“وەسلا بەشار” و “دیلان حەسەن” خەڵکی “وان”ی باکووری کوردستان بوون و لە 16ی تەمووزدا گیانیان لەدەستداوە.
پەکەکە ناسنامەی ئەو دوو کچەگەریلای خۆی ئاشکرا کرد کە 10 ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هێرشیان کراوەتەسەر و گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25/7/2024، هەپەگە، باڵی سەربازیی پەکەکە، ناسنامەی ئەو 2 گەریلای خۆی ئاشکرا کرد کە لە ڕێکەوتی 16ی تەمووزدا لە پارێزگای “وان”ی باکوری کوردستان لە هێرشیکی دەوڵەتی تورکدا کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.
ئەو دوو کچە گەریلایە کە پەکەکە بەرەو مەرگی بردوون، ناوەکانیان “وەسلا بەشار” و “دیلان حەسەن” ڕاگەیەندراوە و گوتراوە کە هەردووکیان خەڵکی “وان”ی باکووری کوردستان بوون. پەکەکە ئەو دوو کچە کوردەشی وەکو هەزاران کیژۆڵەی دیکەی کوردستان فریو داوە و لەژێر ناوی بەرخۆداندا بەکوشتنی داون.
پەکەکە ڕۆژانە وێنە و ناسنامەی پۆلێک لە کچان و کوڕانی کورد بڵاو دەکاتەوە کە لە ساڵان و مانگەکانی ڕابردوودا لە بەرخۆدانێکی ساختە و لەپێناو دروشمی دژەگەلیی “برایەتی گەلان”دا بەدەست چەکدارانی دەوڵەتی تورکی بەکوشتن داون و پاش تێپەڕبوونی ماوەیەکەی بەرچاو، ئەوسا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان بە بنەماڵەکانیان و ڕای گشتی کوردستان ڕادەگەیەنێت. گریمانە دەکرێت هێشتا هەزاران لاوی کورد مابن کە هێشتا پەکەکە ئامادە نیە هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان ئاشکرا بکات.