شارمینە ناروانی پێنووسی لۆبی ئێران لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و پلانسازی هێرشکردنە سەر سەرۆک بارزانی

شارمینە ناروانی پێنووسی لۆبی ئێران لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و پلانسازی هێرشکردنە سەر سەرۆک بارزانی

دوای هەک کرانی کەناڵی (PresTV) ئێران، دەرکەوت کە شارمینە ناروانی پارەیەکی زۆری لە ڕێژیمی تاران وەرگرتووە.

ماڵپەڕێکی هەواڵ بە ناوی (The Cradle) لە 25ی تەمموزدا بابەتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا سەرۆک بارزانیی وەکوو بەرپرسی کۆمەڵکوژیی داعش لە شنگال، ناوبردبوو. لە وتارەکەدا سەرۆک بارزانی ڕاستەوخۆ کراوەتە ئامانج و باس لەوە کراوە کە ئەو “لە پێناو بنیاتنانی دەوڵەتێکی ئیسلامیی سوننەدا، پلانی جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکانی داڕشتووە و بە پراکتیکیش ئۆرگانیزەی کردووە”.

فەرمان (کۆمەڵکوژ)ـی 73ی سەر کوردانی ئێزدی، دەرئەنجامی ئەجێندای تاریکی دەوڵەتە کۆلۆنیالیزمەکانی ناوچەکە بوو. لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانی “نووری مالیکی” سەرکردەی توندڕەوی شیعەکاندا، حکومەتی عێراق لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا هەزاران چەکدار و چەک و چۆڵی خۆی لە مووسڵ کشاندەوە. دوای مووسڵ، سوپای عێراق لە زۆر ناوچەی دیکەی سوننەکان کشایەوە، داعش جێگەی دەوڵەت و سوپای عێراقی گرتەوە و لەناکاودا ڕووی چەکەکانی لە بەغداوە سووڕاند بەرەو کوردستان. شارەکانی کوردستان بەتایبەتی کەرکووک، مەخموور و شنگال لەگەڵ کشانەوەی سوپای عێراق لەلایەن داعشەوە گەمارۆدران.

ئەو پڕۆسەیەی کە لە 4ی ئاب لە شنگال دەستی پێکرد، کۆمەڵکوژکردنی هەزاران کوردی ئێزیدی و ڕفاندنی هەزاران ژن و پیاو و هەروەها ئاوارە و دەربەدەرکردنی دەیان هەزار کەسی دیکە لە خەڵکی ئەو دەڤەرە، لە ئەنجامی ئەو پراکتیکەی حکومەتی شیعەی عێراقدا ڕوویدا.

خەڵکی کوردستان و بەتایبەت کوردانی ئێزیدی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا، بەتەنها مانەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها بە پشت بەستن بە تواناکانی خۆی شەڕی داعشی کرد. زیاتر لە 2000 پێشمەرگە شەهید بوون و 12 هەزار پێشمەرگەش بریندار بوون. لە بواری ئابووریشەوە کوردستان زیانێکی گەورەی بەرکەوت.

لە یەکەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی شنگالدا، بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، “ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگال” پلانی بۆ دانرا. لە کاتێکدا ڕاستییە مێژووییەکان ئەوەندە ڕوونن، کەچی ماڵپەڕی “The Cradle” لە دەیەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژی شنگالدا، هەوڵیدا تێگەیشتنێک لە بیروڕای گشتیدا دروست بکات، بەڵام کۆمەڵێک هێزی دیکە لە پشت ئەم هێرشانەوە هەن.

شارمینە ناروانی، (Sharmine Narwani) کێیە؟

سەرنووسەری ماڵپەڕی (The Cradle)، ژنێکە بە ناوی شارمینە ناروانی. کەسێکە بە ڕەچەڵەک لوبنانی کو ڕەگەزنامەی کەنەدیی هەیە و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خوێندوویەتی و ئێستا لە لوبنان دەژی. لە پشت ناروانییەوە کە وەک شارەزای بواری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندیی لەگەڵ بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ساز کردووە، هێزگەلێک هەن کە لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە پاڵپشتیی دەکەن.

ناروانی هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک کردووە بە ناوی ئێلیاس شەمس کە بەڕەچەڵەک خەڵکی ئێرانە. ئەم ژن و مێردە لە ساڵی 1998ـەوە چالاکانە لە بواری پەیوەندییەکاندا کاردەکەن. لە ساڵی 2000دا بە تەرخان کردنی هێزێکی زۆری دارایی، ماڵپەڕێکیان بە ناوی Telezoo دامەزراند و پشکەکانیان لە ماوەیەکی کورتدا بەهایەکی گەورەی بەدەستهێنا. لەم قۆناغە ئلیاس شەمس لە ژێر ناوی “ئیمپراتۆریەتی گەورەی ئێران”دا هەندێک لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدات.

شارمینە ناروانی، NIAC و لۆبی ئێران

دوای ساڵانی 2000، ئەو دوو هاوسەرە پێکەوە چوونە ناو گۆڕەپانی سیاسی و لە ساڵی 2002دا ڕۆڵێکی کارایان لە دامەزراندنی لۆبی ئێران لە ئەمریکادا بینی. ئەوان لە ناو ناوە شاراوەکانی The National Iranian American Council – NIAC (ئەنجومەنی نیشتمانی ئێرانی ئەمریکی ـ نایاک)دا جێگەیان گرت.

هەرچەندە سەرەتا وا پیشاندرا کە “نایاک” بە ناوی دژبەرانی  ڕێژیمی ئێرانەوە کار دەکات، بەڵام زۆر زوو دەرکەوت کە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە دامەزراوە و ئەمریکاش لەبەر ئەوەی کە سایتەکە پاڵپشتیی لە ڕێژیمی ئێران دەکات، کەیسێک دژ بە NIAC دەکاتەوە.

دواتر دژبەرانی ڕێژیمی ئێران بەڵگەیان لەسەر ئەوە خستەڕوو کە NIAC لە لایەن جەواد زەریف وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێرانەوە پارەدار کراوە.

نەیارانی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی 2019دا لە بەردەم ڕێکخراوی NIACدا گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند کە نایاک “بەشێکە لە ڕێژیمی دڕندەی ئێران”. دیسان لە ساڵی 2022دا، دژبەرانی ڕێژیمی ئێران بە لافیتەی “نایاک دەنگی ئێمە نییە”، خۆپیشاندانێکیان لە بەرلین ئەنجامدا. بەتایبەت لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا، NIAC پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ژن، ژیان ئازادی لە ئێراندا نەکرد و ڕاگەیاندراوێکی لەژێر ناوی “با لەچکە بۆ ڕووخاندنی ڕژێم بەکارنەهێنرێت”ی بڵاو کردەوە.

بەهاری عەرەبی و گەڕانەوەی قەڵەمی شیعە، شارمینە ناروانی بۆ لوبنان

شارمینە ناروانی کە تا ساڵی 2014 لە ئەمریکا لەگەڵ لۆبی ئێران کاری دەکرد، لەگەڵ دەستپێکردنی بەهاری عەرەبیدا سەردانەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق و لوبنان زیاد کرد. ماوەیەکی زۆر لە لوبنان مایەوە. بەتایبەت لە دوای ساڵی 2016 وتووێژێکی زۆری لەگەڵ شیعەکانی عێراق وەک مەهدی موهەندیس و سەرکردەکانی حزبوڵای لوبنان ئەنجامدا.

ناروانی لەم قۆناغەدا، لە چاوپێکەوتنەکانیدا لەگەڵ کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی ئەمریکا، پەیامەکانی بە ناونیشانی “ئێران ئەستێرەی درەوشاوەی ناوچەکەیە، بەڵام ناتوانێت ستراتیژی خۆی بە باشی ڕاڤە بکات” بڵاودەکردەوە. ناوبراو چەندین بابەتی لەسەر تەوەرە سەرەکییەکان نووسیوە، وەکوو: “حوسییەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە هێزی ڕاستەقینەی یەمەنن، ڕژێمی ئەسەد کۆمەڵکوژی ناکات، حزبوڵڵا بەشێوەیەکی ئەرێنی ئایندەی لوبنان پەرە پێدەدات” و زۆر وتاری دیکەی لەوشێوانەی نووسیوە و بەشداری لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکاندا کردووە.

چەند گرووپێک لە ساڵی 2021دا کەناڵی پرێس تیڤی (PresTV) ڕێژیمی ئێرانیان هاک کرد و فایلەکانیان ئاشکرا کرد. لە بەشێک لەو فایلانەدا دەرکەوت کە شارمینە ناروانی پارەی لە ڕێژیمی ئێران وەرگرتووە. بەپێی ئەو بەڵگەنامانە، ناروانی لە یەک کاتدا 240 هەزار دۆلاری وەرگرتووە. هەندێک کەس و لایەنی ئەمریکایی پێیان وایە ئەو پارەیەی کە ناروانی لە ئێرانی وەرگرتووە، زۆر زیاتر بووە لەو ڕەقەمە.

هەواڵی ماڵپەڕی The Cradle لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا

ڕۆژنامەی The Cradle لە 2ی ئابی 2021دا دەستی بە بڵاوکردنەوە کردووە. ناروانی کە تێکستی ناساندنی ماڵپەڕەکەی نووسیوە، ئیدیعای ئەوەی کردووە کە ئەوان دەبنە دەنگی وڵاتانی ڕۆژهەڵات لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا. بەڵام ئەم پێگەیە لە یەکەم ڕۆژەوە هەتا ئێستا لایەنگری ڕێژیمی ئێران و پڕۆژەی هیلالی شیعە بووە. ڕۆژنامەی (The Cradle) هەواڵێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی ئێران لە کوژرانی کچە کورد “ژینا ئەمینی”دا تاوانبار نییە.

ڕۆژنامەی The Cradle بەردەوام لە هەواڵەکانیدا پاکانەی بۆ دەوڵەتی ئێرانی کردووە و بە هەواڵی “مردنی ژینا بەهۆی نەخۆشی” و هەروەها ئیدیعای ئەوە کە ئیسرائیل لە پشتی ناڕەزایەتییەکانەوەیە، دەیهەویست گیانلەدەستدانی ژینا ئەمیی ڕاڤە بکات. واتە ڕۆژنامەکە بە پانەوە پاڵپشتیی لە دەوڵەتی ئێرانی دەکرد.

دوژمنایەتی بەرامبەر سەرکردە سوننەکان

شارمینە ناروانی، خاوەنی (The Cradle)، لە زۆرێک لە هەواڵەکانیدا، سوکایەتی بە سەرکردە سوننەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت شا حوسێنی ئوردن کردووە و ئیدانەیان دەکات.

ناروانی دەوڵەتە سوننەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ناوەندێکی دواکەوتوو نیشان دەدات کە دەبێت لەناوببرێن. دەوڵەتی ئیسرائیلیش ئامانجێکە. بەڵام لە نووسینەکانیاندا هەمیشە ئێران وەک “ئەستێرەیەکی گەشاوە” و هێزێک پێناسە دەکرێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت.

چەواشەکارییەکانی The Cradle لەسەر شنگال بۆ شکاندنی بەرخۆدانی بارزانییەکانە لە دژی هەژموونی ئێران

لەم دواییانەدا ڕۆژنامەی The Cradle هەواڵی تایبەت بە لایەنگری لە ڕێژیمی ئێران و بەتایبەتی لەسەر پڕۆژەی ڕێگەی بازرگانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرهەم دەهێنێت. بێگومان بەشێک لەمەش پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانە لەنێوان عێراق و تورکیادا. هەروەها لە شنگال کێڵگەی غازی گرنگ هەیە. بۆیە ئێران لە ساڵی 2014ـەوە بە توندی هەوڵی ئەوە دەدات کە شنگال ڕادەستی حەشدی شەعبی و پەکەکە بکات کە وەکوو هێزی پارامیلیتەری خۆی بەکاریان دەهێنێت.

ئێران لە پرۆژەی “هیلالی شیعە”دا لە تارانەوە بۆ عێراق، سوریا، یەمەن و فەلەستین ئەو هیلالەی تەواو کرد. تاکە ناوچەیەک کە ئێران ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات، ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستانن کە لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)دان. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئێران لە ریگەی هێرشی مووشەکیەوە بۆ سەر هەولێری پایتەخت، لەهەمبەر بەرخۆدانی بزووتنەوەی بارزانی لە دژی هەژموونی ئێران، کاردانەوە پیشان دەدات.

بزووتنەوەی بارزانی ڕێگە نادات کورد بکەوێتە ژێر سێبەری ڕژێمی ئێرانەوە. بۆ شکاندنی ئەم بەربەستە، ئێران هێرشێکی فرەلایەنە لەدژی بزووتنەوەی بارزانی و حکومەتی هەولێر بەڕێوەدەبات.

کاتێک مرۆڤ لە ڕوانگەی هەموو زانیارییەکانەوە سەیری The Cradle بکات، باشتر لە بابەتەکەی شنگال و بەئامانجکردنی سەرۆک بارزانی لەلایەن ماڵپەڕەکەوە، تێدەگات.

چەندین لایەنی ئاژاوەگێڕ هەبوون کە بابەتەکەی The Cradle یان وەرگێڕا و بە خێرایی بڵاویان کردەوە. میدیاکانی پەکەکە کە گۆپاڵی ڕێژیمی ئێرانن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم هەواڵەیان وەک شیکارییەکی گرنگ وەرگێڕایەوە و بڵاویان کردەوە. هێزێکی دیکەش بریتی بوو لە “ئاژانسا هەوالی ڕۆژهەڵات” کە بەشی بڵاوکردنەوە بە زمانی تورکی ئێران بوو. هەردووکیان ئەو هەواڵەیان وەک شیکارییەکی گرنگ بۆ خوێنەرەکانی خۆیان بڵاو کردەوە.

ئەم هێزە تاریک و بەرژەوەندیخوازانە، لە پشتی هێزی میلیشیا (پارامیلیتەر)ی پەکەکەوەن لە باشووری کوردستان و بە تایبەت لە نێو ئێزدیەکانی شنگالدا، هەروەک چۆن ئەوانە پشتیوانی لە سایتە “The Cradle”ش دەکەن. ئەم گروپانە ئەگەر هەمووشیان نەبن، دەیانهەوێ تاریکایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژە پێبدەن. پەکەکەش بەهەمان شێوە دەیهەوێت نەتەوەی کورد و وڵاتەکەیان کوردستان، بخاتە نێو پلانە تاریکەکانی کۆلۆنیالیستەکانەوە.

پوستێن ھەمان بەش