بۆچی بارزانی و ڕێبازەکەیان؟

بۆچی بارزانی و ڕێبازەکەیان؟

لە بزووتنەوەکانی هەر چوار پارچەی کوردستاندا هیچ کەس و ڕێکخراوێک وەکوو بارزانیەکان دۆست و دوژمنی خۆیانیان نەناسیوە.

بووبێ ئەسەر

کاتێک سەیری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی بارزانی دەکەین، دەخوێنینەوە و دەبینین کە هەمیشە لە هەوڵی بەردەوامیی خەباتی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستاندا بوون. بەهۆی ڕەنج و ماندووبوون و خەبات و خۆڕاگری و بەرخۆدان و سەرهەڵدانەکانیان لە بەرانبەر داگیرکەراندا شکستیان نەهێناوە و هەمیشە بە ئامادەیی و ئارامی و ژیرانە جووڵاونەتەوە و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش ڕیبازی خۆیانیان داڕشتووە.

لە بزووتنەوەکانی هەر چوار پارچەی کوردستاندا هیچ کەس و ڕێکخراوێک وەکوو بارزانیەکان دۆست و دوژمنی خۆیانیان نەناسیوە. بۆیە هەمیشە لەسەر ئەو بنەمایە کارەکانیان بە ناسینی دۆست و دوژمنەکانیان بەڕێوەبردووە و لەمەودواش بەردەوام دەبن. کاتێک مرۆڤ ڕێبازێکی هەبێت، خەبات و تێکۆشانی مرۆڤ بەردەوام دەبێت تا دەگاتە ئامانجەکەی و ئەمە بۆ بارزانیەکانیش هەروا بووە.

ویستم بڵێم کە پێویستە کورد بە بزووتنەوە و حزبەکانیەوە، بە دەیان جار مێژووی بارزانیەکان بخوێننەوە. بزانن کە چۆناوچۆن هەتا ئەمڕۆ هیچکات دەستیان لە خەبات و تێکۆشان لەپێناو ئازادیی کوردستاندا بەرنەداوە. بزانن چۆن وایان کرد کورد لە باشووری کوردستان هەرێمێکی فیدراڵی هەبێت کە سبەی ڕۆژ دەبێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. چونکە مێژووی بارزانیەکان بە پێی ئەو ڕێبازە بەڕێوەچووە و بەڕێوەش دەچێت، کە بۆخۆیان دایانڕشتووە.

کاتێک بارزانیەکان لەپێناو ئازادیی کوردستاندا دەستیان بە خەبات کرد، لەسەر بنەمای ئەوە دەستیان پێکرد کە بتوانن دۆست و دوژمن لەیەکتر جودا بکەنەوە. خەبات و بەرخۆدان و سەرهەڵدانەکانیان لەسەر ئەو بناخەیە دانرابوو بۆیە شکستی نەهێنا. هەر بەو هۆیەشەوە بوو کە ڕێبازی خۆیانیان دانا.

لە دوای ساڵانی 1900، جووڵانەوە و بەڕێوەبەرایەتیەکەیان هەمیشە لەلایەن دوو کەس و کەسایەتییەوە بەڕێوەچووە. ئەگەر کاتی هەردوو عەبدولسەلامیش حیساب نەکەین، دوای سەردەم و دەوارنی ئەوان، ئیدی بەڕێوەبەرایەتی و سەرکردایەتی بارزانیەکان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی وڵاتە داگیرکراوەکەیان، هەمیشە لەلایەن دوو کەسایەتییەوە بەڕێوەچووە و هەنووکەش بەردەوامیی هەیە. لە سەردەمی خۆیاندا نەمران شێخ عەبدولسەلام و شێخ محەممەد هەبوون. پاشان شێخ ئەحمەد و مستەفا بارزانی هەبوون کە سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستانیان دەکرد.

لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا، هەموو کار و چالاکییەک لەبەرچاو دەگیرێت بۆ ئەوەی کە ئەگەر ڕۆژێک ئەوان کۆچ بکەن، کێ جێگەیان دەگرێتەوە بۆ ئەوەی بزووتنەوەکە شکست نەهێنێت. بۆیە بە ئامادەیی و بە ئاگاداری بارزانی نەمر، بۆخۆی دوو کەسی دانابوو کە لە دوای ئەو سەرکردایەتی بزووتنەوەکە بکەن.

هەروەهاش بوو، دوو کەسی دانابوو، دوو کەسایەتیی دەستنیشان کرد بۆ ئەوەی کە سبەی ڕۆژ جێگای ئەو بگرنەوە. یەکێکیان نەمر ئیدریس بارزانی و ئەوی دیکەشیان مەسعوود بارزانی بوو. بۆیە دوای کۆچی بارزانی نەمر، خەبات و بەرخۆدانی گەلی کوردستان بە سەرپەرشتی بارزانییەکان ڕانەوەستا و بەردەوام بوو. دەستەوەستان نەمان و مەسعوود بارزانییان کردە سەرۆکی حیزب و ڕابەری بزووتنەوە ئازادیخوازانەی کوردان، چونکە ئەمە یەکێک لە خاڵەکانی ڕێبازەکە بوو.

بەڵام ئەگەرچی ڕێزدار مەسعوود بارزانیش هەبوو، هەمیشە جەنابیان و نەمر ئیدریس بارزانی وێکڕا و بە یەک بڕیار، بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستانیان بەڕێوەدەبرد. دوای کۆچی دوایی، نەمر ئیدریس بارزانی، ئیدی بارگرانیەکی قورس کەوتە ئەستۆی ڕێزدار مەسعوود بارزانی، کە ئەویش کەسایەتییەکی خاوەن هەڵوێست و یەکێک لە ستوونەکانی ڕێبازی پیرۆز بوو.

هەموو بارزانیەکان ئامادەکارییان کردووە کە دوای ڕێزدار مەسعوود بارزانیش، هیچ بۆشاییەک لە بزاڤی ئازادیخوازانە و سەربەخۆییخوازانەی گەلی کوردستاندا پێکنەیەت و ئەمجارەش ڕێزداران نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانییان ئامادە کرد بۆ ئەوەی پارتی و بزاڤەکەیان تووشی گرفت نەبێت.

لەبەر ئەوەی کە بارزانیەکان بە باشی لە مێژووی خۆیان و گەلی کوردستان تێگەیشتوون و دەزانن هەرکات سەرکردایەتی گەلی کوردستان شکستی هێنابێت، بزاڤی ئازادیخوازانەش بوونی نەماوە، بۆیە لەبەر ئەوەی کە گەلی کورد بە بێ سەرکردە نەمێنێتەوە و بزووتنەوەکەیان تووشی شکست نەبێت، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ئەمەیان زانیوە و کردوویانە بە خاڵێکی سەرەکیی ڕێبازی پیرۆز و لەسەر بنەمای ئەو خاڵە ئامادەکاریی خۆیان کردووە و لەسەریشی بەردەوامن.

بەڵام ئێستا تێبینی ئەوە دەکەین کە بارزانیەکان هەموو ئەمانەیان کردووە و دەیکەن، هەر بۆیە زەحمەت و ماندووبوون و بەرخۆدان و ڕاپەڕینەکانیان بەفیڕۆ نەچووە. ئێمە وەکوو کورد ئەمڕۆکە لە باشووری کوردستان، هەرێمێکی کوردستانی فیدراڵیمان هەیە.

بارزانیەکان دەزانن کە گەیشتن بە کوردستانێکی سەربەخۆ کاتی دەوێت. بۆیە بۆ ئەوەی کە بتوانن لە دوای هەردوو ڕێزدار (نێچیرڤان و مەسرور) توانای درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانیان هەبێت، لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکەن. بۆیە لەئێستاوە بەڕێزان ئیدریس نێچیرڤان بارزانی و ئارین مەسروور بارزانی ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی سبەی کورد و پارتی بێ سەرۆک نەمێننەوە.

ئایا هیچ بزاڤ و حیزبێک لە کوردستان ئەم سیستەمەیان هەیە؟ نا، نیانە. هەر بۆیەشە کە ڕاپەڕین و بزووتنەوەکانی پارچەکانی دیکە سەرکەوتوو نەبوون. هەرکاتێک سەرۆک و بەڕیوەبەرایەتیی حزبەکانیان شکستیان هێناوە، بزاڤە ئازادیخوازانەکەشیان تووشی شکست هاتووە و نەیتوانیوە بەردەوام بێت و شۆڕشەکە بە کۆمەڵکوژی گەورە کۆتایی هاتووە. بەڵام لای بارزانیەکان وا نەبوو، ئەگەر کاتێک بزووتنەوەکەش شکستی هێنابێت، جارێکی دیکە بە هێزێکی گەورەتر و تەندروستترەوە دیسان لە دژی داگیرکەران هاتوونەتەوە مەیدان.

پوستێن ھەمان بەش