سوودانی بۆ دامودەزگاکانی حکوومەت: پەکەکە وەکو ڕێکخراوێکی “قەدەغەکراو” بناسێنن

سوودانی بۆ دامودەزگاکانی حکوومەت: پەکەکە وەکو ڕێکخراوێکی"قەدەغەکراو" بناسێنن

 ئەم نووسراوە لە کاتێکدایە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، تورکیا، هێرشەکانی لە دژی پەکەکە، لە سنووری ئامێدی چڕ کردۆتەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نووسراوێکی فەرمیدا داوا لە وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەت دەکات، لە نووسراوە فەرمییەکانیاندا پەکەکە وەکو ڕێکخراوێکی “قەدەغەکراو” بناسێنن.

محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە نووسراوێکی فەرمیدا، داوا لە وەزارەت، دامەزراوە و فەرمانگەکانی سەر بە حکـوومەت دەکات، لە لێدوان و نووسراوە فەرمییەکانیاندا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەکو ڕێکخراوێکی “قەدەغەکراو” بناسێنن.

نووسراوەکە ڕۆژی 14-07-2024، لەلایەن فەلاح عەبوودى، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى کاروبارى کارگێڕىی لە ئەمینداریێتیى گشتیى ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئاراستەی نووسینگەکانی هەر یەکە لە (سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، جێگرانی یەکەم و دوومی سەرۆکی پەرلەمان، بڕیاردەرانی پەرلەمان، ئەمینداری گشتیی پەرلەمان، جێگری ئەمینداری گشتیی بۆ کاروباری پەرلەمانتاران، جێگری ئەمینداری گشتیی بۆ کاروباری کارگێڕیی، ڕاوێژکارانی پەرلەمان، فەرمانگەکانی سەر بە ئەمیندارێتیی گشتیی پەرلەمان و هەر سێ بەشی وردبینی، ئاسایش و گرێبەستەکان) کراوە.

ئەم نووسراوە لە کاتێکدایە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، سوپای تورکیا، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە دژی پەکەکە، لە سنووری قەزای ئامێدی چڕ کردووەتەوە و بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە، ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل بوونەتە قوربانی و چەندین دۆنم زەویی گوندنشینانیش سووتاون.

ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تاوەکوو ئێستا بەردەوامە؛ ئەو ڕێکخراوە لەلایەن عێراق، تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە بە “ڕێکخراوێکی تیرۆریستی” ناسێنراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش، لە ئەنجامی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی، زیاتر لە 60 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون.

دروستکردنی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان و شەڕی بەردەوام لەگەڵ سوپای تورکیا، تا دێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە زیاتر لە 800 گوند و چەندان ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

پوستێن ھەمان بەش