لەدوای داگیرکردنی عەفرینەوە، زۆرجار شەڕ و پێکدادانی خۆبەخۆ لەنێوان میلیشیا داگیرکەرەکاندا روو دەدات و خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی.
لە ئەنجامی شەڕی نێوان میلیشیا داگیرکەرەکانی بەکرێگیراوی تورکیا لە هەرێمی داگیرکراوی “عەفرین”ی ڕۆژئاوای کوردستاندا، کەسێک کوژرا و 26 کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە چەند لە گوندێکی هەرێمی عەفریندا، لە دوێنێوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزێکی هاوبەشی تاقمەکانی “هەمزات” و “ئەمشات” لە لایەک و تاقمی “سقوور ئەل ـ شمال” لە لایەکی دیکەوە ڕویداوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە ئەنجامی شەڕەکەدا کەسێک کوژراوە و 26 کەسیش برینداربوون کە ژن و منداڵیان تێدایە.
شەڕ و پێکدادان لە نێوان “جەبهەی ئەل ـ شام” و تاقمی سققور ئەل ـ شمال لەلایەک و هێزە هاوبەشەکان لەلایەکی دیکەوە لە لە گوندەکانی “عەلی کارا، کەمرووک، کەفەر جەنێ و قەتمێ”ی عەفرین سەریهەڵداوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هەواڵگری تورکیا فەرمانی بە هێزە هاوبەشەکان و گروپی سوڵتان موراد کردووە، هێرش بکەنە سەر ناوەندی “سقوور ئەل ـ شمال” و لە بەرانبەردا “جەبهە ئەل ـ شام”یش پشتگیریی لە “سقور ئەل ـ شمال” کردووە.
دانیشتوانی کەمپەکانی نزیک گوندی “کەفەر جەنێ” پاش ئەوەی کە ژمارەیەک گوللـەهاوەن بەر خیوەتەکانیان کەوت، داوای ڕاگرتنی شەڕەکە و گواستنەوەی خەڵکیان لە کەمپەکان کرد.
لەدوای داگیرکردنی عەفرین لە ئاداری 2018دا، لەلایەن سوپای تورکیا و میلیشیا داگیرکەرەکانی بەکرێگیراوی دەولەتی تورک کە خۆیان بە “گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا” ناو دەبەن، زۆرجار شەڕ و پێکدادانی خۆبەخۆ لەنێوان چەکدارانی گرووپە داگیرکەر و تیرۆریستییەکاندا روو دەدات و لەئەنجامدا خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی.