ئیسرائیل کوشتنی یەحیا سینواری ڕاگەیاند

ئیسرائیل کوشتنی یەحیا سینواری ڕاگەیاند

سوپای ئیسرائیل: یەحیا سینوار لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە کەرتی غەززەدا کوژراوە.

ئەرتەشی ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر کەرتی غەززە کوشتنی یەحیا سینوار، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس ڕادەگەیەنێت، هاوکات کەناڵی 13ـی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، ناوبراو لە ناوچەی تەل سوڵتان لە رەفەح کوژراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، چەند سەرچاوەیەک بە کەناڵی حەدەسیان ڕاگەیاند، کە پشکنینی سەرەتایی دی ئێن ئەی (DNA) بۆ ئەو تەرمە کراوە کە گومانی لێ دەکرێت یەحیا سینوار، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس بێت و ئەنجامەکەی ئەرێنی بووە.

هەر ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، یەحیا سینوار لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە کەرتی غەززەدا کوژراوە، هەروەها کەناڵی 13ـی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، سینوار لە ناوچەی تەل سوڵتان لە ڕەفەح کوژراوە.

هەروەها دەستەی پەخشی ئیسرائیل و ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل، کوشتنی یەحیا سینوار پشتڕاست دەکەنەوە.

ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل قوتابخانەیەکیان بۆردومان کرد کە ئاوارەکانی کەمپی جەبەلیای باکووری کەرتی غەززەی تێدا نیشتەجێ بوون، لانیکەم 22 فەڵەستینی کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.

ئاژانسی هەواڵ و زانیاریی فەڵەستینی (وەفا) بڵاوی کردەوە، بۆردومانەکە “قوتابخانەی ئەبو حوسێنی بنەڕەتی سەر بە ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA)ی کردە ئامانج، کە ئاوارە لە کەمپی جەبەلیا لە باکووری کەرتی غەززەت تێدا نیشتەجێیە. ”

لای خۆیەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، “هێرشێکی وردی بۆ سەر خاڵی کۆبوونەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە ناو کەمپێک ئەنجامداوە کە پێشتر قوتابخانە بووە لە باکووری غەززە. ئاماژەی بەوەش کرد کە، دەیان چەکداری حەماس لە شوێنی ئامانجەکە بوون.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ڕایگەیاند، کە یەحیا سینوار هێشتا لەناو یەکێک لە تونێلەکانی کەرتی غەززە خۆی حەشاردایە و لەوێدا دەمێنێتەوە.

سینوار کێیە؟

یەحیا ئیبراهیم حەسەن سینوار، ناسراو بە پیاوی تونێلەکان لە 29ـی تشرینی یەکەمی 1962 لە کەمی پەنابەرانی خان یونس لە غەززە لەدایک بووە، خانەوادەکەی لە شەڕی وڵاتانی عەرەب و ئیسرائیل لە ساڵی 1948 لە ئەلمەجدەل عەسقەلان ڕایان کردووە. ناوبراو خوێندنی لە زانکۆی ئیسلامی غەززە تەواو کردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبی بەدەست هێناوە.

ناوبراو لە ساڵی 2011 ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە و هاوسەرەکەی ناوی سەمەر محەممەدە.

سینوار یەکێک بووە لە ھاودامەزرێنەرانی دەزگای ئەمنی حەماس، دواتر پۆستی سەرۆکی باڵی سەربازیی حەماس (کەتیبەکانی قەسام) پێدراوە و دواتر بە سەرۆکی حەماس لە کەرتی ‌‌غەززە دەست نیشان کراوە لە ساڵی 2017.

هەروەها دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس، لە ڕێکەوتی 31ـی 7ـی 2024،  لە ئێران. یەحیا سینوار، لە ڕۆژی 6ـی مانگی 8ـی هەمان ساڵ وەک سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس دەستبەکار بوو.

یەحیا سینوار بە داڕێژەری هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەرـی 2023 چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دادەنرێت. لە ڕێکەوتی 17ـی 10ـی 2024 لە ئۆپەراسیۆنێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی تەل سوڵتان لە ڕەفەح یەحیا سینوار کوژرا.

پوستێن ھەمان بەش