شەرعیەتدان و پاککردنەوەی هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن دامەزراوە عێراقییەکانەوە، وەک نیشانەی هەنگاوەکانی داهاتووی دامودەزگا شیعەکان لەدژی کوردستان دادەنرێت.
دامودەزگاکانی عێراق لە ژێر ئیدارەی ڕێژێمی شیعەی عێراق و حەشدی شەعبیدا کە بەشێکە لە ڕێژێمی شیعەی ئێران، بڕیارێکی نوێیان بۆ شەرعیەتدان بە ڕووداوە تیرۆریستییەکان لە کوردستان و پاککردنەوەی تیرۆریستان دەرکرد. بەگوێرەی ئەمە، دادگای تێهەڵچوونەوە (تەمییز)ی عێراق بڕیاریدا بە “ئازادکردنی” ئەو ئەندامانەی پەکەکە کەوا بازاڕەکانی هەولێر- دهۆک و کەرکووکیان ئاگرتێبەردابوو و سووتاندبوویانن. سەرەڕای هەبوونی بەڵگە و دانپێدانانی پێشتری تاوانبارەکان و ئاگاداربوونی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، گومانی تێدا نییە کە بڕیارەکەی دادگا، بڕیارێکی سیاسییە.
بڕیارە نایاساییەکەی دادگاکە لەلایەن قەیس خەزعەلی و شەهناز ئیبراهیم و خالید شوانییەوە ئۆرگانیزەکراوە
سەرچاوەکان لە سلێمانی باس لەوە دەکەن کە گرووپێک بە سەرۆکایەتی لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق و بەرپرسی یەنەکە لەگەڵ “شەهناز ئیبراهیم”ی هاوسەری کە ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەنەکەیە و هەروەها قەیس خەزعەلی سەرۆکی حەشدی شەعبی، بڕیارێکی نهێنییان لە بەغدا داوە بۆ ئەوەی پەکەکە و یەنەکە لە سووتاندنی بازاڕەکان پاک بکەنەوە کە زیانی سیاسی و دروونی و ئابووری بەرچاوی بە هەرێمی کوردستان گەیاند. خالید شوانی وەزیری دادی عێراق یەکێکە لە کەسە سەرەکییەکانی لێخۆشبوون لەو کەسانەی کردەوەی تیرۆریستییان ئەنجامداوە. هەرچەندە دادگا تەنها باسی لەوە کردووە کە بەڵگەکان بەس نین، بەڵام لێدوان و دانپێدانانی ئەو کەسانەی لە ڕووداوەکەدا دەستگیرکراون و گرتە ڤیدیۆییەکان و هەروەها ئەو قەیدانەی کە لە شوێنی ڕووداوەکە تۆمار کراون، پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئاگرەکە لەلایەن ئەو کەسانەوە دایساوە. لە هەمووی گرنگتر، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە 1ی ئەیلول بڵاوکرایەوە، دانپێدانانەکانی “ڕەنج حەبیب” یەکێک لەو کەسانەی کە ڕووداوەکەیان ئەنجامداوە، دەربارەی ڕووداوەکە، بە تەواوی ڕاستییەکان ئاشکرا دەکات.
سەرچاوەکانی نزیک لە پەکەکە باس لەوە دەکەن کە بەهزاد هەکاری (نەدیم سەڤەن)، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە، بە ناوی “جەمیل باییک”ـەوە لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتڵاعات) و وەهاب هەڵەبجەیی ئەندامی یەنەکە کۆبۆتەوە و بابەتی سووتاندنی بازاڕەکانی هێناوەتە ئاراوە. سەرچاوەکانی پەکەکە دەڵێن، بەهزاد هەکاری داوای کردووە “پێویستە ئەم کێشەی ئاگرکەوتنەوە چارەسەر بکەین و ڕووداوەکە لە ڕۆژەڤ لاببەین، ئەم بابەتە سەرئێشەمان بۆ دروست دەکات”. دوای ئەم داوایە پەکەکە، هەرکام لە یەنەکە و شیعەکانی عێراق هەوڵیان دا بە ڕێگەی یاسایی ساختە، لەو کێشەیە ڕزگاریان بێت.
دادگا و دامودەزگا دەوڵەتییەکانی عێراق کە بۆ پاککردنەوەی هەموو جۆرە چلاکییە نایاساییەکانی شیعە ئەرکدار کراون، ئیدی خەڵک هیچ باوەڕێکیان بەم دادگا سیاسییە نەماوە. دەسەڵاتی دادوەری کە دامەزراوەکانی ماف و دادپەروەری عێراقە، لە هەموو لایەکەوە بووەتە ئامرازێکی یاریکردن بە دەستی ئیدارەی شیعەکانەوە.
شارەزایانی عێراقی لەسەر ئەو پرسە دەڵێن: “دادگاکانی عێراق دادپەروەرییان تێدا نیە و تەنها قسەی هێزە شیعەکان جێبەجێ دەکەن و لایەنی شیعە هەر بڕیارێک بدات، دادگا ئەوە جێبەجێ دەکات”. شیعەکان بارودۆخی دادگاکانی عێراق دیاری دەکەن.
میحوەری شیعە دوای دۆڕاندنی یەنەکە لە هەڵبژاردنەکاندا، دەستی بە جووڵە کردووە
دوای شکستی گەورەی یەنەکە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە لە ڕێکەوتی 20ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا بەڕێوەچوو، شیعەکان هەوڵێکی فرەلایەنەیان دەستپێکرد بۆ ئەوەی کارتی یەنەکە و پەکەکەیان لەدەست نەچێت. لە لایەک بۆ چارەسەرکردنی تێکشکانی یەنەکە لە ڕووی ئەخلاقی و مۆتیڤاسیۆنەوە و لە لایەکی دیکەشەوە دەیهەوێ لە ڕێگای یاسای ساختە لە دادگاکاندا، تاوانەکانی یەنەکە وەکوو تێوەگلانی بە ماددەی هۆشبەر و هتد… پاک بکاتەوە و دیسان یەنەکە بگەڕێننەوە بۆ دۆخێک کە بتوانن بەکاری بهێنن. یەنەکەش لەبەرانبەر شاردنەوەی هەموو تاوانەکانیاندا، زیاتر بە میحوەری شیعەوە بەستراوە دەبێت.
ئەو کاسبکارانەی کە بەهۆی سووتاندنی دوکانەکانیان لەلایەن یەنەکە و پەکەکەوە، زیانمەند بوون، سکاڵای یاساییان لەسەر تاوانباران و ئەو دامەزراوانە تۆمارکردووە کە ئاگرەکەیان هەڵگیرساندووە. ئەمەش لە ڕوانگەی یاساییەوە یەنەکە زیاتر دەخاتە تەنگانەوە. بەهۆی هەموو ئەو هۆکارانەوە عەفوکردنی پەکەکە و یەنەکە لە مژاری ئاگرکەوتنەوەکاندا بۆ دامەزراوە یاساییە ساختەکان، ڕەوانە کرا. خالد شوانی وەزیری دادی عێراقیش وردەکارییەکانی ڕووداوەکەی ئۆرگانیزە کرد. دادگا بەپێی ئەو ڕێنماییەی بۆیان نێردرابوو، بڕیارێکی دەرکرد کە تەنانەت بەیاننامەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیشی پشتگوێ خستووە.
شەرعیەتدان و پاککردنەوەی هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە لەلایەن دامەزراوە عێراقییەکانەوە، وەک نیشانەی هەنگاوەکانی داهاتووی دامودەزگا شیعەکان لەدژی کوردستان دادەنرێت.
دارکا مازی ئاشکرای کردبوو کە پەکەکە لە سووتاندنی بازاڕەکانی کوردستاندا، خاوەن پیلانگێڕییەکی سەرەکییە
لە ساڵی 2023دا، ڕێک لەو کاتەدا کە حکومەتی عێراق مووچە و بودجەی کوردستانی ڕاگرتبوو و قەیرانی ئابووری ئێخەی کوردستانی گرتبوو، بازاڕی قەیسەری لە کەرکووک، بازاڕەکانی قەیسەری و لەنگە لە هەولێر و بازاڕی چەلێ لە دهۆک ئاگریان تێبەردرا. ئاگرکەوتنەوەکان زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار زیانی ئابوورییان بە هاووڵاتیان و حکومەتی کوردستان گەیاند. تاقمێک بەناوی “عەهد-ی میللی” بەرپرسیارێتی ئاگرکەوتنەوەکانی گرتەئەستۆ، کە پێشتر ناوی ئەو تاقمە قەد نەبیسترابوو. ڕاگەیاندراوێک کە تیایدا خیانەت و هەڕەشەی گەورە لە پێشمەرگە و بارزانیەکان کرابوو، زۆر سەرنجڕاکێش بوو. تیمی “دارکا مازی” لەو کاتەدا لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەیەکی تەکنیکییەوە ئاشکرایان کرد کە ئایپی ئەو ماڵپەڕە لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت.
وەک دەزانرێت، پەکەکە لە زۆر بابەتی وەک سووتاندنی کەمپی ئاوارەکانی ئێزیدییان، کوشتنی ئەو کەسانەی کە لە پەکەکە جیابوونەتەوە، هێرشکردنە سەر پێشمەرگەکانی کوردستان و هەڕەشەکردن لە خەڵکی سڤیل لە چوارچێوەی شەڕی دەروونی لە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.