پەکەکە کاتێک هێشتا لە قۆناخی ساوایی و دروستبوونیدا بوو، بەهۆی ئەو پەیوەندییە تاریک و نهێنییەکانی ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا، تووشی نەخۆشییەکی سەخت هات و بەداخەوە ئەو نەخۆشیە بە هۆی ڕەوشی کەسایەتیی ئۆجەلانەوە بە شێوەیەکی بابەتیانە، تەواوی جەستەی ڕێکخراوەکەی تەنیوە.
چەند تێبینییەک لەسەر پەکەکە
پەکەکە بزووتنەوەیەکە کەوا بە شەڕ و سیاسەت و ڕێکخراوبوونیەوە، جێپەنجەی خۆی لەسەر مێژووی 40 ساڵی ڕابردووی کوردستاندا بەجێهێشتووە. بەڵام شێوازی مۆرەکەی، مشتومڕی لەسەرە. ئایا پەکەکە حزب یان کۆمەڵەیەکی موعتەقیدە؟ بپرنسیپەکانی پەکەکە چین؟ خەباتی ناوخۆیی و پێناسەی سەرۆکایەتیی لای پەکەکە چییە؟ چۆن لە سۆسیالیزمی زانستییەوە کە بە ئایدۆلۆژیای دەزانی، گۆڕا بۆ تەریقەتێکی دوگم؟ ئەو فاکتەرە سەرەکییانەی کە بناخەی ڕێکخراوەیی پەکەکە پێدەهێنن بریتین لە توندوتیژی، شەهادەت و مانیپۆلاسیۆن؟ واقیعی شەڕی گەریلا و بارودۆخی هەنووکەیی چییە؟ دوایین پەیوەندییەکان و ئامانجەکان کامانەن؟ لەو چوارچێوەیەدا تێبینی لەسەر ڕاستی و ئایندەی پەکەکە دەکرێت.
پەکەکە لە 27ی مژداری 1978دا بە فەرمی لە گوندی “فیسێ”ی سەر بە ناحیەی “لجێ”ی ئامەد بە بەشداری 22 کەس دامەزرا. بەشداربووان بریتی بوون لە: عەبدوڵڵا ئۆجەلان، م.خەیری دورمووش، مەزڵووم دۆغان، دوران کاڵکان، عەلی حەیدەر قەیتان، جەمیل بایک، ساکینە جانسز، کەسیرە یڵدرم، مەهمەت شەنەر، سەیفەددین زوگورلو، باقی قەرار، عەبدوڵڵا کومرال، حوسێن تۆپگدەر، ڕەسوول ئاڵتینۆک، عەلی گوندووز، سوبحی کارکووش، عەلی چەتینەر، فارووق ئۆزدەمیر، مەهمەت تووران، شاهین دۆنمەز، فەلەمەرز تاخاچ و عەباس گۆکتاش.
ئەم دامەزراندنە فەرمییە مەراسیمێک بوو بۆ بەدەستهێنانی ناسنامەی حیزب لە گۆڕەپانی سیاسی کوردیدا و ناونانی ئەو گرووپەی کە لە ساڵی 1975ـەوە بە شێوەیەکی نهێنی و نەناسراو، بوونیان هەبووە.
تورکیا بە بزووتنەوەی چالاکانەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نەوەی لاوانی شۆڕشگێڕی ساڵی 1968، پێشوازی لە ساڵانی 1970 کرد. دەیان ڕێکخراوی چەپ لە تورکیا دامەزران، بەڵام ئامانجی سیاسی ئەو شەپۆلە شۆڕشگێڕییە، گۆڕینی ڕژێمی کەمالیستی نەبوو. تەنانەت بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە دەسەڵاتی ئێستا لە هێڵی کەمالیزم لایداوە و ئەوان بۆ گەڕانەوەی بۆ سەر هێڵی مستەفا کەمال تێدەکۆشن. بۆیە دەنیز گزمیش و هاوڕێکانی ڕێپێوانی “ئاتا”یان لە سامسونەوە بۆ ئەنقەرە ڕێکخست. بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی چەپ لە تورکیا لە سەرلێشێواوییەکی سیاسی و فیکریی جددیدا بوون. دەوڵەتی تورک بە شێوەیکی ئاگاهانە، ئەم سەرلێشێواوییەی هێڵی ئایدیۆلۆژی و سەرۆکایەتی و ئامانجی سیاسیی، قووڵتر کردەوە و ستراتیژی سەرکوتکردنی بزووتنەوەی سیاسی کوردی جێبەجێ کرد، کە بە مەترسیداری دەزانی.
دوای ڕاپەڕینەکانی شێخ سەعید، ئاگری، ساسۆن و دێرسیم، باکوری کوردستان خەریک بوو بکەوێتە ناو بێدەنگییەکی مەرگئاساوە. هەرچەندە بەشێک لە ڕۆشنبیرانی کورد هەوڵی بچووکیشیان دابێت، بەڵام ئەو هەوڵانە لە دەستنیشان کردنی پرسەکە، دوور بوون. بەڵام سەرجەم ئەو پێشهاتانەی کە ئەم خاکە مردووەیان لەسەر باکووری کوردستان لادەبرد، لە باشووری کوردستانەوە دەستیان پێکردووە.
شۆڕشی ئەیلول کە لە ساڵی 1961 بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانی نەمر دەستی پێکرد، بووە هۆی خودئاگاییەکی گەورەی نەتەوەیی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا. ئەم بزووتنەوە نەتەوەییە کاریگەری دۆمینۆی نیشان دا و کێشەی نەتەوەیی گەیاندە قۆناغی گفتوگۆ و ڕێکخستن لە باکووری کوردستاندا. دەتوانین بڵێین کە پەدەکەـتورکیا (KDP-T) لە ساڵی 1965 لە ژێر ڕۆشنایی شۆڕشی سیاسی ـ چەکداری لە باشوور دامەزرا. تیرۆرکردنی “فایق بۆچاک”، ڕێبەری پارتەکە، دوای دامەزراندنی ئەو پارتە، کوشتنێکی سیاسی بوو کە دەوڵەتی تورکیا پلانی بۆ دانابوو تا شۆڕشی ئەیلول لە باکووری کوردستان پەرە نەستێنێ و بڵاو نەبێتەوە. بێگومان ئامانجی ئەو تیرۆرە ئەوە بوو کە بزووتنەوەی نەتەوەیی لە باکوور بێ ڕێبەر بمێنێتەوە. بەڵام دەوڵەتی تورک زۆر باش دەیزانی کە بە جینایەتێکی سیاسی لەو شیوەیە، ناتوانێت ئەم پرۆسەیە بوەستێنێت.
ڕێککەوتنی ئۆتۆنۆمی لە باشووری کوردستان لە 11ی ئازاری 1970 وەک بەرهەمی شۆڕشی ئەیلول، لە دوای کۆماری کوردستان لە مەهاباد، گەورەترین دەستکەوتی کورد بوو. ئەم دەستکەوتە مێژووییە، بزووتنەوە نەتەوەییەکانی لە بەشەکانی دیکەشدا چالاک کرد. چونکە بزووتنەوەکانی کوردستان بارەگا سیاسی- سەربازییەکانیان بۆ باشووری کوردستان گواستەوە. تورکیا بەم دۆخە زۆر قەڵس بوو. خەبات و تێکۆشانی د. شوان و هاوڕێکانیشی هەر لەم چوارچێوەیەدا گەشەیان کردووە.
شۆڕشی ئەیلول بۆ شەپۆلی شۆڕشگێڕیی جیلی 1968 لە تورکیا، پەناگەیەکی نەتەوەیی کوردی لە باشوور دروست کرد. شێوازی شەڕی پێشمەرگە هیوای ڕزگاریخوازانەی کوردی زیندوو کردەوە. بە تایبەتی “رێککەوتنی ئۆتۆنۆمی کورد”ی ساڵی 1970، دیاردەی “جیاخوازی کورد”ی هێنایە ئاراوە، کە مەترسیدارترین هێز بۆ دەوڵەتی تورکیایە. دەوڵەتی تورکیا بەنیازی ئەوە بوو کە چەپ وەک وێستگەیەکی پارێزراو بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی هەست و سۆزی نەتەوەیی کورد گەشە نەکات. بەم ئامانجە دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی سیستماتیک بیرۆکەی چەپگەرایی لە نێو گەنجانی کورددا بڵاوکردەوە. ئەگەرچی کوردێکی چەپگەرا داوای “ماف، یاسا، یەکسانی، دادپەروەری”یش بکات، هەتا کوردایەتی نەکات، زیانی نیە. ئەوەی دەوڵەتی دەترساند ئەگەری ئەوە بوو کە بەئاگاهاتنەوەی نەتەوەیی و قەوارەی ئۆتۆنۆمی لە باشوورەوە بگاتە باکووری کوردستان. دەبوو بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بدرێت تا ئەم شەپۆلە نەتەوەییە ـ مللییە، بوەستێندرێت.
دۆخی جوگرافی و کۆمەڵایەتی و کولتووری باشووری کوردستان و گەشەسەندنی پێشهاتە سیاسی-سەربازییەکانی باشوور، بە خێرایی کاریگەریی لەسەر باکووریش هەبوو. دەوڵەتی تورک بۆ ڕێگریکردن لەم کارە پەنای بۆ ڕێکاری سەربازی و سیاسی و چەندین ڕێکاری دیکە برد. عەقڵی قووڵی دەوڵەتی تورک، بەو هۆشیارییەی کە کێشەی کورد مەترسیدارترین خاڵە لەسەر ئەوان، کەوتە جموجووڵ. ئەو درۆیەی “کورد بوونی نییە” کە دەوڵەتی تورک ساڵانێک بە زۆر بەسەر کوردانیدا سەپاندبوو، بە پەیمانی ئۆتۆنۆمی کورد لە باشوور پووچەڵ کرایەوە. بەمەش دەوڵەت دەستی کرد بە گەڕان بەدوای فۆرمووڵی نوێدا بۆ ڕێگریکردن لە هەر ڕێکخستن و ڕاپەڕینێکی کوردی لە باکووری کوردستان، کە لە کۆنترۆڵی خۆیدا نەبێت.
گواستنەوە (ترانسفێر)ی ئۆجەلان بۆ گۆڕەپانی سیاسی
کاریگەری شۆڕشی باشووری کوردستان ئەوەندە گەورە بوو کە دەوڵەتی تورک نەیتوانی بە پشتگوێخستنی خۆی فریو بدات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لە سەرەتای ساڵانی 1970دا، بڕیاریدا کە هەوڵەکانی خۆی بگۆڕێت بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی، بۆ ئەوەی ڕاپەڕین و شۆڕشە نەتەوەییەکانی کورد تێکبشکێنێت و مەترسییەکەی دوور بخاتەوە. لە کۆتاییدا دەوڵەتەکان وەک ئۆختاپووس وان؛ دەست و باڵیان زۆرە. لەسەر بنەمای ئەو لۆژیکە دەوڵەتی تورک پلانی ستراتیژی دانا بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکێک بۆ ئەم سەرهەلدانە نەتەوەیی-کۆمەڵایەتییە کوردیەی کە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بوو.
لە ئەنجامدا ئەو دۆسیەیەی کە لە هۆدەی دەوڵەتی قووڵدا بە ناونیشانی “زۆر نهێنی-نهێنی” ناوزەد کرابوو بۆ دەستنیشان کردنی “سەرۆکی” بزووتنەوەی سیاسی نوێی کورد، ناوێکی تازەی لە سندووقەکان وەدەرنا. بەم شێوەیە لەدایکبوونی “سەرۆکایەتی”ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستیپێکرد. گەنجێکی زیرەکی کورد کە ساڵانێک لە چێشتخانەی ژێرزەمینی دەوڵەت، بەشی “ئاژانسی فیکری” میت کاری کردووە، تراکتی بڵاو کردۆتەوە، پۆستەری هەڵواسیوە و لە هەموو خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەتدا ئامادە بووە… و لە ڕوانگەی دەوڵەتەوە جێگای متمانە بووە.
پەیوەندییەکانی لەگەڵ بازنەکانی ناسیۆنالیستە تورکەکان کاتێک فەرمانبەری بەشی زەوی و تاپۆ بووە، بەشداریکردنی لە سیمینار و پلاتفۆرمی گفتوگۆدا و زۆرجار بەشداریی لە کۆنفرانسی بەرپرسی بیرمەندی پەیوەندیدار بە میت، ڕەفیق کۆرکود، حەسەن جەلال گووزەل و فازیل کساکوورەکدا کردووە. ئەمە بەس بوو بۆ ئەوەی ئۆجەلان دڵسۆزییەکەی خۆی بە دەوڵەتی تورک پیشان بدات و بیسەلمێنێت. “عەونی ئۆزگوورەل”، ڕۆژنامەنووس و نووسەری نەتەوەپەرستی تورک، کە یەکێک لە شایەتحاڵەکانی ئەو قۆناغە بووە، لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە 27ی جووتمانگی ساڵی 2003دا لەگەڵ ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ (Neşe Dûzel)دا، سەبارەت بە ئۆجەلان گوتبووی:
“وەبیرم دێت، زۆرجار دەچوونە ئاژانسی فیکری کە لە ژێرزەمینی باڵەخانەیەکی شەقامی ئیزمیر لە ئەنقەرەدا بوو. گەنجێکی هاوتەمەنی ئێمە بوو. من هەرکاتێک دەچوومە دەزگاکە، هەمیشە ئەو (ئۆجەلان)م لەوێ دەبینی. ئەو گەنجەی لە ساڵانی 1966-1967دا لە ئاژانسەکەدا دەمبینی، هێشتا شکڵی لە پێش چاومدایە. بەدرێژایی ساڵان وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانم لە میدیاکان دەبینی و بۆم دەرکەوت کە ئەو زۆر شێوەی ئەو واتە (ئۆجەلان)ی گەنج دەدات. بەڵام لە ساڵی 1993دا کاتێک کە چاوم بە ئۆجەلان کەوت، لە ئۆجەلانم پرسی: لە ئەنقەرە لە شەقامی ئیزمیر شوێنێک بە ناوی ئاژانسی فیکر هەبوو، ڕەنگە بە هەڵە بیرم بێتەوە، بەڵام لەناکاو شتێکم بیر هاتەوە و هەستم کرد لەوێ تۆم بینیوە. ئۆجەلان: بەڵێ، ئێوە بە دروستی بینوتانە و ئەوە من بووم، بەڵام من دوای ماوەیەکی دیکە ئەوە بە ڕای گشتی دەڵێم”.
نووسەر ئوگور مومجو، کە لێکۆڵینەوەی لە پەیوەندی نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و میت کردووە، دەڵێت: “ئەو تەسادوفاتەی کە لە مەئموورییەتی ئۆجەلاندا ڕوودەدەن: ئۆجەلان کە دەرچووی ئامادەیی تاپۆ و کاداسترۆی قەداندایە، لە ساڵی 1969دا لە بەڕێوەبەرایەتی تاپۆی ئامەد دامەزرا”.
لە کاتێکدا کە ئەو فەرمانبەرە تازە دامەزراوانە، پێش ئەوەی کە دوو ساڵی کاری تێپەڕ بکەن، ناتوانرێت نەقڵی شارێکی دیکە بکرێن. بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێش کۆتایی ساڵی یەکەمی کارکردنی، توانی خۆی نەقڵی دائیرەی تاپۆی باکرکۆی ئیستانبوڵ بکات!. پاشان لە فاکەڵتی یاسای ئەستەنبوڵ بەبێ هیچ ئەزموونێک (کە نایاساییە) گواستراوەتەوە بۆ فاکەڵتی زانستە سیاسییەکانی ئەنقەرە. دەستگیرکردن و ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش چیرۆکی تایبەتی خۆی هەیە. ئۆجەلان کە لە ساڵی 1972دا بە هۆی بڵاوکردنەوەی ئەو تراکتانەی کە دۆگو پەرینچەک نووسیبوونی، دەستبەسەر کرابوو و هەروەها وەکوو تاوانباری سەرەکی دەستنیشان کرابوو. داواکاری گشتی سەربازی سەرەتا داوای کردبوو کە بە تاوانی قورس سزا بدرێت، بەڵام دواتر بە هۆشداریی میت، داواکاری گشتی بە گوتنی ئەوەی کە “ئێمە هەڵەمان کرد”، ئۆجەلانی بە بێتاوان دانا.
ئووگوور مومجوو، بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئاپۆ و میت، لەگەڵ سەرۆکی داواکاری گشتی سەربازی ئەو سەردەمە، باقی تووگ کۆبووەوە و کاتێکی بۆ بەدەستهێنانی ئەو بەڵگەنامانە دیاریکرد. بەڵام عەقڵی دەوڵەتی قووڵی تورک لە پەیجووری و مەراقی لێکۆڵینەوەی ئوگوور مومجوو وردتر و دەقیقتر بوو. ئوگوور مومجوو پێش دیدار لەگەڵ داواکاری گشتیی سەربازی باکی تووگ لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا. ئوگوور مومجوو کاتێک هەوڵیدا لایەنە نهێنییەکانی دەوڵەت ئاشکرا بکات، کوژرا.
ئیدیعاکانی ئوگوور مومجوو سەبارەت بە پەیوەندی ئۆجەلان لەگەڵ میت بەم شێوەیەن:
ـ “عەدلیەی” کودەتاکەی 12ی ئادار، ئەوەندەی ڕەحم و بەزەیی بەرامبەر ئۆجەلان پیشانداوە، بەرانبەر بە هیچ زیندانییەکی دیکە، پیشانی نەداوە.
ـ لە کاتی کودەتاکەی 12ی ئازاردا، ئۆجەلان سکۆلەرشیپێکی (پارەی خوێندن)ی لە وەزارەتی دارایی وەرگرتووە و ئەم سکۆلەرشیپە تا ساڵی 1984یشدا هەر بە ناوی ئۆجەلانەوە خەرج کراوە.
ـ “عەلی یەڵدرم” باوکی “کەسیرە یڵدرم”ی (هاوسەری ئاپۆ)، کەسێکی دەوڵەتپارێز بووە، لە سەردەمی سەرهەڵدانی دێرسیم و دوای ئەوەش زۆرجار لەگەڵ “عەبدوڵڵا ئالپدۆگان” فەرماندەری کۆمەڵکوژیەکاندا، کۆدەبێتەوە و بە هەبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میت ناسرابوو. هەروەها زانراوە کە عەلی یڵدرم جارجارە ڕاپۆرتی دەدا بە ئیبراهیم تالی بەی، موفاتیشی گشتی دەوڵەت و ژەنەڕاڵ عەبدوڵڵا ئالپدۆگان.
ـ پەیوەندی نهێنی نەجاتی کایا (پیلۆت) کارمەندی میت و ئۆجەلان
ـ کاتێک ئۆجەلان لە ساڵانی خوێندنی ئامادەییدا، ڕاستگەرایەکی سەرسەخت بوو، کێ کردی بە چەپ؟
ـ کاتێک ئۆجەلان لە ساڵانی خوێندنی ئامادەییدا یاریزانێکی ڕاستڕەوی سەرسەخت بوو، کێ کردی بە چەپ؟
ـ ئەو ئاسانکارییانەی کە بۆ ئۆجەلان کران لە وەرگرتنی سکۆلەرشیپ (پێشینەی پارەی خویندن) و دۆزینەوەی کار، دامەزراندن و گواستنەوەی نێوان فاکەڵتیەکان و هتد…دا، بەڵگەیەکی بەسە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ڕاستەقینەی ئۆجەلان.
ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە هەندێک لە ڕۆشنبیرانی کەمالیستی تورکیا لەسەر “سەرۆکایەتی” ئۆجەلان ئەنجامیانداوە، پەیوەندییەکانی ئەو لەگەڵ میت ئاشکرا دەکەن. ئۆجەلان بۆخۆی نکۆڵی لەو پەیوەندیانە ناکات کە لەگەڵ میتدا دروستی کردوون، بەڵام ئەو پەیوەندییانە وەکوو توانا و لێهاتوویی سەرۆکایەتی خۆی پێناسە دەکات.
لەو چوارچێوەیەدا پرۆسەی لەدایکبوونی پەکەکە وەک حیزبێک پەیوەندیی بە کەسایەتی و هەڵوێستی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە هەیە. چونکە پرۆسەی بەدەستهێنانی ناسنامەیەکی فیکری و ڕێکخراوەیی پێش دامەزراندنی حیزب کە بە “پرۆسەی ئایدیۆلۆژی” پێناسە دەکرێت، پرۆسەیەک کە سیما و کاراکتەری پەکەکە دیاری دەکات. پەکەکە کاتێک هێشتا لە قۆناخی ساوایی و دروستبوونیدا بوو، بەهۆی ئەو پەیوەندییە تاریک و نهێنیانەی ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا، تووشی نەخۆشییەکی سەخت هات. بەداخەوە ئەو نەخۆشیە بە هۆی ڕەوشی کەسایەتیی ئۆجەلانەوە بە شێوەیەکی بابەتیانە، تەواوی جەستەی ڕێکخراوەکەی تەنیوە، هەربۆیە بەردەوام جەستەی نەتەوەی کورد ژەهراوی دەکرێت.