پێویستە کورد بە شێوەیەکی دروست هەڵسەنگاندن بۆ ئەم 40 ساڵە بکات کە لە 15ی تەباخ تێپەڕیوە

ڕۆشنبیرانی کورد دەبێ هەنگاوی 15ی تەباخ وەکوو هێڵی ئۆجەلان چۆناوچۆن شکستی هێنا، ببینن و لەسەری بنووسن.

پەکەکە لە 15ی تەباخی 1984 شەڕێکی چەکدارییان لە دژی دەوڵەتی تورکیا دەستپێکرد و سوپایەکیان بە ناوی (ARGK) دامەزراند. 40 ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێپەڕ بووە.

لە ماوەی ئەم 40 ساڵەدا نزیکەی 60 هەزار کورد لە باکوری کوردستان لە شەڕ و پێکدادانەکاندا گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 40 هەزار کەسیش بەهۆی دۆسیەی پەکەکەوە زیندانی کراون. تەنها لە نێوان ساڵانی 1980-1998دا 5 هەزار گوند بەبیانووی پاڵپشتیکردنی پەکەکە چۆڵکران و ملیۆنان کورد ئاوارەی شارەکان بوون. هەروەها لە ناو شارەکاندا نزیکەی 17 هەزار کەس لە ڕووداوە بکوژنادیارەکاندا، کوژراون. تەنیا لە ساڵی 2015دا 12 شاری کوردستان لە شەڕی خەندەقەکاندا کاول کران. کورد، بە تایبەت کوردانی باکوور، گیان و گەڕەک و موڵک و ماڵی خۆیان بەخشی بە پەکەکە؛ گوندەکەی خۆیانیان پێدا، شاخەکانیان پێدا و دەشتەکانی خۆیان و پارەکانیشیان دا بە پەکەکە. کورد هەموو فیداکارییەکی بۆ پەکەکە کرد. زێدەڕۆییمان نەکردووە ئەگەر بڵێین لە باکووری کوردستان تاقە یەک بنەماڵەیش نیە کە لەم شەڕەدا خوینی نەدابێت. زیانی گیانی و مادی و تێچووی زۆر گەورە لەگۆڕێدایە و کاتێک مرۆڤ لە دوورەوە سەیری ژمارەی زیانەکان و ڕووداوەکان دەکات، دەترسێت. لە کۆتاییدا مرۆڤ ئەم پرسیارەی لەلا دروست دەبێت: “لەهەمبەر ئەم تێچووە گەورەیەدا، چی بەدەستهاتووە؟”

کورد لەم 40 ساڵەدا هەموو شتێکی خۆی خستە خزمەت پەکەکە، بەڵام لە بەرامبەردا پەکەکە چی بە کورد بەخشی؟

ئەگەر ئاوڕێک لە دواوە بدەینەوە، دەبینین کە ڕاستە کورد لەم 40 ساڵەدا گۆڕانکاری گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام زۆربەی ئەو گۆڕانکاریانە پەیوەندییان بەو گۆڕانکارییە ئابوورییانەوە هەیە کە لە ژیانی تورکیادا دروستیان کردووە. زۆر کەمیان پەیوەندییان بە خەباتی پەکەکەوە هەیە. بەڵام هیچ دەستکەوتێک لە شەڕی 40 ساڵەدا بەدەستنەهاتووە. کەواتە ئەگەر بۆ ماوەی 40 ساڵ شەڕێک لە شوێنێکدا بەردەوام بێت و زیاتر لە 60 هەزار کەس گیانیان لەدەستدابێت و هێشتا مرۆڤەکان مافی سەرەتایی زمانی زگماکی خۆیان بەدەستنەهێنابێت، بێگومان ئیدی ئەو شەڕە ناتوانێ هیچ دەسکەوتێکت بۆ دەستەبەر بکات. بەڵێ هیچ دەستکەوتێک لە هەنگاوی 15ی تەباخ لە باکووری کوردستان بەدەستنەهاتووە. تاکە شتێک کە لەو کاتەوە گەشەی کردووە، تەنها ڕێکخستنی پەکەکەیە. ژمارەی پەکەکە زیادی کردووە و توانای تەشکیلاتیەکەی فراوانتر بووە. بەڵام هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە ژیانی نەتەوەی کورددا ڕووینەداوە.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە هەر لێکدانەوەیەک کە 15ی تەباخ وەک جێژنی ژیانەوە یان تەڤگەری ژیانەوە هەڵبسەنگێنێ، هەڵەیە. با کورتەیەک لە دۆخی کوردانی باکوور لە هێرشی 15ی تەباخەوە هەتا ئەمڕۆ بخەینەڕوو: لە ساڵانی 1970دا کوردەکان لە ئەمڕۆ کوردستانیتر بوون. پێش هەبوونی پەکەکە، تەنانەت کوردەکان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان و تورکیادا بۆ نموونە لە شاری “ئامەد”دا دروشمی “ئازادی بۆ کورد”یان دەگوتەوە. بۆ نمونە پێش هەبوونی پەکەکە، مەعسوم کۆرکماز ئاڵای کوردستانی لە باخچەی ئەو قوتابخانەیەدا بەرز کردۆتەوە کە تێیدا دەیخوێند. کوردەکان خۆپیشاندانی گەورەیان ڕێکدەخست. دەوڵەت لە جوگرافیای کوردستاندا ئەوەندە باڵادەست نەبوو. کۆمەڵگەی کوردی لە مژارە فەرمی ـ بوروکراتیکەکاندا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا بوو، بەڵام لە بواری کۆمەڵایەتیدا لە ئەمڕۆ ئازادتر بوو.

لەو سەردەمەدا کورد نیشتمانپەروەر و فیداکار بوون و باوەڕی بەهێزیان بە کوردستان هەبوو. بە درێژایی ساڵانی 1990دا پەکەکە هیچی بۆ ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییە نیشتمانپەروەر و نەتەوەپەروەرە کە باوەڕێکی قووڵیان بە کوردستان هەبوو، زیاد نەکرد و بە پێچەوانەوە هەموو دەستکەوتەکانی کوردیشی پووچەڵکردەوە و خواردی. ئێمە دەتوانین بە ڕوونی بڵێین پەکەکە لە باکووری کوردستان وەک قەییومێک کار دەکات کە دەوڵەتی تورک بۆ ڕۆحی کوردستانی ئەرکداری کردووە. پەکەکە کۆتایی بە هەموو ئەو وزەیە هێنا کە باکوری کوردستان دەبووا بە خەباتی ڕاستەقینە بۆ ڕزگاری نەتەوەیی کوردستانی بدات. لە ئێستادا باکوری کوردستان وەکوو کورد ون بووە.

ئەگەر کورد دەیهەوێت لەم تاریکییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بچێتە ژیانێکی سەربەرزانەوە، پێویستە حیسابی ئەو 40 ساڵە لە پەکەکە بخوازێت و داوای وەڵامدانەوەی لێبکات. با ئیدی کەس شتە هەستیارەکانی وەکوو شەهید هەیە، یادگاری هەیە، دڵسۆزی هەیە و هتد…مان پێ نەڵێتەوە، پەکەکە ماوی 40 ساڵی ڕەبەقە بەمشێوەیە کورد بێدەنگ دەکات. دیارە مرۆڤەکان دەشمرن کەچی هەر بێدەنگ دەبن، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە چەندە خەڵک زیاتر بێدەنگ بن، بەو ئەندازەیەش کوردی زیاتر دەمرن. پێویستە بە پەکەکە بڵێین “ئێمە لەم 40 ساڵەدا هەموو شتێکمان پێدایت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوویت”. پەکەکە چەپ و ڕاست خەڵک تاوانبار دەکات، تەنانەت ئەو باڵندانەش تاوانبار دەکات کر دەفڕن و دەڵێت نەزان بوون، جاش بوون و هتد… بەڵام بەخۆی ناڵێت لە شەڕێکدا کە بۆماوی 40 ساڵە بەردەوامە و 60 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، بۆچی هیچ دەستکەوتێکی نەبووە؟

ئەگەر ئەم شەڕەی پەکەکە 40 ساڵی دیکەش بەردەوام بێت، هیچ قازانجێکی نابێت، چونکە پەکەکە بۆ شکستی کورد دامەزراوە نەک بۆ سەرخستنی کورد. پەکەکە بەجۆرێک خەڵکی بە وتارەکانیان گەمارۆ داوە کە خەڵک تەنانەت وەکوو وتارێکی قارەمانێتی، بەرگری لە قسە گاڵتەجاڕانەکەشی دەکات. ساڵی 1995 کە شەڕی پەکەکە گەورەترین گورزی بەرکەوت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەرکەوتە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و دروشمی “هیوا لە سەرکەوتن شەرەفمەندترە”ی گوتەوە. واتە ئۆجەلان لەو کاتەدا دەیگوت ئامانجی من سەرکەوتن نییە، بەڵکوو من هیواکانتان پێ دەفرۆشم و ئێوەش دەبێ شوێنم بکەون. بەڵێ هیوای خەڵک بۆ ماوەی 40 ساڵ ئیستغلال کرا، بەڵام هیچ سەرکەوتنێک بەدەست نەهات. پەکەکە هیوای کوردانی باکووری بۆ ئازادی و سەربەخۆیی وردوخاش کرد. پەکەکە 40 هەزار ڕۆڵەی ئەم گەلە، گەنجانێک کە دایکیان وەک بلبیلەی چاویان دەیانپاراست، لە پێناو هیوایەکی پووچ و بێبنەمادا بەکوشتنی دان. ئۆجەلان لە بەردەم دادگای تورکیا سەرەخۆشیی لە دایکانی تورک کرد، بەڵام هەرگیز باسی دایکە جەرگ سووتاوەکانی کوردی نەکرد.

بەڵێ 15ی ئاب هەنگاوێکی زۆر شەرەفمەندانە بوو و بۆ ئۆجەلان پڕۆسەیەک بوو کە بە ناوی مەعسوم کۆرکماز و محەممەد کارانسونگۆر دەستی پێکرد و خەڵکی باکووری کوردستانیش ئەو هەنگاوەیان لە ئامێز گرت. بەڵام پەکەکە-ئۆجەلان ئەو هەنگاوەی کە بۆ سەرخستنی کورد هەڵگیرابوو، بۆ تێکشکاندنی کوردی بەکاریانهێنا.

پەکەکە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە نەتەوەی کوردی لە شەڕدا بە دۆڕان داوە، ئێستا شکستێکی وەها هەیە کە مرۆڤ دەتوانێ بڵێت شەڕێکی درێژخایەنی دۆڕاندن بووە. دیارە لەمەودوا پەکەکە ناتوانێت لەڕێگەی شەڕەوە هیچ داگیرکەرێک تێکبشکێنێت. لەمەودوا شەڕ تەنیا بۆ پڕوپاگەندەی پەکەکە و بۆ ئەوەی پەکەکە بتوانێ حزبەکەی بە زیندووی بهێڵێتەوە، دەکرێت. هەر کەسێک کە تا ئێستاش لە هەوڵی ئەوەدایە کە خەڵک بۆ ئەم شەڕە چەکدار بکات و هەوڵی شاردنەوەی ئەم شکست و دۆڕانە دەدات، دەستی لە خوێنی هەموو ئەو کەسانەدایە کە لەم شەڕەدا گیانیان لەدەستداوە. بەتایبەت جەمیل بایک و موراد قەرەیلان، بەسێ هۆزات، دوران کاڵکان، هەموویان لەهەمبەر ئەم کۆمەڵکوژییەی گەنجان و دۆڕان و شکستانەی کوردستاندا، بەرپرسیارن. هەروەها ئەو بەناو ڕۆشنبیرانەش کە هاوکاری پەکەکە دەکەن، لە بەرانبەر ڕشتنی خوێنی کورد و کوردستانیاندا بەرپرسیارن.

پێویستە ڕۆشنبیرانی کورد بە شێوەیەکی دروست شیکاری بۆ ئەو سیستەمە بکەن کە لە ساڵی 1978دا کوردی مەحکووم بە جەهالەتی پەکەکە کرد و ڕوونی بکەنەوە. ڕۆشنبیرانی کورد دەبێ هەنگاوی 15ی تەباخ وەکوو هێڵی ئۆجەلان چۆناوچۆن شکستی هێنا، ببینن و لەسەری بنووسن.

پوستێن ھەمان بەش