لەهێرشێکی ئاسمانی تورکیادا بۆسەر ناوچە سنووریەکانی باشووری کوردستان، 4 گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، بەرپرسێکی پەکەکەیان بە ناوی یوسف کاڵکان کردۆتە ئامانج، یووسف ناوی لە لیستی سووری ئەو کەسانەدا بووە کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داواکراون.
ئاژانسی ئانادۆڵ، زمانحاڵی دەوڵەتی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە 23/7/2024، بڵاوی کردەوە، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆسەر ناوچە سنووریەکانی باشووری کوردستان کە تورکەکان بە “ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی پەنج ـ کلیل” ناوی دەبەن، 4 گەریلای پەکەکەیان کردۆتە ئامانج و لە ئەنجامدا گیانیان لەدەستداوە.
ئانادۆڵ ئاماژەی بەوەش کردووە کە یەکێک لەو گەریلایانەی لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە، بەرپرسێکی پەکەکەیە بە ناوی یوسف کاڵکان کە ناوی لە لیستی سووری داواکراوانی دەوڵەتی تورکدایە.
سوپای تورکیا بە بیانووی حزووری پەکەکەوە لە ڕێکەوتی 17ی نیسانی 2022ـەوە زنجیرە هێرشێکی لە ژێر ناوی “ئۆپەراسیۆنی پەنجە ـ کلیل” بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان دەستپێکردووە کە هەتا ئێستاش بەردەوامیی هەیە. هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین-باسیان لە دەڤەری ئامێدی باشووری کوردستان لەخۆدەگرێت.