پارتی “ڕیفاهـ”یش نایهەوێت 4 خاڵی یەکەمی دەستووری تورکیا قسەیان لەسەر بکرێت…

پارتی"ڕیفاهـ"یش نایهەوێت 4 خاڵی یەکەمی دەستووری تورکیا قسەیان لەسەر بکرێت...

حیزبەکانی تورکیا هێشتا یەک بە یەک ڕەگەزپەرستبوونی خۆیان نیشان دەدەن و لەبەرامبەر بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورددا، دەست لە ڕەگەزپەرستیی خۆیان هەڵناگرن.

سوات کلچ جێگری سەرۆکی YRP ڕایگەیاند، ئەوان گفتوگۆ لەسەر خاڵی یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەمی دەستووری بنەڕەتیی تورکیا بە ئەرێنی نازانن و گوتی: “لابردنی خاڵی چوارەم بەواتای کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەسەر 3 خاڵەکەی دیکە دێت و لە ئێستادا تورکیا پێویستی بەم شتە نییە”.

سوات کلچ جێگری سەرۆکی پارتی ریفاهـ (YRP) لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامەنووسان دا.

کلچ سەبارەت بە دانوستانەکانی هەموارکردنەوەی دەستوور قسەی کرد و بەجۆرێک وەڵامی سەرۆکی “هوداپار”ی دایەوە.

کلچ گوتی: ” YRPبەشداریی لە گفتوگۆکردن لەسەر خالەکانی یەکەم و دووەم و سێهەم و چوارەمی دەستووری بنەرەتیی تورکیا نابێت و پێیوایە نابێ ئەو خاڵانەی دەستوور نیقاشیان لەسەر بکرێت”.

کلچ باسی لەوەشکرد، تورکیا بە پێی هیچ لایەنێک دەستوورەکەی ناگۆڕێت و دەستوور دەقێکی بنەڕەتییە و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە.

کلچ دەڵێت:

“ئەگەر دەستووری بنەڕەتی لە پەرلەمان بنووسرێت، پێویستە دوای ئەوەی لە پەرلەمانیش پەسەند کرا، ڕیفراندۆمی بۆ بکرێت.

دەبێت ڕەنگدانەوەی ڕوانگە گشتیەکانی کۆمەڵگا بێت. بێگومان هیچ نووسراوێکی دەستی مرۆڤ پیرۆز نیە، هیچ دەقێکی مرۆیی نە وردە و نە تەواوە. ئێوە بەشداریی لە سەدا نەوەد و نۆی شتەکان دەبن و لەوانەیە لە یەکێک لەوانەش بێ هیوا بیت. ئەمەش هەموو کەسێک دەگرێتەوە. بۆیە پێویستە هەموو ئەو دەقە دەستوورییانە بپارێزین کە یەکسانی هاوبەش و یەکسانی ڕەها و یەکسانی فرەلایەنە نیشان دەدەن و دەبێ وێکڕا بەرگریی لێبکەین. باسی پایتەختی تورکیا و زمانی فەرمی تورکیا و بەهاکانی میللەت و دەوڵەتی کۆماریمان هیچ سوودێکی نییە نە بۆ ئێوە و نە بۆ هیچکام لە ئێمە. لادانی خاڵی چوارەم بە واتای کردنەوەی دەرگا بۆ نیقاش کردنی 3 خالەکی دیکە دێت و ئەمە شتێک نییە کە تورکیا ئەمڕۆ پێویستی پێیەتی. ئەمڕۆکە تورکیا پێویستی بە نیقاش کردنی دەستووری بنەڕەتیی نیە”.

حیزبەکانی تورکیا هێشتا یەک بە یەک ڕەگەزپەرستی خۆیان نیشان دەدەن و لەبەرامبەر بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورددا، دەست لە ڕەگەزپەرستیی خۆیان هەڵناگرن. حیزبێکی وەک “ڕیفاهـ” کە خۆی وەکوو حیزبێکی ئایینی پیشان دەدات، لەڕاستیدا لەسەر بنەمای بیروباوەڕەکەی خۆیان بەرگری لە ئایدۆلۆژیای “سێنتێزی ئیسلامی تورک” دەکەن و بە ناوی ئاینەوە ڕەگەزپەرستی دەکەن.

پوستێن ھەمان بەش