عێراق و ئێران 14 یاداشتی لێکگەیشنیان ئیمزا کرد

عێراق و ئێران 14 یاداشتی لێکگەیشنیان ئیمزا کرد

 پزشکیان: لەگەڵ عێراق پەیوەندی ئەمنی و بازرگانیەکانمان بە هێزتر دەکەین، پابەندیش دەبین بە ڕێککەوتنەکانی نێوانمان.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان کرد، کە سوودانی لە کۆنگرەکەدا گوتی: 14 یاداشتی لێکگەیشنمان لەگەڵ ئێران ئیمزا کرد.

گوتیشی: ڕێگریی لە پێشلکارییەکانی سەروەری خاکی عێراق و ئێران دەکەین، هەروەها ناهێڵین خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێک بەکار بهێنرێت، ئاماژەی بەوەش دا، سەقامگیری ناوچەکە و هاوبەشەکانمان دەپارێزین.

هەر لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران گوتی: ئێران و عێراق خاڵی هاوبەش و بەیەکگەیشتنن لە ناوچەکە، هەروەها لەگەڵ عێراق ڕێگری لە “تیرۆر” و پاراستنی سەقامگیریی دەکەین.

دەشڵێت: لەگەڵ عێراق پەیوەندی ئەمنی و بازرگانیەکانمان بە هێزتر دەکەین، پابەندیش دەبین بە ڕێککەوتنەکانمان لەگەڵ عێراق، هەروەها لەبارەی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵات گوتی: ئیسرائیل لە غەززە و ناوچەکە کۆمەڵکوژی دەکات، دەبێت موسڵمانان لەبارەی غەززە یەکگرتوو بن.

دەقی ئەو یاداشتەی کە عێراق و ئێران لەسەری ڕێککەوتوون:-

1- یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە بواری هاریکاری ڕاهێنان.

2- یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە بواری لاوان و وەرزشی عێراقی و ئێرانی.

3- یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە بواری ئاڵوگۆڕی کولتووری و هونەری و شوێنەواری عێراقی و ئێرانی.

4- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لەبواری پەروەردەدا.

5- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری مێدیایی عێراق و ئێران.

6- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری لە بواری پەیوەندییەکاندا.

7- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لە بواری پێشخستنی گروپە گەشتیارییە ئاینیەکان.

8- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری لە بواری ناوچە ئازادەکانی عێراق و ئێران.

9- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری لە بواری کشتوکاڵی عێراق و ئێران و سامانە سروشتییەکان.

10- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری لە بواری خزمەتگوزاری پۆستەدا.

11- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لە بواری پاراستنی کۆمەڵایەتی.

12- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لەبواری ڕاهێنانی پیشەیی و تەکنیکی.

13- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری لە بواری پەرەپێدانی هێزی کاری لێهاتووی عێراق و ئێرانی.

14- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری لە بواری چالاکی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و ئێران.

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-09-2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانییەوە پێشوازیی لێ کرا.

سەرۆککۆماری ئێران سەرەتا لە کۆشکی کۆماری لە بەغدا، لەگەڵ د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆ بووەوە و دواتریش لە کۆشکی حکوومی، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کۆ بووەوە.

لە کۆبوونەوەی نێوان سوودانی و پزیشکیان، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی پێ کراوە، “گفتوگۆ لەبارەی ژمارەیەک دۆسیە و بابەتی گرنگ و هاوبەش بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکاریی و هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات، کرا”.

پوستێن ھەمان بەش