گولەر قسەکانی بەشار ئەسەد بە “ئەرێنی” ناودەبات

گولەر قسەکانی بەشار ئەسەد بە"ئەرێنی" ناودەبات

تورکیا: دەمانهەوێت بەزووترین کات دۆخی ئاڵۆزی نێوان هەردوولا کۆتایی پێبێت و هەردوو وڵات بگەڕێنەوە سەر چالاکییە ئاساییەکانیان”.

تورکیا پێشوازی لە دوایین لێدوانەکانی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا دەکات و داوای گەڕانەوە بۆ ڕۆژەڤی ئاسایی خۆی دەکات.

یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەیەکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، “ئێمە لێدوانەکانی ئەم دواییانەی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا بە ئەرێنی دەبینین و تا ئەو جێگەیەی کە دیارە، ئەسەد گرینگیی بە بانگهێشتنەکەی ڕەجەب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا دەدات و ئەوەش جێگای دڵخۆشییە”.

گولەر گوتی: “ئێمە دەمانهەوێت بەزووترین کات دۆخی ئاڵۆزی نێوان هەردوولا کۆتایی پێبێت و هەردوو وڵات بگەڕێنەوە سەر چالاکییە ئاساییەکانیان کە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدایە”.

گولەر ئاماژەی بەوەشکرد، “هیچ کێشەیەک لە نێوان تورکیا و سوریادا نییە کە قابیلی چارەسەرکردن نەبێت. دوای چارەسەرکردنی کێشەکان، هەردوو وڵاتی دراوسێ دەتوانن بەشیوەیەکی ئاسایی درێژە بە چالاکییە ئاساییەکانیان بدەن”.

ئەو قسانەی گولەر دوای ئەوە هات کە سەرۆکی سوریا لە وتارەکەیدا لە بەردەم پەرلەمانی سوریا لە 25ی ئابدا جەختی لەوە کردەوە کە “هەموو خولێکی دانوستان لەگەڵ تورکیا بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت پێویستی بەوە هەیە کە هۆکارەکانی کێشەکە دەستنیشان بکرێن”.

ئەسەد هەروەها جەختی لەسەر هەڵوێستەکانی پێشووی خۆی سەبارەت بە کشانەوەی تورکیا لە خاکی سووریا و پێویستیی ڕاگرتنی  پشتیوانییەکانی لە تیرۆر کردەوە.

پوستێن ھەمان بەش