لە هەر شوێنێک ڕۆحی کوردستانی بوونی هەبێت، بارزانییش لەوێیە…

ئەنفالی بارزانیەکان بەشێک بوو لە جینۆسایدەکانی سەر کوردستان و بارزانیەکان بە تایبەتی بۆ ئەم جینۆسایدە هەڵبژێردرابوون.

لە 31ی تەمووزی 1983دا کورد کۆمەڵکوژییەکی گەورەی بەسەردا هات. هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی سەدام یەک لەدوای یەک دەستیان بەسەر گوند و ماڵی بارزانیەکاندا گرت و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا 8 هەزار پیر و گەنج و منداڵی بارزانییان کۆکردەوە و گواستیاننەوە بۆ بیابانەکان. سەدام حوسێن جینۆسایدەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی “ئێمە ئەوانمان نارد بۆ دۆزەخ”. دوای 22 ساڵ، هێشتا ئێسکی ئەو کەسانەی ئەنفالکراون، نەدۆزراوەتەوە.

ئەنفالی بارزانیەکان بەشێک بوو لە جینۆساید و کۆمەڵکوژییەکانی سەر کوردستان و بارزانیەکان بە تایبەتی بۆ ئەم جینۆسایدە هەڵبژێردرابوون. بارزانیەکان تەنها بە هۆی ناسنامەی بنەماڵەییەکەیانەوە نەبوو کە کۆمەڵکوژ کران، بەڵکوو بارزانیەکان بە هۆی ئامانج و تەمسیلی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و جەماوەریەکەیانەوە بوونەتە ئامانجی هەموو داگیرکەر و کۆلۆنیالیستەکانی کوردستان. بەهۆی ئەوەی کە سیمبولی کوردایەتی بوون، ئەنفال کران.

سەرەتای ئەم ڕێبازە لە ساڵی 1850 بە دەسەڵاتداریی “محەممەد بارزانی” لە بارزان دەستی پێکرد. بارزانیەکان یەکەم ئۆپۆزسیۆنی ڕێکخراو لە دژی ئەو سیستەمە بوون کە کوردستانی دابەش کرد. سەرەتا بارزانیەکان دژایەتی پلانی کۆمیتەی “ئیتیحاد و تەرەقی” دامەزرێنەری دەوڵەتی تورکی ڕەگەزپەرستیان کرد و بوون بە ڕەمزی شەرەف و کەرامەت و شکۆمەندیی نەتەوەی کورد. ئەم ڕێبازە سەرنەچەمێن و خۆڕاگرە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد و ڕێبەری نەمر مەلا مستەفا بارزانی و دوای ئەوانیش ئیدریس بارزانی و مەسعوود بارزانی، ڕێبەر و پێشەنگی ئەو ڕێبازە پیرۆزە بوون. بە واتایەکی دیکە ئاڵای خەباتی فیکری و سیاسی کوردستان بە سەرکردایەتی بارزانیەکان، ماوەی 130 ساڵە دەست بە دەست دەشەکێتەوە.

ئەو هێڵی خەبات و تێکۆشانەی کە بارزانیەکان گرتیانەبەر، لە مێژوودا لەگەڵ ئاستەنگی گەورە بەرەوڕوو بووە و کۆمەڵکوژی و دەربەدەری و ئەنفالی بەسەردا هاتووە. بەڵام ئەم ڕێبازە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر گەشەی دەکرد و گەورەتر دەبوو. بەتایبەت لە ساڵانی 1900دا، بارزانیەکان سنووری کۆنفیدراسیۆنی عەشایەریان تێپەڕاند و سەرەتا بوو بە حیزبێک بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و دواتر لەویش تێپەڕ بوو. بە تێپەڕبوونی کات، بارزانییزم بوو بە پارادایمێک کەخاوەن پرەنسیپی فیکری، سیاسی، فەلسەفی، ئایینی، ڕێکخراوەیی، بەرگری و مەبدەئی کۆمەڵایەتی بوو.

سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەی 14ی پەدەکە ئاماژەی بەوە کرد و گوتی: “تەنها بە جەمەدانی سوور نابن بە بارزانی، بارزانی قوتابخانەیە”.

بەڵێ ئەمڕۆکە بارزانیەکان لە هەموو شوێنێک هەن. بارزانی لە زاخۆ، خانەقین، سلێمانی، کەرکوک و شەنگال هەن. نەک هەر لە باشووری کوردستان، بەڵکوو لە عەفرینەوە تا دەرسیم، لە مەهابادەوە تا ماردین، لە ئامەدەوە تا ئامێدی، بارزانیەکان لە هەموو شوێنێک بوونیان هەیە. بارزانیزم سیستەمێکی بیرکردنەوە و باوەڕە و هەر تاکیکی کوردێک کە دەیهەوێت کوردستان لە چنگی داگیرکەران ڕزگاری بێت، ڕوو لەو ڕێبازە دەکات.

هەروەها بەپێچەوانەوە لە هەر شوێنێک دوژمنی کوردستان هەبێت، دوژمنەکانی بارزانیش لەوێن. هەموو ئەو هێزانەی کە دەیانویست کورد بە بێ قەوارە و حکومەت بهێڵنەوە، سەرەتا هێرشیان کردۆتە سەر بارزانی. هەر بەم هۆیەشەوە بزووتنەوەی بارزانی لە مێژووی سەد ساڵەی خۆیدا شەڕ و ململانێی لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا دەستپێکرد. ئینگلیزەکان هێرشیان کردە سەر بارزانی بۆ ئەوەی کورد لەسەر نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بێ قەوارە بمێنێتەوە. دەوڵەتی عێراق، ئێران، سوریا و تورکیا بە مەبەستی دروستکردنی جوگرافیایەکی بێ کورد، سەرەتا هێرشیان کردە سەر بارزانیەکان و هەوڵێکی ناوازەیان بۆ جیاکردنەوەی کورد لە بارزانییەکان ئەنجامدا.

ئەمڕۆکەش ئەو لایەنانە لەپشت هێرشەکانی سەر بارزانییەکانەوەن کە دەیانەوێت کورد بێ حکوومەت و قەوارە بهێڵنەوە. هەر لە ڕەگەزپەرستەکانی ناوچەکەوە بگرە تا دەگاتە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و پەکەکە، لە هێرشەکانی دژ بە بارزانیەکان بەشدارن. ئەم هێرشانە تەنها فیزیکی نین، دەیانەوێت کورد فریو بدەن و دژایەتی بەهاکانی بارزانیەکان بکەن. ماوەی 130 ساڵە بارزانیەکان سات بە سات بە خوێن و ئارەقە ئەم تەونی نەتەوەییەیان، داڕشتووە، بەڵام هەمیشە لە ژێر هێرشی دژواردان. دژبەرانی بارزانی، شوێنکەوتوانی عەقڵییەتی فاشیستی سەدامن کە 8 هەزار بارزانیی بە زیندووی خستنە ژێر گڵەوە و زیندەبەچاڵی کردن.

بارزانیەکان دوژمنی زۆریان هەیە. بەڵام بارزانی، واتە ئێمە، واتە کوردستانییەکان، واتە خەڵکی میهرەبان و دڵسۆزی کوردستان لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان، لە پشت قسەکانی شێخ ئەحمەدەوە وەستاوین کە دەڵێت: “ژیان هەمووی بە هەڵوێستێکی شکۆمەندانە پێکدێت”.

بەڵێ، دوژمنەکان زۆرن و دڕندە و بێ پرەنسیپ و لەپشت درۆی تاریکەوەن. بەڵام بارزانیەتی لەم 130 ساڵەدا کۆتایی نەهات، چونکە تا کوردستان بوونی هەبێت هێڵی بارزانی بوونی دەبێت. بارزانیزم ڕۆحی کوردستانی ئازادە.

پوستێن ھەمان بەش