ئێوە بەرە بەرە لەناو دەچن!!!

ئێوە بەرە بەرە لەناو دەچن!!!

پێویستە هێزە کوردستانیەکان لە ژێر ئاڵایەکی نەتەوەییدا یەکبخەین، تا ئەو کارە نەکرێت ئێمە وەکوو کوردانی باکوری کوردستان، چاومان بە ئازادی ناکەوێت.

بووبێ ئەسەر

پەرینچەک دەڵێت: “ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی قەناعەتیان بە پڕۆژەی کوردستانی گەورە هێناوە”. پەرینچەک بۆچی وای گوت؟ چونکە مەترسییەکی گەورە لەبەردەم گەلی کورددا هەیە و بۆ ئەوەی سەرنجی کورد بداتە لایەکی دیکە تاوەکوو کورد ڕاوەستە لەسەر ئەو مەترسییە نەکەن و نەیبینن. هەربۆیە ناجوامێرانە ئەم باسەی هێنایەگۆڕێ تا ڕۆژەڤی کوردانی باکوری کوردستان بگۆڕێت.

ئەم قسانە کە پەرینچەک و کەسانی دیکەی وەک ئەو کە پیاوی دەوڵەتی قووڵی تورکن، دەیانکەن، دەبێت مرۆڤ بەپێچەوانە بیانخوینێتەوە بۆ ئەوەی لێی تێبگات. چونکە پیاوانی دەوڵەتی قووڵی تورکیا لە نووسینەکانیاندا ئەو ئاواتانە باس دەکەن کە لە دڵی کورداندان!. بەڵام لە بنەڕەتدا زۆربەی نووسینەکانیان پەیام و سیگناڵن بۆ دەوڵەتەکەیان. هەر بۆیە مرۆڤ لە خوێندنەوەی پێچەوانەی ناوەڕۆکی نووسینی ئەو جۆرە کەسانە، تێدەگات کە پیلانێکی مەترسیدار لە دژی گەلی کورد لە ئارادایە. بەپێی باوەڕی من ئەو مەترسییە لە سەر دەستی “پارتی دەم” دەکرێت کە ئەمەش دەتوانێ لۆزانی دووهەم بێت.

زۆر گرنگە کو میللەتی کورد و بەتایبەت ئەو کوردانەی کە دەنگیان بە “پارتی دەم” (DEM) داوە، پێویستە ئاگاداری قسە و کردارەکانی پارلەمانتارە تورکەکانی پارتی دەم و مامۆستایانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش بن. ئێستا بە هەموو شێوەیەک و یەک بە یەک بۆ بە تورککردنی کوردان، لە سەر دەستی “دەم پارتی” کاری بەرفراوان دەکەن.

بەداخەوە سیاسەتوانەکانمان و سەرکردەکانی حزبە کوردستانیەکان هێشتا لەم بابەتە تێنەگەیشتوون. ئەوان لەوە تێنەگەیشتوون کە دۆغو پەرینچەک و ئەوانەی وەک ئەو، هەمیشە ڕێگا پێشانی ئاقڵمەندانی دەوڵەت دەدەن و ئەوانیش جێبەجێی دەکەن.

ڕاستییەکە ئەوەیە دەوڵەت بە هەموو کارمەندەکانیەوە، بێکار دانەنیشتووە و داشنانیشێت. هەرچەندە باکوری کوردستانیشیان بێدەنگ کردبێت، بەڵام هەمیشە گومانیان هەیە کە ئەگەر چەخماخەیەک لێبدرێت ڕەنگە ببێتە برووسکەیەک کەوا ئەوان بسووتێنێت.

هەر بۆیە هێشتا کاربەدەستەکانیان لە هەوڵدان و کارەکەشیان بە تەواوەتی لەناوبردنی کوردانە. بەڵام ئێمە وەک سیاسەتمەدار و حزبە کوردستانیەکان تا چەندە ئاگاداری ئەم دۆخەین؟

من بڕوا ناکەم کە حزب و سیاسییەکانمان ئاگاداری پیلان و پڕۆژەکانی ئەوان بۆ تێکشکاندن و لەناوبردنی کورد، نەبن. ئاگایان لێیەتی بەڵام ئەوان بە ڕۆحی نیشتمانپەروەرانە و بە قووڵی و دووربینیەوە بیر لە مەسەلەکە ناکەنەوە. ئەگەر وەها بیریان لێ بکردایەتەوە، بۆ ڕێگریکردن لێی هەندێک هەوڵیان دەدا.

من بۆخۆم هیچ هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە مەترسییەکانی بەردەم گەلەکەمان نابینم. هەموو حزب و سەرۆک و بەرێوەبەرەکانمان، بە ئیسراحەت پاڵیان لێداوەتەوە و خەوتوون. هەرکام لەوان بڕوایان بەخۆیان هەیە کە دەتوانن چەند ریشسپییەک بکەنە هەڤاڵ و لایەنگری خۆیان.

ئەگەر لە ئایندەیەکی نزیکدا بەرەیەک و یەکیەتییەکی هێزە کوردستانیەکان پێکنەیەت، ڕووبەڕووی لۆزانی دووەم دەبینەوە. ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە کوردەکانی باکوری کوردستان نەک تا سەد ساڵی دیکە، بەڵکوو بۆ ماوەیەکی زیاتر لەوە نەتوانن داوای مافە نەتەوەییەکانیان بکەن.

هەزار جار بەداخەوە سەرۆک و ڕێبەرانی حیزبە کوردستانیەکان، پیر بوون و دوربین نین، بۆیە ئەم ڕاستییە نابینن. هەریەکەیان لە ڕێگای چەند موریدێکی خۆیانەوە وەسفی خۆیان دەکەن، دەچنە گەشت و سەیران و سەردانی هەڤاڵەکانیان لە ئەورووپا دەکەن، کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن و کەیف و سەیران دەکەن. بەو تەمەنی پیریەی خۆیانەوە، بەشداریی لە بەرنامەی شەوان دەکەن. بەمەش ڕێگری لە گەنجان دەکەن و هەموو ئەمانەش وەکو خەبات بۆ ئازادی گەل پیشان دەدەن. هەروەها لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا و باکووری کوردستانیشدا بەرەو لای حزبێکی وەکوو “پارتی دەم” هەڵدێن کە دەیهەوێت کوردەکان بکات بە تورک و تورکیەیی.

چونکە زۆربەی حیزبەکان و سەرکردەکانیان، هەر بەشێوەی من من بیر دەکەنەوە، ناتوانن ئەو مەترسییەی لەبەردەم گەلەکەیاندا هەیە بیبینن و بیخوێننەوە. ئەوان لەوە تێناگەن کە لە ئێستادا جگە لە بەرەیەکی نەتەوەیی، ئێمەی کوردی باکووری کوردستان، هیچ ڕێگاچارەیەکی دیکەمان نییە.

چونکە ناتوانین هێزەکانمان لە ژێر خێوەتێکی نیشتمانیدا یەکبخەین. دەسەڵاتدارانی تورکیا لەگەڵ ڕۆشنبیرەکانیان، پڕۆژەکانی تایبەت بە لەناوبردنی کورد لەسەر دەستی “پەکەکە-دەم پارتی”، بەکاردەهێنن.

ئێمە هەنگاو بە هەنگاو خەریکە لەناو دەچین و نامێنین. زمان لە مەترسیدایە، بەها نەتەوەییەکانمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەناو دەچن زۆرێکی لەناوچووە، داب و نەریت و نۆرمەکانمان خەریکن دەفەوتێن و نامێنن. لە باکوری کوردستان سیاسەتیش مردووە.

منداڵان، واتە گەنجانی باکوری کوردستان، بەبێ ئەوەی خۆیان ئاگایان لێبێت، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو تورکبوون دەڕۆن. ئەگەر ئەمڕۆکە هەندێ شت هێشتا لەسەر پێی خۆیان مابن، ئەوە لە سایەی بەساڵاچووەکانەوە ماوە. ئەگەر ئەوانیش کۆچی دوایی بکەن، ئیدی هیچ شتێکمان نامێنێتەوە.

بۆیە پێویستە سیاسەتمەدارەکانمان، خویندنەوەی دروست بۆ نووسین و قسەی کەسانی وەک پەرینچەک بکەن. ئەوان دەزانن چییان کردووە و چی دەکەن. کەسانی وەک ئەو کلیلی دەوڵەتی قووڵی تورکن. بەڵام بەداخەوە ئێمە ئەوە نابینین…

سەرۆک و ڕێبەر و سەرکردەی حیزبەکان بەخۆیان دەڵێن ئێمەی کوردستانیین، ئەمە دەبینین بەڵام بێدەنگن. ئەوانەش دەنگ دەکەن، هیچ دەسەڵاتێکیان نییە. بۆیە لە ئێستادا فەرزترین شت ئەوەیە کە ئێمە ڕۆژێک پێش ڕۆژێکی تر، هێزە کوردستانیەکان لە ژێر ئاڵا و خێوەتێکی نەتەوەییدا یەکبخەین.

تا ئەو کارە نەکرێت ئێمە وەکوو کوردانی باکوری کوردستان، چاومان بە ئازادی ناکەوێت. هەروەها باشووری کوردستانیش دەکەوێتە مەترسییەوە. چوونکە بەهێزبوونی باکوری کوردستان، دەبێتە هۆی پاراستنی باشووری کوردستانیش. داگیرکەرانی ئێمە ئەمە باش دەزانن بەڵام ئێمە نایزانین و تێناگەین کە خەریکە دەفەوتین و لەناودەچین…

پوستێن ھەمان بەش