پەکەکە ژمارەیەک گەنجی هەرێمی کوردستانی بەناوی ئەوروپاوە هەڵخەڵەتاند و بردیانیە قەندیل

پەکەکە ژمارەیەک گەنجی هەرێمی کوردستانی بەناوی ئەوروپاوە هەڵخەڵەتاند و بردیانیە قەندیل

ڕەنگە بەشێکی بەرچاو لەو گەنجانە بە هەماهەنگیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ڕەوانەی باکووری کوردستان بکرێن.

ڕێکخستنەکانی پەکەکە ژمارەیەک گەنجی کوردیان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵخەڵەتاند و لەژێر ناوی گواستنەوەیان بۆ ئەوروپا، بردوویاننەتە قەندیل و لەوێ تێکەڵ بە خولەکانی مەشقی سەربازییان کردوون.

سەرچاوەکانی پێگەی “دارکا مازی” لە باشووری کوردستان ئاشکرایان کرد کە پەکەکە لە ڕێکەوتی 4ی تەمووزی ئەمساڵ (2024)دا، لە بناری قەندیل و کێلەشیندا کۆتایی بە دە خولی پەروەردەی سەربازیدا هێناوە کە لە هەر خولێکدا 15 هەتا 20 لاوی کورد بەشدار بوون و زۆربەشیان خەڵکی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.

سەرچاوەکانی ئێمە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕێکخستنەکانی پەکەکە ئەو لاوانەیان فریو داوە ولەژێر ناوی گواستنەوەیاندا بۆ ئەورووپا، ڕاکێشی قەندیل و خنێرەیان کردوون و لەوێ بە زۆرەملێ تێکەڵ بە خولەکانی پەروەەردەی سەربازی کراون.

ئەو زانیاریانەی کە دەست ئێمە کەوتوون، ئەوەیان سەلماندووە کە ڕەنگە لە داهاتوودا بەشێکی بەرچاو لەو گەنجانەی تێکەڵ بە خولە سەربازییەکان کراون، لە گەڵ ژمارەیەک لە گەریلاکانی پەکەکە و بە هەماهەنگیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لەناو خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ڕێگای سنووری پارێزگای “ورمێ”یەوە ڕەوانەی باکووری کوردستان و ناوچەکانی سەرحەد و دێرسم بکرێن.

ڕێکخستنەکانی پەکەکە، بەهۆی شکستە گەورەکانیەوە و گیانلەدەستدانی ڕۆژانەی ژمارەیەکی بەرچاو لە گەریلاکانی و هەروەها لاوازی ئاستی پەیوەندیکردنی چەکداری نوێ بەو ڕێکخراوە، پەنایان بۆ ڕفاندن و فریودانی گەنجانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بردووە. لەو ڕاستایەدا ژمارەیەک گەنج لە ژێر ناوی گواستنەوەیان بۆ ئەوروپا فریو دراون و بردراونەتە شاخ و لەوێش ناچار کراون کە تێکەڵ بە خولی پەروەردەیی سەربازی پەکەکە ببن و بە زۆرەملێ لە ڕیزی گەریلاکانی پەکەکەدا ماونەتەوە.

پوستێن ھەمان بەش