شاندی سوریا لە میانی وتارەکەی هاکان فیدان کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی بەجێهێشت

شاندی سوریا لە میانی وتارەکەی هاکان فیدان کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی بەجێهێشت

سوریا داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکەکەی دەکات.

لەگەڵ دەستپێکردنی وتاری هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیادا، لە کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە، شاندی حکومەتی سوریا بە سەرۆکایەتی فەیسەڵ ئەل ـ مقداد وەزیری دەرەوەی سوریا لە کۆبوونەوەکە چووە دەرەوە.

بەشداریکردنی هاکان فیدان لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کۆمکاری عەرەبی دوای 13 ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی دێت.

کەناڵی “ئەل ـ حەدەس”ی سعودی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا وتارەکەی دەستپێکرد، شاندی سوریا هۆڵی کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت و دوای کۆتاییهاتنی وتارەکەی هاکان گەڕانەوە.

بە گوتەی هەندێک لە چاودێران، کشانەوەی شاندی سوریا بەو مانایەیە کە سوریا ناڕازییە لە بەشداریکردنی تورکیا لە کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی و هەروەها هەڵوێستی ئەو وڵاتە لە دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە پیشان دەدات.

پێش کۆبوونەوەکە، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی “RT”، جەختی لەسەر کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سووریا کردبۆوە و گوتبووی: ئەگەر تورکیا بیەوێت هەنگاوی نوێ لە هاوکارییەکانی سوریا ـ تورکیا بنێت و پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە، پێویستە تورکیا هێزەکانی لە باکوری سوریا و ڕۆژئاوای عێراق کە داگیری کردوون، بکشێنێتەوە.

پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی سوریا کە لە مانگی نیسانی 2022 بە نێوەندگیریی ڕووسیا دەستیپێکردبوو، بەهۆی زۆر کێشە وگرفتی هەڵواسراو، لە نێوان هەردوولادا، پرۆسەکە سەرکەوتوو نەبووە.

سوریا داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکەکەی دەکات، ئەنقەرەش پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە نابێت هیچ مەرجێکی پێشوەختە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە ئارادا بن.

پوستێن ھەمان بەش