سەرۆکوەزیران، مەسروور بارزانی، هاوکاریی دارایی پێشکەشی ڕزگاربووانی دەستی داعش دەکات

سەرۆکوەزیران، مەسروور بارزانی، هاوکاریی دارایی پێشکەشی ڕزگاربووانی دەستی داعش دەکات

 سەرۆکی بنکەی لالش، سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێدانی ئەو هاوکارییە داراییە.

بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکاریی دارایی بەسەر زیاتر لە 3500 هاووڵاتیی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، دابەش دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 4/8/2024، سەعید جردۆ، سەرۆکی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “هاوکارییە داراییەکە هەموو ئەو هاووڵاتییە ئێزدییایە دەگرێتەوە کە لە دەستی داعش ڕزگار کراون. تەنانەت ئەوانەی دوای ئازادکردنیان چوونەتە دەرەوەی وڵات”.

سەعید جردۆ، ڕوونیشی کردەوە، ئەو هاووڵاتییە ئێزدییانەی لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن، دەتوانن بە ئۆنلاین فۆرمێک پڕ بکەنەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، لەلایەن بنکەی لالشەوە بڵاو دەکرێتەوە و بەردەست دەبێت.

سەرۆکی بنکەی لالش، سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێدانی ئەو هاوکارییە داراییە و جەختیشی لەوە کردەوە، سەرۆکوەزیران بەردەوام پاڵپشتیی لە ئێزدییەکانی کردووە و هەوڵی  دەستبەرکردنی مافەکانیانی داوە.

بە گوتەی سەعید جردۆ، ئەو ڕزگاربووانەی دانیشتووی شنگالن، دەتوانن سەردانیان بکەن لە شاریا، بۆ وەرگرتنی هاوکارییە داراییەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی تایبەت پێکهێندراوە.

هەر لە چوارچێوەی پشتیوانییەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئێزدییەکان، پێنجشەممە، 18-07-2024، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران،  وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، ڕزگاربووانی شاڵاوی تیرۆرستانی داعش کە ناویان لە لیستی ڕزگاربووان تۆمارکراوە و لە خوێندن دابڕاون، تەواوی ئاسانکارییان بۆ بکرێت تاوەکو دەست بە خوێندن بکەنەوە.

پوستێن ھەمان بەش