یەرلیکایا بەرانبەر بە پەرلەمانتارانی دەم پارتی گوتی؛ “هەزار و 93 تیرۆریستمان کوشتووە”

یەرلیکایا بەرانبەر بە پەرلەمانتارانی دەم پارتی گوتی؛"هەزار و 93 تیرۆریستمان کوشتووە"

“ڕادەی پەیوەست بوون بە پەکەکە لە هەمووکات زیاتر دابەزیوە و ماوەی ساڵێکە  تەنیا 56 کەس پەیوەندییان بە پەکەکەوە کردووە”.

عەلی یەرلیککایا وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە پارلەمانی ئەو وڵاتەدا وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی “دەم پارتی” (DEM)ی دایەوە و لەسەر چەند بابەتێک قسەی کرد. ناوبراو لەسەر دەستبەسەر کردنی لاوانی کورد لە مێرسین تا دەگاتە دەستبەسەرکردنی سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ، وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.

یەرلیکایا هەروەها باسی لە شەڕی دژ بە پەکەکە کرد و ڕایگەیاند “لە دەسپێکی کابینەی نوێی تورکیاوە هەتا ڕێکەوتی 22ی تەممووز، 1093 ‘تیرۆریست’ی پەکەکە-کەجەکە کوژراون”.

یەرلیکایا ئاشکراشی کرد کە لە سەردەمی ئەواندا، ڕادەی پەیوەست بوون بە پەکەکە لە هەمووکات زیاتر دابەزیوە و تەنیا 56 کەس پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پەکەکەوە کردووە.

یەرلیکایا ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سەردەمی ئەواندا 174 چالاکی بەرپەرچ دراونەتەوە، کە 130 لەوان هێرش بە بۆمب بووە. یەرلیکایا هەروەها گوتیشی، توانیویانە 642 ڕێکخستنی تاوانە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی، ناوچەیی و ناوخۆییەکان هەڵبوەشێننەوە و 4 هەزار و 321 کەسیان دەستگیرکردووە کە 2 هەزار و 272 کەس لەژێر کۆنترۆڵی دادوەریدان و دەستیان بەسەر 106 ملیار لیرەشدا گرتووە.

یەرلیککایا ئاشکرای کرد کە 526 کەسیان لەوانە دەستبەسەر کردووە کە ناویان لە لیستی سووری داواکراواندا بووە و دەشڵێت: “تا ئێستا 35 هەزار و 695 کەسمان بە تاوانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە تلیاک و 1093 کەسیشیان بە تاوانی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکردووە. لە ژێر کۆنترۆڵی دادوەریدا ئەم ژمارەیە 50 هەزار کەسی تێپەڕاندووە. 345 هەزار کەس لە زیندانەکاندا هەن کە 112 هەزاریان بەهۆی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکانەوە گیراون”.

پوستێن ھەمان بەش