پارادایمی بێدەوڵەتبوونی ئۆجەلان، بەشێکە لە پەیماننامەی لۆزان

111

کوردانی باکوور جگە لە دروشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ، بژی برایەتی گەلان” هیچ دروشمێکی دیکە نازانن. ئەم بێشعوورییە دەوڵەتی تورکی پێکینەهێناوە، بەڵکوو بەرهەمی ئیدئۆلۆژیی پەکەکەیە.

پەیمانی لۆزان کە لە 23ی تەمووزی 1923دا واژۆ کرا، دابەشکردنی کوردستان و حوکمڕانی و داگیرکاریی فارس و تورک و عەرەبی بەسەر کورددا بە ڕەوا دانا. لە ماوەی ئەم 101 ساڵەدا کورد بەردەوام لەگەڵ کۆمەڵکوژی و بەرنامەی ئاسمیلاسیۆن و تێکدانی دیمۆگرافی ڕووبەڕوو بووە. بە گشتی ئەمە بۆ ڕێگریکردن بوو لە بەنەتەوەبوونی کورد. بە هەزاران مرۆڤ گیانیان لەدەستدا، نەسڵەکانی کورد لەناو چەرخەکانی داگیرکاریدا ورد و خاش کران، بیرەوەرییەکی زۆر بەئازاری لە زەینی مەتەوەی کورددا دروست کرد. بەڵام دیسانیش ویست و داخوازیی کورد بۆ ئازادی و بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆیان، کۆتایی پێنەهات. هەندێک کەس تەسلیم کران یان تەسلیم بوون، بەڵام خواستی کوردن بۆ دڕاندنی پەیماننامەی لۆزان بە زیندووی مایەوە.

دەوڵەتانی داگیرکەر کاتێک کە بەرخۆدانی کوردیان لەدژی لۆزان بینی، ویستیان کە شعووری خۆبەڕێوەبەریی کوردان لەناو ببەن. هەربۆیە پرۆژە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیان بردەپیش. یەکێک لەو پرۆژانە ئەوە بوو کە نەتەوەی کورد تەسلیم بە ئایدئۆلۆجی چەپگرایانە و ئۆممەتگەرایانە بکەن. ئەو دوو ئایدۆلۆژیایە، زیاتر لە ناسنامەی کوردایەتی و ناسنامەکانی دیکە درانەپێش و هاوکات خەباتی نەتەوەیی کوردانیان بۆخۆیان وەک دوژمن دەبینی. ئەگەر لە دۆخی هەر چوارپارچەی کوردستان ورد ببینەوە، جێبەجێکردنی ئەو جۆرە سیاسەتە لەسەر عەلەویەکان و یارسانەکان و هتد… بە ڕوونی دەبینین. ئامانجیش ئەوە بوو کە کورد نەتوانێت شوناسێکی نەتەوەیی یەکگرتوو دروست بکات، ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی کورد بدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە ڕۆڵی پەکەکە لەم سیاسەتەدا زۆر گرنگە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە کە بە دروشمی کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو هاتنە سەر شانۆی سیاسی، دوای گەڕانەوەی ئۆجەلان بۆ تورکیا لە 15ی شوباتی 1999دا، سووڕانەوەیەکی یوتێرنیان بۆخۆیان دروستکرد. ئۆجەلان هێشتا لەناو فڕۆکەکەدا بوو کە گوتی: “دایکم تورکە و دەمەوێت خزمەتی دەوڵەتی تورک بکەم”. ئەم لێدوانە بوو بە بنەمایەک بۆ پارێزنامە (دفاعیە)کەی کە لە 5 بەش پێکدێت. لێدوانەکەی ئۆجەلان کە دەڵێت “دەمهەوێت خزمەت بە دەوڵەتی تورک بکەم”، بناخە و بنەمای سەرەکی هەموو پارێزنامەکەی بوو، واتە دەوڵەتێکی داگیرکەری بە پیرۆز دانا و کڕنۆشی بۆ برد.

پارێزنامەکەی ئۆجەلان کە لە ئیمرالیدا نووسیویەتی، بە چەمکەکانی وەکو ئانارشیست، ئیکۆلۆژیک، پۆستمۆدێرن و ئاپۆلیتیک ڕازاوەتەوە. هەر بۆیە بۆ ئەو بەناو ڕۆشنبیر و نووسەر و خوێندکارانەی کورد کە لە ڕووی فیکرییەوە زۆر بەتوانا نین، گەلەک سەرنجڕاکێش بوو. بەڵام ئەو کەسانەی واتای ڕاستەقینەی چەمکەکان دەزانن و زۆر زیرەکن لە دیراسەی مێژوودا، زۆر باش دەزانن کە پارێزنامەکەی ئۆجەلان سیستەمە مەحکووم کراوەکەی لۆزان دەڕازێنێتەوە و جارێکی دیکە بە بەڵێنێکی نوێیەوە پێشکەشی نەتەوەی کوردی دەکات.

نەک هەر پارێزنامەکەی، بەڵکوو هەڵوێستەکانیشی لە دادگادا، وەرچەرخانێکی نوێی لە پەکەکەدا دروستکرد. دەتوانین بە ڕوونی ببینین کە پەکەکە چۆناوچۆن بووەتە ئامرازێک بۆ شەرعیەتدان بە لۆزان، چونکە ئۆجەلان لە تەواوی پارێزنامەکەیدا جەختی کردۆتەوە کە دژی گۆڕینی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتە داگیرکەرەکانە. ئۆجەلان دەڵێت کە دەوڵەت زۆر زۆر خراپە و سوێند دەخوات کە ئێمە داوای دەوڵەت ناکەین. ئۆجەلان ویستی لە ڕوانگەی مۆدێرنیتە دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیکدا کورد بڕازێنێتەوە. ئۆجەلان دەیهەوێ ئەرکی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک وەکوو بەهەشتی سەر زەوی بەو کوردانە پیشان بدات کە هێشتا لە زۆر شوێن هەبوونیان قبوڵ ناکرێت و داگیرکەران دەیانەوێت هەموو ڕۆژێک لە ژێر پۆستاڵەکانیاندا سەرکەوتیان بکەن و ڕۆژانە دەنگی تانک و تۆپ و گوللـە دەبیستن.

ساڵی پار لە ئامەد هەندێک کەس ویستیان تاقیکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ئەنجام بدەن، وێنەی قازی محەممەدیان پیشانی خەڵک دەدا، بەڵام کەس نەیناسیەوە. ئەم جەماوەرەی پەکەەک کەوا ناتوانن بە زمانی دایکیی خۆیان قسە بکەن، سەربوردە و مێژووی خۆیان نازانن، بێگومان قازی محەممەد ناناسن. پێیان وایە بەرخۆدان پارادایمێکە کە دەتوانێت پارادایمی دونیا ڕزگار بکات و پێیانوایە هەمووان ئیرەیی بە پارادایمەکەی ئەوان دەبەن. هەمان ئەو جەماوەرە، کاتێک کە ئاڵای کوردستان دەبینن دەڵێن ئەوە هێمای دواکەوتووییە، کاتێک کە تۆ باسی دەوڵەتی کوردیی لەگەڵدا دەکەیت، دەڵێن نەتەوەپەروەری نەخۆشییەکە کە ناتوانێت نەتەوەکەی ڕزگار بکات و سیستەمێکی ئازاد بۆ کورد بنیات بنێت. ئەو هەر پێیوایە پارادایمەکەی ئەوان هەموو جیهان ڕزگار دەکات.

نەتەوەی کورد لە مێژووی خۆیدا بۆ یەکەمجارە کە ڕووبەڕووی بێشعوورییەکی لەمشێوەیە دەبێتەوە. خەڵکی باکووری کوردستان، تەنانەت دوای دەیان کۆمەڵکوژی، دەهاتنە مەیدان و دەیانگوت: بژی کوردستان، بمرێ کۆیلایەتی. ئەم دروشمەش دروشمێکی ڕاستەقینە بوو، ئەوەی کە دەتوانێ سیستەمی لۆزانیش هەڵوەشێنێتەوە، ئەم دروشمەیە. بەڵام ئێستا کوردانی باکوور جگە لە دروشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ، بژی برایەتی گەلان” هیچ دروشمێکی دیکە نازانن. ئەم بێشعوورییە دەوڵەتی تورکی پێکینەهێناوە، ئەم نەزانی و بێشعوورییە، بەرهەمی پەکەکەیە و نەتەوەی کورد بەم ئایدۆلۆژیای پەکەکە، لە ئازادی ڕاستەقینە، لە ئازادی خاک و نیشتمان دوور دەکەوێتەوە.

هەر بۆیە ئەو قسانەی کە پەکەکە دژی لۆزان دەیانکات، ڕاست نین. لە ڕاستیدا پەکەکە دژایەتی لۆزان ناکات، بەڵکوو پەکەکە لە چوارچێوەی سیستەمی لۆزاندا، بەرگری لە پەیماننامەی لۆزان دەکات و دەیپارێزێت. ئەو کەسانەی کە لە 101ـەمین ساڵوەگەڕی پەیماننامەی لۆزاندا، دەیانهەوێت پەیماننامەکە هەڵوەشیتەوە، پێویستە بزانن کە پارادایمی “دەمۆکراتیک، ئەکۆلۆژیک و ئازادیی سێکس”ی ئۆجەلان، بووەتە سەرچاوەیەک بۆ بەهێزکردنی سیستەمی لۆزان، بۆیە پێویستە ئەم پارادایمە لەقاو بدرێت کە بەرگری لە پەیمانی لۆزان دەکات و دەیپارێزێت.

پوستێن ھەمان بەش