کات و شوێنی دیداری چاوەڕوانکراوی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد ئاشکرا کرا

کات و شوێنی دیداری چاوەڕوانکراوی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد ئاشکرا کرا

دەیلی سەباح: “یەکەم دیداری نێوان ئەردۆغان و ئەسەد لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا دەبێت”.

ڕۆژنامەیەکی تورکی ئامادەکارییەکانی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆککۆماری تورکیا و سووریای ئاشکرا کردووە و باسی لەوە کردووە: کۆبوونەوەکە لە مۆسکۆ لەژێر چاودێری پوتین دەبێت و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش تاکە بانگهێشتکراو بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکە دەبێت، بەڵام سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەو زانیارییانەی ڕەتکردەوە.

ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکی بڵاوی کردەوە: یەکەم دیداری نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا لەوەتی ڕووداوە ناوخۆییەکانی سووریا لە ساڵی 2011ـەوە، لە کۆتایی مانگی ئاب یان سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ دەبێت.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: یەکەم دیداری نێوان ئەردۆغان و ئەسەد لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا دەبێت بە نێوەندگیری ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی ڕووسیا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بانگهێشت دەکرێت.

دەیلی سەباح ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە بۆ دیداری یەکەمی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد چاوەڕێ ناکرێت هیچ بەرپرسێکی ئێرانی بانگهێشت بکرێت بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکە.

لە بەرانبەر ئەوەشدا، میدیاکانی تورکیا لە سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان بڵاوکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە: ئەو زانیارییانەی باس لە کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ئەسەد لە مۆسکۆ دەکەن؛ ڕاست نین، بەبێ ئەوەی زانیاری نوێ لەبارەی دوا پەرەسەندنەکانی ئەو دیدارە ئاشکرا بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوو هەفتە لەمەوبەر بانگهێشتی ئەسەدی بۆ دیدارێکی تایبەت کرد و سەرپشکی کرد لەوەی دیدارەکەیان لە تورکیا بکرێت یان لە وڵاتی سێیەم. لەگەڵ بانگهێشتنامەکەدا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەشی ڕاسپارد کار بۆ ئامادەکارییەکانی دیدارەکە بکات.

پوستێن ھەمان بەش