەم داگیرکاریەیە”. بەڵام ناوەندی گشتی هەپەگەکەی باهۆز ئەرداڵ و ئەم بنکانەی سوپای تورک، ساڵانێک بوو یەکتریان دەبینی، کەچی بۆ تاقە یەکجاریش تەقەیەکیان لە یەکتر نەکرد. هاوکات پەکەکە بەجۆرێک باس لە داگیرکرانی باشوور دەکات عەنەهوو بۆخۆی هەموو باکووری کوردستانی ڕزگار کردووە. دیارە دواتر پێکدادانەکان دەستیانپێکرد، چوونکە هەموو شتێک بە پێی پیلانەکەی ئۆجەلان دەچووەپێش.

زیانەکانی هەردوولا بەو مانایە نییە کە دیدار و کۆبوونەوەیان نیە

زۆر کەس لە “پلانی هەولێر”ی ئۆجەلان بەباشی تێنەگەیشتوون. هەندێک لایەن لەبەر بەرژەوەندی خۆیان، ئەو پرۆژەیە بەتەواوی پشتگوێ دەخەن. هەروەها هەندێک کەس بە هەستیاریەوە لە ڤیدیۆکانی ئۆجەلان دەڕوانن و دەڵێن لەوانەیە ئەم ڤیدیۆیانە دەستکاری (مۆنتاژ) کرابن. هەندێک کەس دەپرسن، ئەگەر ئەمە پڕۆژەیەکی هاوبەشە، کەواتە بۆچی خەڵک لە هەردوولا دەمرن؟ بێگومان دەبێ کەسانێک بمرن، چونکە مەرگ، مەکینە و بزوێنەری ئەم شەڕەیە. دەوڵەت و پەکەکە تەرمی گەنجەکان لەسەر یەکتر دادەنین و بەمشێوەیە شەڕەکە بە قووڵایی 80 کم دەکێشنە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە. ئەگەر تەرمەکانی هەردوولا نەبوایە، ئیدی چۆن دەکرا شەڕەکە بگاتە دەوروبەری ئامێدی؟

دیمەنی چالاکیەکانی ساڵی 2023 لە سۆرا سگێرێ و گردی جودی لەم ڕووەوە سەرنجڕاکێش بوون. چونکە دەوڵەتی تورک چەکدارەکانی خستە بەر لوولەی چەکەکانی پەکەکە بۆ ئەوەی بیانکوژێت. سەربازانی بێ جەردەڤان و بێ پاسەوان کوژران. تەنها لە گردێکدا 9 چەکداری تورک کوژران. دەوڵەتی تورک بە مەراسیمی پرسەی ئەو چەکدارانە، بنەمای ئەم هێرشانەی داڕشت. واتە 10 چەکدار بەکوشتن دەدات و بە قووڵایی 10 کم دەچێتە ناو خاکی باشوورەوە.

بۆ پەکەکەش هەمان شتە. چونکە ئەگەر تەرمی گەریلا نەبێت، پەکەکە ناتوانێت پاڵپشتی خەڵک بەدەست بهێنێت. هەربۆیە مەرگ و تەرمەکان بۆ هەردوولا سوودیان هەیە.

ئەو چەکدار و گەریلایانەی کە لەم شەڕەدا دەمرن، تەنها لە پێناو “پلانی هەولێر”ی ئۆجەلاندا بەکوشتن دەدرێن. بزووتنەوەی گەریلا بە کوشتنیان کۆتایی پێنایەت، ئەوەی کە ئەو بزووتنەوەیە لەناو دەبات، ئەو پاکتاوکردنانەن کە فەرماندەکانیان دەیکەن. پەکەکە 50 منداڵی لە دەوروبەری ئامێدی جێگیر کردووە و هەموویان بەکوشتن دەدات. بەڕیوەبەرانی پەکەکەش لە ڕۆژئاڤا و سلێمانی و ئەوروپا لە ئارامی و ئاسایشدا دەژین. وەکوو پەیمانیکی شاراوە، جەنگاوەرەکان دەکوژرێن و فەرماندەکان بەخێو دەکرێن.

هەروەها پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە پەیوەندییەکانی پەکەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک و بەتایبەت لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان هیچ کاتێک نەپساوە. پەیوەندی ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەر لە ساڵانی قۆناغی زانکۆوە دەستیپێکردووە و لەهەر قۆناخێک لە ژیانیدا، لەگەڵ کەسانیکی گوماناوی دەولەتی تورک دەبیندرێت. بۆ نموونە هاژینەکەی ئۆجەلانم “کەسیرە”ی کچی “عەلی یەڵدرم”، یەکێک لە بەرپرسانی میت بوو. نزیکترین هاوڕێی ئۆجەلان، “پیلۆت” (نەجاتی کایا) بووە کە کاری بۆ میت دەکرد. لە ساڵی 1979دا ئۆجەلان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە گەیەندرایە سووریا و لەوی جێگیر کرا. ئۆجەلان لەگەڵ ڕاوێژکارێکی سەربازی تورکیا لە نهۆمی 10ی باڵەخانەیەک لە سوریا دەژیا و هەموو ڕۆژێک بە یەک ئاسانسۆر (مەسعەد) هاتوچۆیان دەکرد. دواتر ئەو پەیوەندییە لە ساڵانی 1990یشدا بەردەوام بووە و فەرماندەکانی گەریلا و فەرماندەی بنکەکانی قەرەقۆلی تورکیا، نامەیان بۆ یەکتری ڕەوانە دەکرد. لە کاتێکدا هەموو ئەمانە ڕوویان دەدا، لە مەیدانیشدا شەڕی چەکداری لەئارادا بوون و ڕۆژانە گەریلاکانی پەکەکە گیانیان لەدەست دەدا.

هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیە کە لەنێوان پەکەکە و هێزە چەکدارەکانی تورکیادا، زیاتر لە ململانێی ئاشکرا، دانوستان و هاوکاری و کردەوەی هاوئاهەنگ و هاوتەریبی شاراوە لەئارادا بووە.

کاتێک هەموو ئەم پارچانە لە پاڵ یەک دابنێن، بە ڕوونی بۆتان دەردەکەوێت کە چەکدارانی تورک و گەریلاکانی پەکەکە لە کانی ماسی دەتوانن پێکەوە لە ئەشکەوتێکدا بە ئارامی لە تەنیشت یەکتر بژین. بەڵام ئەوە گرنگ نییە، بەڵکوو بەڕێوەبەرانی باڵای پەکەکە و تورکیا پێکەوە دادەنیشن. ئۆجەلان شانازی بە ئاڵای تورکیاوە دەکات و وەکوو ڕاوێژکاری دەوڵەت مامەڵە دەکات. ئایا جگە لەمە هیچی تر هەیە؟

پوستێن ھەمان بەش