بۆچی پەکەکە پشتگیری یەنەکە دەکات؟

بۆچی پەکەکە پشتگیری یەنەکە دەکات؟

هۆکارەکەی ڕێگریکردنە لە دەستەبەربوونی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و ڕێگریکردنە لە بەدەوڵەتبوونی کوردستان.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا پەکەکە بەشێوەیەکی چالاکانە پاڵپشتی لە یەکێتی نیشتمانی (یەنەکە) دەکات. بێگومان ئەم پاڵپشتی کردنە هۆکاری زۆری هەیە و پێویستی بە هەڵسەنگاندنی ورد و هەمەلایەنە هەیە. بەڵام زۆرجار دەستەواژەیەک بۆخۆی وەکوو دە لاپەڕەی نووسراو، ئامانجە سەرەکییەکە ئاشکرا دەکات.

لەم هەڵبژاردنەدا گەمەی زۆر کرا. یەنەکە پشتی خۆی بە بەغدا گەرم کردووە و هەوڵدەدا بە هەر شێوەیەک بۆ دەکرێ، ڕێگری لە سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان بکات. بەهۆی سکاڵاکانی یەنەکەوە، گۆڕانکاریی زۆر لە یاساکانی هەڵبژاردندا کرا و مافی پێکهاتەکانی کوردستان پێشێل کرا.

با ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە. بە سەیرکردنێکی ڕۆژانی ڕابردوو، ڕەنگە باشتر لە ڕووداوەکانی ئەمڕۆ تێبگەین. سەیری ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە لە ئامەد بکەن کە نزیکەی 15 ساڵە وەکوو پارلمانتاری هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیادایە. “نورسەل ئایدۆغان” کورد نییە، تەنها هاوسەرگیریی لەگەڵ کوردێکدا کردووە. نورسەل لە ناو پەکەکە و حزب و لایەنەکانی سەر بە پەکەکەدا، کەسایەتیەکی زۆر کاریگەر بوو، واتە وەکوو نوێنەری دەوڵەتی قووڵ و پشتپەردەی تورک بوو لەناو پەکەکەدا.

نورسەل لە هەڤپەیڤینێکی خۆیدا دەڵێ: “لەوێ (باسی باشووری کوردستان دەکات) کورد دەیهەوێت دەوڵەتێک دابمەزرێنێت. تەنانەت هەوڵی یەکخستنی کوردی چوار پارچە و بنیاتنانی دەوڵەتی کوردی دەدەن. بڕوام پێبکەن یەکەم بەربەست لەبەردەم دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیدا، بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانە. ئۆجەلان دەیهەوێت پرسی کورد لە سنووری تورکیا، واتە لە ناو سنوورەکانی “میساقی میللی”دا چارەسەر بکرێت. واتە دەبێ چارەسەرەکە لەچوارچێوەی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی تورکیادا پێکبێت. باوەڕ بکەن ئەمڕۆ پەکەکە وازی لەو بیرۆکەیە هێناوە. ئەمریکا و بەریتانیا خەیاڵی دامەزراندنی کوردستانی گەورەیان هەیە. ئەو هێزەی کە ڕێگری لە دامەزراندنی کوردستانی گەورە دەکات، ئەو بزووتنەوەیە کە ئۆجەلان دروستی کردووە.

ڤیدیۆکە بە زمانی تورکییە و دەقەکەی وەکوو خۆی وەرگێڕدراوەتەوە سەر زمانی کوردی.

 

ئەمەش هۆکاری سەرەکییە کە پەکەکە ئەمڕۆکە لە هەڵبژاردنی پارلمانی کوردستاندا، پشتیوانی لە یەنەکە دەکات. واتە هۆکارەکە بۆ ڕێگریکردن لە دەستەبەربوونی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و ڕێگریکردن لە بەدەوڵەتبوونی کوردستان دەگەڕێتەوە. هۆکارەکەی ڕێگریکردنە لە بەهێزبوونی قەوارەی سیاسی ـ نەتەوەیی هەرێمی کوردستان.

بۆیە ئەگەر مەسەلەکە کورد و کوردستان بێت، ئەگەر ئامانجێکی نیشتمانپەروەرانە هەبێ و ئەگەر پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە ئەساس وەربگیردرێت…، پێویستە هەموو لایەک ئەم ڕاستییە ببینن. باوەڕ بکەن لە ناو پەکەکەدا زۆرێک لە وڵاتپارێزان و نیشتمانپەروەرانی کورد، ئەم قسانە قبووڵ ناکەن کە لە دژی بەدەوڵەتبوونی کورد دەکرێن.

یارییەکی زۆر گەورە هەیە، بۆ تێکدانی ئەو یاریانەی کە هەڕەشەن لەسەر خاکی کوردستانی ئازاد، دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بدەن.

پوستێن ھەمان بەش