بایک لێدوانێکی وەکوو خۆی سووک و بێ نرخی بڵاو کردەوە

بایک لێدوانێکی وەکوو خۆی سووک و بێ نرخی بڵاو کردەوە

پەکەکە تا ئێستا نەیتوانیوە یەک مەتر لەخاکی کوردستان ڕزگار بکات و هەموو باکوور و بەشێک لە ڕۆژئاڤا و بەشێکی باشووریشی ڕادەستی دەوڵەتی تورک کردوە.

جەمیل بایک سەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەریی کەجەکە، لە رێکەوتی 7ی ئۆکتۆبەردا چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ANFی پەکەکەدا ئەنجامدا. لە هەڤپەیڤینەکەدا بایک باسی لە بەقەولی خۆی “پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی دژ بە ئۆجەلان” کرد و جارێکی دیکە وەکوو ئەرکی هەمیشەیی خۆی، بەشێک لەو قسە و هەڵسەنگاندنانەی کە وەکوو خۆی سووک و بێ ئەرزش بوون، تەرخانی کرد بۆ قسە کردن لەسەر پەدەکە و بنەماڵەی وڵاتپارێزی بارزانی. چیتر ناتوانی گوێ لە لێدوانێکی بەرپرسێکی پەکەکە بگریت و نەبینی کە تێیدا پەلاماری بەهاکانی کورد و بنەماڵەی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان نەدرێت. هەروەک چۆن مرۆڤ ناتوانێ بەبێ خواردن و خواردنەوە بژیت، بە هەمان شێوە بەرپرسانی پەکەکەش ناتوانن بەبێ هێرشکردنە سەر پارتی و بنەماڵەی بارزانی، لێدوان بدەن و بژین.

بایک لە چاوپێکەوتنەکەیدا ستایشی گەڕانەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بۆ تورکیا کرد و بە “پیلانگێڕی نێونەتەوەیی” ناوی برد، بەڵام ئێستا بۆ هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر ڕوونە کە ئەم گەڕانەوەیە نەک هەر “پیلانگێڕی نێودەولەتی” نەبوو، بەڵکو گەڕانەوەیەک بە دڵخوازی خودی ئۆجەلان بوو. چونکە لەو کات بوملاوە دەوڵەتی قووڵ و پشت پەردەی تورکیا، لە هۆتێلەکەی ئیمرالیدا ئەرکێکی نوێی بە ئۆجەلان بەخشی. ئەو ئەرکە نوێیەش ئەوە بوو کە وەکوو ڕاوێژکارێکی دەوڵەتی تورک و وەک بەڵێندەرێکی دەوڵەتی تورک بجووڵیتەوە. ئەمەش لە گرتە ڤیدیۆییەکانی ئۆجەلاندا کە لەلایەن یەکێک لە ستافی MITـەوە تۆمار کراوە و دواتر بڵاو کراوەتەوە، بە ڕوونی دیارە.

بایک و پەکەکە، باس لە کامە خۆڕاگری و تێکۆشانی ئۆجالان دەکەن؟!

لەو کاتەوەی ئۆجەلان گەڕاوەتەوە تورکیا، پەکەکە بەردەوام باس لە ئەشکەنجە و گۆشەگیرکردن (تەجرید)ی ئۆجەلان دەکات، بەڵام ئەگەر مرۆڤ سەیری وێنەکانی ئۆجەلان بکەن، بەتایبەتی ئەو وێنانەی کە لە کاتی سەردانەکەی دەمیرتاش و بەرپرسانی دیکەی هەدەپەدا لە میدیاکان بڵاوکرانەوە، بە ڕوونی دەبینن نەخێر نەک هەر ئەشکەنجە و گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان نییە، بەڵکوو ئۆجەلان ژیانێکی زۆر باش دەژی. ئێمە بە بەڵگەوە ئەمە دەسەلمێنین. داوا لە هەموو کوردێک دەکەین جارێکی دیکە وێنەی زیندانییەکانی زیندانی ئامەد بهێننە پێش چاوی خۆیان، بەڕاستی ئایا هیچکامیان وەک ئۆجالان قەڵەو بوون؟ ئایا ورگی هیچکامیان وەکوو تەلیسە ئارد شۆڕ ببووەوە؟ ئایا ئەگەر بەڕاستی ئەشکەنجە لەسەر ئۆجەلان هەبوایە، بەو جۆرە ورگی وەکوو تەلیسە ئارد شۆڕ دەبووەوە؟!! ئایا ڕووخساری هێندە گەشاوە دەبوو؟ ئایا دەوڵەتی تورک ڕێگەی بە زیندانەکانی بەندیخانەی ئامەد دەدا کتێب بخوێننەوە و لە ناو زیندانەوە پەیوەندی سیاسی دروست بکەن و حزبێک بەڕێوەببەن؟ بێگومان نااا، کەواتە چۆنە ڕێگا بە ئۆجەلان دەدەن ئەمانە بکات؟ چونکە ئۆجەلان تاشارۆنی ئەوانە، چونکە ئەوەی کە لە ئۆجەلان داوا بکرێت بۆ دەوڵەتی تورکی دەکات، کەواتە جەمیل باییک و پەکەکە باسی کامە بەرخۆدان و تیکۆشانی ئۆجەلان دەکەن؟!

ئۆجەلان لە ئیمرالیدا لە دۆخێکی زۆر باشدا دەژی

نەک هەر ئاپۆ لە ئیمرالیدا لە هەلومەرجێکی زۆر سەخت و دژواردا و لە بێ دەرەتانیدا دژی سیستەمی تورکیا نەوەستاوەتەوە، بەڵکو ئاپۆ لە ئیمرالیدا لە هەلومەرجێکی زۆر باش و خۆشدا دەژی و ئەو دەرفەتانەی لە ناو زینداندا بۆ ئاپۆی پەکەکە ڕەخساوە، هیچکات بۆ هیچکام لە زیندانیەکانی کورد کە لەپێناو سەربەخۆیی کوردستاندا زیندانی کراون، نەڕەخساوە و ناڕەخسێتیش. ئەو ئیمکاناتیانەی کە لە ئیمرالیدا بۆ ئاپۆ ڕەخساون، هاوشیوەی ئیمکانیاتی هۆتێلێکی 5 ئەستێرەن. ئەگەر ئیمرالی لەگەڵ زیندانی ئامەد بەراورد بکەین، ئیدی ناتواندرێ گەلی کورد بەو درۆیە فریو بدرێت کە ئۆجالان لەژێر ئەشکەنجەدایە. گەلی کورد ئێستا ئیدی وشیارە و دەزانێت چی ڕوودەدات.

بایک، کە شان بە شانی سەرۆکەکەی [ئۆجەلان] لە هەموو قۆناخەکانی خیانەت لە مێژووی 45 ساڵەی پەکەکەدا، بەرپرسیارە، لە بەشێکی چاوپێکەوتنەکەیدا دەڵێت: ” لە ئێستادا ئەو  بەرخۆدانەی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵیدا بەڕێوەی دەبات حەقیقەتی هەموو گەلی کورد دەرخات. لە هێلی تەڤگەری کورددا، هێڵی خیانەت چیە، هێڵی هاوکاری لەگەڵ دووژمندا چییە، هێڵی وڵاتپارێزی و شۆڕشگێڕی چییە، چی لە مرۆڤەکان دەخوازێت لە هەموو ڕوویەکەوە ئەمە پیشان دەدات و بۆ هەمووکەسێکی ڕوونکردەوە. هەر بۆئەمەش کوردان لە حەقیقەتی بنەماڵەی بارزانی تێگەشتن”. ئێمە نازانین بایک بەم هەڵسەنگاندنانە کە وەکوو شەخسی خۆی بێ نرخن، دەیهەوێت کێ فریو بدات. هەموو کەسێک دەزانێت، ئەو کەسەی کە هێشتا زللـکەیەک بەر ڕوومەتی نەکەوتبوو کە دەستی بە دانپێدانان و خۆزەلیلکردن کرد و هێشتا هەر لە ناو فڕۆکەکە بوو کە گوتی: “دایکی منیش تورکە و من ئامادەم خزمەت بە دەولەتی خۆم [تورکیا] بکەم”، ناتوانێ ببێتە قارەمان و تەمسیلی بەرخۆدان و ئازایەتیی کوردان بکات. بۆیە ڕاستی ئۆجەلان ئەوەیە کە لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت، ڕاستی بنەماڵەی بارزانییش، ئەوەیە کە زیاتر لە 130 ساڵە بەرخۆدان دەکەن و توانیویانە قەوارەیەک ئازاد بۆ باشووری کوردستان دروست بکەن و ببنە ئیلهامبەخشی هەموو نیشتمانپەروەرانی کورد و ئەم ڕاستییانە لەبەر چاوانە و هەمووان دەیزانن و بە چەند درۆ و دەلەسە و چەواشەکارییەکای بایک و پارتەکەی، ئەو بنەماڵەبە شەرەفە، ئەو بنەماڵەیەی کە بەرگری لە ئەرزشەکانی کورد و کوردستان دەکات، ناشیرین نابێت.

هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر دەزانێت بنەماڵەی بارزانی لەپێناو کورد و کوردستاندا خەبات دەکات و دەسکەوتەکانی بەرخۆدانی بنەماڵەی بارزانی ڕوون و ئاشکران، ئەوەی کە دیار نیە، دەستکەوتەکانی پەکەکەیە

بەڵێ، هەموو کوردێکی شەرەفمەند، هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر تێدەگات کە بنەماڵەی بارزانی لەپێناو گەلی کوردستاندا خەبات دەکەن، ئەمە ڕاستییەکی مێژووییە، ئێستاش هەمووان ئەو دەسکەوتانەی کە ئەو بنەماڵەیە بەدەستیان هێناوە، لە باشووری کوردستان دەبینین. بەڵام ئێوە بەخیری خۆتان پێمان دەڵێن دەستکەوتەکانی پەکەکە و سەرۆکەکەی کە لە هۆتێل ئیمرالیدا دەژی، بۆ کورد و کوردستان چ بووە؟ ئەگەر بنەماڵەی بارزانی لەسەر بنەمای پێداویستییەکانیان بکردبا بە بنەما و لەگەڵ ڕژێمەکەی سەدام ڕێککەوتبان، کاتێک سەدام بە بارزانی نەمری گوت، واز لە خەبات کردن بۆ کوردستان بهێنە، چەندەت پارە و موڵک و ماڵتان لە بەغدا بوێت، پێتاندەدەین و بۆخۆتان ببن بە تاشارۆن و بازرگان و کارساز، ئێمە بڕە پارەیەکی واتان پێدەدەین کە ئەگەر 10 نەسڵتان لێی بخۆن هێشتا هەر تەواو نابێت، بەڵام بارزانی نەمر لە وەڵامدا چی بە سەدام وت؟ وتی نەخێر ئێمە پارەمان ناوێت ئێمە خەبات بۆ مافەکانی کورد دەکەین لەپێناو دامەزراندنی وڵاتێکی ئازاددا تێدەکۆشین و تا دواهەناسە بەرخۆدان دەکەین و بەمشیوەیە بەرەو چیاکانی کوردستان بەڕێ کەوت و دوو شۆڕشی گەروەیان بەرپا کرد و هتد… کۆڵیان نەدا و سەریان بۆ دوژمن نەوی نەکرد و سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. ئێستاکە دەرئەنجامی بەرخۆدانی بنەماڵەی بارزانی دیارن، شتە نادیارەکە دەستکەوتەکانی ئێوەیە. ئێوە هەتا ئێستا نەک هەر نەتانتوانیوە یەک مەتر لە خاکی کوردستان ڕزگار بکەن، بەڵکوو هەموو باکوور و بەشێک لە ڕۆژئاڤا و بەشێکی باشووری کوردستانیشتان ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کردوە.

ئێستا بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە ئەگەر کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بیەوێت لە دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان ڕزگاری بێت، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێبازی بارزانی نەمر، چونکە تاکە ڕێبازێک کە بتوانێت کورد بەرەو لێواری ئارامی ببات و ڕزگاریان بکات، ڕێبازی بارزانییە، ئەوسا ئێوە هەرچەندە بقیڕێنن و هاوار بکەن و درۆ ڕیز بکەن و لێدوانی وەکوو خۆتان بێ نرخ بڵاو بکەنەوە، هیچ سوودێکی نابێت، چونکە ڕووی ڕاستەقنەی ئێوە کە تەمسیلی هێڵی خیانەت دەکەن، لە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ هەموو کوردێک ڕوون و ئاشکرا بووە.

پوستێن ھەمان بەش