تورکیا… هەڵمەتێک لە 44 پارێزگا بەڕێوەچووە و 293 کەس دەستبەسەر کراون

تورکیا... هەڵمەتێک لە 44 پارێزگا بەڕێوەچووە و 293 کەس دەستبەسەر کراون

یەرلیکایا: “دەست بەسەر 470 کیلۆ مادەی هۆشبەر و 4 ملیۆن و 945 هەزار و 832 حەبی هۆشبەردا گیراوە”.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، “لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی “نارکۆچەلیک ـ 39″ کە لە 44 پارێزگادا بەڕێوەچوو، 293 کەس دەستبەسەر کراون”.

 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 18/9/2024، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (X)، ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەی بڵاوکردەوە کە بۆ سەر بازرگان و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر ئەنجامدراوە.

 بە گوتەی یەرلیکایا، لە 44 پارێزگا لەنێویاندا ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ، ئانتاڵیا و ئیزمیری تورکیا و ئامەد، دیلۆک، مەڵەتی، رووها، مەڕەش، شرنەخ، مووش، خارپێت، سەمسوور و ئەرزینگانی باکووری کوردستان، ئۆپەراسیۆنی “نارکۆچەلیک ـ 39″، بەڕێوەچووە.

 یەرلیکایا دەستنیشانی کردووە کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر 470 کیلۆ مادەی هۆشبەر و 4 ملیۆن و 945 هەزار و 832 حەبی هۆشبەردا گیراوە.

وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، 293 کەس دەستبەسەر کراون.

یەرلیکایا ئاشکراشی کردووە کە ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداریی 681 تیم و 1876 ئەندامی هێزی ئەمنی و 9 هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 26 سەگ، بەڕێوەچووە.

بە گوتەی یەرلیکایا، ئەو ئۆپەراسیۆنە بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئەمنیەی گشتی ئەنجامدراون.

پوستێن ھەمان بەش