ئەندازیاری هەنگاوی 15ی تەباخ، “مەهمەت قاراسونگوور”، لەلایەن ئۆجەلانەوە لەناوبرا

ئەندازیاری هەنگاوی 15ی تەباخ،"مەهمەت قاراسونگوور"، لەلایەن ئۆجەلانەوە لەناوبرا

ئەگەر هێڵی قاراسونگوور سەرکەوتبایە، ئەمڕۆکە پەکەکە پێشەنگایەتی داگیرکرانی باشووری کوردستانی نەدەکرد.

چەند تێبینییەک لەسەر مێژووی شەڕی پەکەکە…

مەهمەت قاراسونگوور لە ساڵانی 1970دا یەکێک لە کەسایەتییە ناودارەکانی بزووتنەوەی لاوانی باکووری کوردستان بوو. کاراسوونگوور لە پەکەکەدا جێی گرت و بەرپرسایەتی پێشەنگایەتی چالاکییە سەربازییەکانی پەکەکەی لە ئەستۆ گرت. بەڵام لە کاتێکدا کە دەکرا چالاکی زیاتری هەبێت، لە شەڕێکی گوماناویدا کوژرا.

پەکەکە بە گشتی هێڵی نەتەوەپەروەر و وەکوو هەمیشە پەدەکە و حزبی شیوعی عێراقی بە کوشتنی قاراسونگوور تۆمەتبار دەکرد. بەڵام قاراسونگوور لەلایەن یەکێتی نیشتمانی (یەنەکە)ـەوە کوژرا. لە ڕاستیدا، نەوشێروان مستەفا کە ئەوکات بەرپرسی یەنەکە بوو لە قەندیل، لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت ئێمە قاراسونگوورمان کوشت. هەروەها دوران کاڵکانیش لە زۆرێک لە وتارەکانی پێشوویدا دانی جەختی کردۆتەوە کە یەنەکە قاراسونگووری کوشتووە.

یەنەکە بە هەڵە لە قاراسونگووری نەدابوو، بەڵکوو بە ئەنقەست کردیە ئامانج. بەڵام بۆچی؟

ئایا ئۆجەلان کە کاراسونگووری وەکوو ڕکابەرەکەی خۆی دەبینی و چەپی تورک کە قاراسونگووریان وەکوو کوردپەروەر پێناسە دەکرد، هیچ ڕۆڵێکیان لەو ئەم ڕووداوەدا هەبوو؟ دەتوانین لە ژێر چەند سەردێڕێکدا وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە.

مەهمەت قاراسونگوور کێیە؟

مەهمەت قاراسونگوور لە ساڵی 1947 لە گوندی “دارەبی” سەر بە قەزای “کیخی” لە سنووری “چەولیگ” لەدایکبووە. لە ساڵی 1972دا بەهۆی چالاکییە شۆڕشگێڕانە و نەتەوەییەکانیەوە لە شاری “مەرەش”ـەوە دوورخرایەوە بۆ شاری جۆلەمێرگ و لەوێ مامۆستایەتیی دەکرد. لە ساڵی 1976دا لە چەولیگ دەستبەسەر کرا و لەکاتێکدا کە بەڕێوەبەری پۆلیسی تورک توندوتیژیی بەرامبەر بەکارهێنا، قاراسونگووریش لەو بەرپرسەی پۆلیسی تورکیا هاتە دەست و تا سەرحەدی مەرگ تێهەڵدا. بەهۆی ئەم هەڵوێستەیەوە دواتر قاراسونگوور زۆر بێبەزەییانە ئەشکەنجە درا.

لە ساڵی 1978دا وازی لە پیشەی مامۆستایی هێنا و بەشێوەیەکی ئەکتیڤ بەشداریی لە خەباتی نەتەوەییدا کرد. مەهمەت قاراسونگوور کە بەشێوەیەکی کارا بەشداریی لە پرۆسەی دامەزراندنی پەکەکەدا کردبوو، لە ساڵی 1978دا لە کۆنگرەی دامەزراندندا بۆ ئەندامەتی کۆمیتەی ناوەندی و دەستەی کارگێڕی کە لە سێ کەس پێکهاتبوو، هەڵبژێردرا. ساڵانی مامۆستایەتی کردنەکەی لە جۆلەمێرگ، لە ژیانی سیاسی قاراسونگوور و بەشداریکردنی لە خەباتی نەتەوەییدا قۆناغێکی زۆر گرنگ بوو. هەروەک چۆن قۆناخی سەربازیی ئیحسان نوری پاشا لە “بایەزید” وایلێکرد کە سەرکردایەتی شۆڕشی ئاگری بکات، خەونی “مەهمەت هۆجە”ش بۆ شەڕی پارتیزانی لە چیاکانی جۆلەمێرگەوە دەستی پێکرد.

ئۆجالان دیمەشق و قاراسونگووریش شاخەکانی کوردستانی هەڵبژارد

ڕووخانی ڕێژیمی شای ئێران لەساڵی 1979دا، دەرفەتی پەرەپیدانی خەباتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕەخساند. مەهمەت قاراسونگوور ئەم دۆخەی بە دروستی هەڵسەنگاند و بڕیاریدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ بێت. ڕێگاکەی قاراسونگوور بەپێچەوانەی ڕێگای عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو. ئۆجالان لە ساڵی 1979دا لەسەر دیاریکردنی لۆکەیشنی “هێزی ئیلاهی” واتە دەوڵەتی قووڵی تورکیا، لە دیمەشق-فەلەستین جیگیر کرا. ئەم ڕێبازە نوێیەی ئۆجەلان کە هیچ پەیوەندییەکی بە کوردستانەوە نەبوو، نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکی زۆری لای کادیرە پێشەنگەکانی وەک مەهمەت قاراسونگوور دروست کرد.

قاراسونگوور ئامانجی ڕێکخستن و سەرکردایەتیکردنی خەبات بوو لەسەر خاکی کوردستان. هەر بەو هۆیەشەوە چاوەڕوان دەکرا ئەو کادیر و چالاکانەی پەکەکە کە لە دوای کودەتاکەی 12ی ئەیلوولی 1980 لە وڵاتدا مابوونەوە، نەچنە کەمپەکانی فەلەستین، بەڵکوو ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش ئامرازەکانی و ڕێگای گواستنەوەی دابین کرد و هێڵەکانی ئۆرگانیزە کرد. هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پەدەکە کە لە ناوچەکەدا جێگیر بوون، بە کۆئۆردینە دەجووڵایەوە و بنکە و بارەگای ئامادە دەکرد و پێداویستی لۆجستی دابین دەکرد. بەڵام ئەو گروپانەی کە قاراسونگوور چاوەڕێی دەکردن، هەرگیز نەهاتن. ئەو کادیرانەی کە لە دوای کودەتاکەی 12ی ئەیلول بڵاوەیان پێکرابوو، بە فەرمانی ئۆجەلان، بەرەو کەمپەکانی فەلەستین ڕاکێشران. ئۆجەلان هەریەک لە جەمیل بایک و دوران کاڵکانی ئەرکدار کرد کە گرووپەکان ڕەوانەی ئۆردوگاکانی فەلەستین بکەن.

قاراسونگوور هەمیشە لە ڕێگەی نووسینگەی پەدەکەوە لە دیمەشق پەیامی بۆ ئۆجەلان دەنارد و داوای دەکرد ئەو گرووپانە بنێرن بۆ ناوچەی لۆلان. بەڵام ستراتیژی ئۆجەلان و پەیوەندییە تاریکەکانی جیاواز بوون. چەپگراکانی تورک کە بەشێکن لە دەوڵەتی قووڵی تورکیا، بۆخۆیان لە فەلەستین جێگیر ببوون و دەیانهەویست ئۆجەلان و پەکەکە لە نزیک خۆیانەوە جێگر بکەن. ئەو دەسەڵاتەی کە ئۆجەلانی لە سوریا دانا، پلانێکی درێژخایەنی هەبوو. چەپەکانی تورکیا نەیاندەویست پەکەکە بچێتە سێگۆشەی زاگرۆس کە لەلایەن بەرەی نەتەوەیی کوردستانەوە کۆنترۆڵکرابوو. ئەو پلانەی کە دەوڵەتی قووڵی تورکیا دەیویست لە ڕێگەی ئۆجەلانەوە جێبەجێی بکات، تازە دەستی پێکردبوو. ئۆجالان بە ڕادەیەکی پێویست لەلایەن سەرکردە چەپەکانی تورکیا وەک “مهری بەلی” و “سارپ کۆرای” کە لە قووڵایی دەوڵەتی تورکەوە هاتبوون، گەمارۆدرابوو. بۆیە ئەوان نەیاندەویست ئەو دەرفەتە بکەنە قوربانی هەست و هزری کوردستانی و نەتەوەیی قاراسونگوور. ئەوان هەموو شتێکیان هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکرد.

قاراسونگوور هەوڵی دەدا کە ئۆجەلان بهێنێتەوە بۆ کوردستان

قاراسونگوور کە ئاگاداری پلانەکانی دەوڵەتی قووڵی تورکیا و ئۆجەلان نەبوو، خەریکی ئامادەکردنی بنکە و بارەگا بوو بۆ ئەوەی بەرنامەکانی خۆی جێبەجێ بکات و دەیهەویست پەکەکە بهێنێتە سەر خاکی کوردستان. قاراسونگوور لە نامەیەکدا کە بۆ ئۆجەلانی ناردووە، دەڵێت: “هەڤاڵ عەلی، شۆڕشی ئێران بۆشایییەکی جددی لە ناوچەکەدا دروستکردووە و دەیان ڕێکخراوی کوردستانی لە ناوچەکەدا جێگیر بوون. دەرفەتی پەروەردەیی و لۆجستیکی گەورە هەیە. هەروەها ئەو ناوچانەی کە ئێمە بۆ شەڕی گەریلا پێشنیاری دەکەین، لە نزیک هەرێمی لۆلانن. ناوچەی لوبنان-فەلەستین هەم ئێمە دەکاتە ڕێکخراوێکی پەنابەران و هەمیش زۆر لە وڵاتەوە دوورە. هەر بۆیە ​​پێویستە هەموو چالاکییە ڕێکخراوەیی و پەروەردەییەکان دەستبەجێ بگوازرێنەوە بۆ ئەم هەرێمەی کە منی تێدام واتە هەرێمی زاگرۆس”.

لە لایەکی ترەوە ئۆجەلان ئەم داواکاریانەی قاراسونگووری وەکوو مەترسییەک بۆ سەر خۆی دەبینی. لە ڕێگەی چەپی تورکیاوە ڕۆژ بە ڕۆژ لە دیمەشق ژیانێکی ئاسوودەتر پێشکەشی ئۆجەلان دەکرا. هەموو شتێک لەپێناو مانەوەی ئۆجەلان لە سوریادا کرا. لە کۆتاییدا ئەو هێزەی ئۆجەلانی لە سووریا دانا، بە هەموو شێوەیەک ڕێگریی لە هەوڵەکانی قاراسونگوور کرد کە دەیهەویست ئۆجالان بهێنیتەوە بۆ زاگرۆس. لە ڕاستیدا موخاتەبی قاراسونگوور دەوڵەتی قووڵی تورکەکان بوو. ئۆجەلان و چەپگەراکانی تورک، بەباشی ئاگاداری ئەو ڕاستییە بوون، بەڵام قاراسونگوور ڕاستییەکەی نەدەبینی.

بۆیە ئەم مشتومڕ و ململانێیە، لە بنەڕەتدا لە نێوان دەوڵەتی کۆلۆنیالیستی تورک و هێڵی کوردستانی و نەتەوەییدا بەڕێوەچوو. هزر و ڕامانی نەتەوەیی کاراسونگوور، خواستی دەستپێکردنی شەڕی دژی کۆلۆنیالیزمی تورک و هەروەها باوەڕی ئەو بەوەی کە پێویستە سەرکردایەتی خەبات لە کوردستاندا بەڕێوەبچێت و لە سەرووی هەمووشیانەوە هەوڵەکانی مەهمەت بۆ بنیاتنانی بەرەی نەتەوەیی کورد، ئۆجەلانی زۆر نیگەران دەکرد. ئۆجەلان ئەو هزر و هەوڵانەی قاراسونگووری وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر سەرۆکایەتییەکەی خۆی پێناسە دەکرد.

پەکەکەى قاراسونگوور و پەکەکەى ئۆجەلان زۆر لێک جیاوازن

لە لایەکی دیکەوە لە کوردستان هێزە کوردییەکان هەڵویستی دڵسۆزانەی “مەهمەت قاراسونگوور”یان بەرز دەنرخاند و بەهۆی ئەوەوە جێگەیان بۆ پەکەکە دەکردەوە. بەڵام ئەو پەکەکەیەی کە قاراسونگوور تەمسیلی دەکرد، لەگەڵ پەکەکەکەی ئۆجەلان دوو شتی زۆر جیاوازن.

لە کاتێکدا مەهمەت قاراسونگوور کاری بۆ هێنانەوەی کادیرانی پەکەکە لە لوبنانەوە بۆ وڵات دەکرد، هاوکات هەوڵی دەدا بۆ ئەوەی لەگەڵ پەدەکەدا بەرەیەکی یەکێتی نەتەوەیی دابمەرزێنێت. لە بەرامبەر بەرە کوردستانیەکەی قاراسونگووردا، ئۆجەلان هەوڵیدا لەگەڵ چەپگەراکانی تورکیا، واتە چالاکە مەیدانیەکانی میت لە دیمەشق، بەرەیەکی بەرخۆدان لە دژی فاشیزم دروست بکات. ئەمانە دوو بەرەی زۆر لێک جیاواز بوون. هێڵی سەرکردایەتی قاراسونگوور لە سێگۆشەی زاگرۆسدا و هێڵی ڕێبەرێتی ئۆجەلان لە ناوچەی دیمەشق ـ فەلەستین، زۆر لەیەکتر جیاواز بوون.

بەرەی قاراسونگوور لە سێگۆشەی زاگرۆسدا، نەتەوەیی، نیشتمانپەروەر و کوردستانی بوو؛ لە لایەکی ترەوە بەرەی ئۆجەلان لە دیمەشق سەرکردایەتییەک بوو کە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتە کۆلۆنیالیزمەکانی ناوچەکەدا بوو، دوور بوو لە ئامانجە کوردستانیەکان و نوێنەرایەتی تورکە چەپگرا کەمالیستەکانی دەکرد. بێگومان لایەنی قاراسونگوور ڕاست بوو. دوران کاڵکان، یەکێک لە سەرکردەکانی پەکەکە، ئەم دۆخە بەم شێوەیە ڕاڤە دەکات: “قاراسونگوور ئەو سەرکردەیە بوو کە بەرخۆدانی سوێرەگی ئۆرگانیزە کرد. یەکەم کەسی بەرپرسی خەباتی چەکداری و بە فەرمی بەڕێوەبەر و نوێنەری یەکەمین کۆنسەی سەربازی بوو. فەرماندەی سەربازیی کۆمیتەی ناوەندی حیزب (پەکەکە) بوو. یەکەم کەس کە بە فەرماندەی سەربازی ناوزەد کرا، یەکەمین کەس بوو کە بەرپرسایەتی ڕێکخستن و پێکهێنانی مەیدانی خەباتی چەکداریی، لە ئەستۆ بوو. لەخۆیدا مەهمەت خۆجە، لە ساڵانی 80 ـ 83 لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئامادەکاریی بۆ هەنگاوی 15ی تەباخ دەکرد. هەموو ئامادەکارییەکانی باشووری بەڕێوەبرد. لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا گەریلا هەنگاوی یەکەمی هەڵگرت و هەڤاڵان لەسەر شوێن پێی ئەو پێیان نایە سەر خاکی کوردستان”.

ئۆجەلان: ئەوانە بکوژن کە دەسەڵاتی ئێوە تێکدەدەن و وەکوو قەزا و قەدەر پیشانی بدەن

بەڵام ئۆجەلان ئەم چالاکییانەی قاراسونگووری وەکوو هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر سەرۆکایەتییەکەی خۆی دەبینی. بەم شێوەیە یەکەم هەنگاوی کردەیی بۆ نەهێشتنی هێڵی کوردستانی لەناو پەکەکەدا هەڵگرت. ئۆجەلان لە نەورۆزی ساڵی 1983دا کاراسونگوری بانگهێشتی دیمەشق کرد بۆ ئەوەی نفووزی بەرچاوی قاراسونگوور لە کوردستان تێکبشکێنێت. لەوێدا بە چەپەکانی تورکیا و ئاستی باڵای یەنەکەی ناساند و دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵیاندا بۆ ساز کرد. ئۆجەلان لە قاراسونگووردا هزر و رامانی کوردایەتیی زیاتر ە بەهێزتر لە ڕامانی چەپگەرایانە بینی و تۆمەتباری کرد بەوەی کە دڵسۆزی پەدەکەیە. بڕیاردرا کە قاراسونگوور ناوێکی مەترسیدارە.

ئۆجەلان لە کتێبەکەی خۆیدا بەناوی “تەسفییەکردنی تەسفییە”دا، ڕێبازی قاراسونگوور بەم شێوەیە هەڵدەسەنگێنێت: “بەرپرسانی ئەوێ (موخابەرات) دەیانگوت، پەکەکە لە لۆلان لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)دایە. ئێمە لە لوبنان بە تەنیا خۆمان ماوینەوە. ئەو لقەی ئەوێ (لۆلان) دەیانگوت “ئێمە پەکەکەین” بەڵام ئەوان چەتەن. ئەگەر ئەم گرووپانە دەسەڵاتداریی ئێوە تێکبدەن، ئێوە نەتوانن خۆتان بەوانەوە سەرقاڵ بکەن، بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پێکدادانێکدا یان بە شێوازیکی دیکە ئەو تەسفییەچیانە لەناو ببەن و ڕووداوەکە وەکوو قەزا و قەدەر و هەڵکەوت پیشان بدەن. (لاپەڕە 365)

پیلانێک لە دژی قاراسونگوور ڕێکخرا و بە دەستی هێزەکانی یەنەکە کوژرا

بە دڵنیاییەوە بڕیاری کوشتنی قاراسونگوور لە دیمەشق درا و بێگومان سەرەتا ئۆجەلان بوو کە ئەم بڕیارەی دا. هەستی یەکگرتوویی و یەکیەتیی نەتەوەیی قاراسونگوور ئیستغلال کرا و داوای لێکرا کە لە شەڕی چەکدارانەی نێوان یەنەکە و حزبی شیوعی عێراقدا، نێوەندگیری بکات.

دوای چەند ڕێککەوتنێکی پراکتیکی، داوا دەکات لە کۆتایی مانگی نیساندا لەگەڵ بەرپرسانی یەنەکە و حزبی شیوعی کۆببێتەوە. کاراسونگوور هەریەک لە ئیبراهیم بیلگین (سائیت)، مەهمەت ئەرترک و مستەفا باتمانی لەگەڵ خۆیدا دەبات و دەچێتە بارەگای حزبی شیوعی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قەندیل. کۆبوونەوەکە لە کاتژمێر 11ی ڕێکەوتی 2ی گوڵان بەڕێوەدەچێت. لەو کاتەدا پێشمەرگە بە گشتی شەوانە لە مزگەوتەکاندا دەخەوتن. ئەو مزگەوتەی کە کاراسونگووری تێدا مابۆوە، گەمارۆ دەدرێت و ڕەمی دەکرێن. قاراسونگوور و ئیبراهیم بیلگین دێنە دەرەوە و هاوار دەکەن و دەڵێن ئێمە پەکەکەین. ئەو یەکەیەی کە لەژێر فەرماندەیی نەوشیروان مستەفادا بوو، کە یەکێک بوو لە کەسایەتییە گرنگەکانی یەنەکە، قاراسونگووری بینی بەڵام لە ڕەمیکردنەکەی بەردەوام بوو.

وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، نەوشیروان لە بیرەوەرییەکانیدا دان بەوەدا دەنێت کە قاراسونگوور لەلایەن یەکینەکەی ئەوەوە کوژراوە. لەسەر ناڕەزایی هەڤاڵانی قاراسونگوور، نەوشیروان دەڵێت: “ئێمە چی بکەین، پەکەکەش لە هیلوان تەقەی لە کوردان کرد”، مەگەر چ بووە.

پرسیاری سەرەکی لە خودی ڕووداوەکەدایە. ئۆجەلان کە هیچ گرنگییەک بە یەکگرتوویی کورد نادات، بۆچی سیمایەکی گرنگی وەک قاراسونگووری بۆ ناوچەیەکی ئاوا پڕ لە کێشە و ئاڵۆزی هەنارد؟ بۆچی یەنەکە کەوا قاراسونگووریان لە نزیکەوە دەناسی، بە ئەنقەست دایانە بەر دەستڕێژی گوللـە؟

دیارە کە مانەوەی قاراسونگوور لە کەمپەکانی پەدەکە، یەنەکەی بەتەواوی بێزار کردبوو. بە واتایەکی دیکە، هەم چەپەکانی تورکیا، هەم پەکەکە و هەم یەنەکە، لە هێڵی نەتەوەیی قاراسونگوور و پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەدەکە قەڵس بوون. ئەم سێ هێزە بە یەکسانی لە کوشتنی قاراسونگووردا بەرپرسیارن.

خاڵێکی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە پەکەکە هیچ هەنگاوێکی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی قاراسونگوور هەڵنەگرت. هەرچەندە ساڵانێکی زۆر حوکمڕانی قەندیلیان کرد، بەڵام تەنانەت ڕۆژێکیش نەیانپرسی کە تەرمی ئەم سەرکردەیە لە کوێ نێژراوە؟ هۆکارەکەی دیارە، چونکە گۆڕی قاراسونگوور دەبێتە ڕەمز. دیارە لە ساڵی 2002دا گوندنشینێکی پەدەکە کە تەرمەکەی بە خاک سپاردبوو، ئەم بابەتەی هێنایە ڕۆژەڤی پەکەکەوە.

ئۆجەلان لە سەرکردایەتی نەتەوەیی-کوردستانی ڕزگاری بوو

ئەو پیلانەی کە لە دیمەشقەوە تا قەندیل درێژ ببووەوە بەمشێوەیە گەیشتە ئامانجی خۆی. ئۆجەلان: ئەو لقەی ئەوێ (لۆلان) دەیانگوت “ئێمە پەکەکەین” بەڵام ئەوان چەتەن. ئەگەر ئەم گرووپانە دەسەڵاتداریی ئێوە تێکبدەن، ئێوە نەتوانن خۆتان بەوانەوە سەرقاڵ بکەن، بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پێکدادانێکدا یان بە شێوازیکی دیکە ئەو تەسفییەچیانە لەناو ببەن و ڕووداوەکە وەکوو قەزا و قەدەر و هەڵکەوت پیشان بدەن.

لە جینایەتی کوشتنی ئۆرگانیزەکراوی قەندیل کە قاراسونگووری تێیدا کوژرا، ئەو قسەیەی ئۆجەلان جێبەجێکرا. بەم شێوەیە ئۆجەلان سەری “باند”ی لۆلانی شکاند کە دەیانگوت “ئێمە پەکەکەین” و “سەرکردایەتی لە لۆلان”ی لەناوبرد کە بە بەهێزترین ڕکابەری خۆی لە ڕێگای سەرکردایەتیدا دەیبینی.

بەرەی کوردستانی قاراسونگوور تەسفیە کرا و بە فیتی ئۆجەلان بەرەی چەپی تورک لە شوێنەکەی دانرا. ئۆجەلان عەقڵیەتی ناسیۆنالیستی و نەتەوەپەروەریی لەناو پەکەکەدا لەناوبرد و ڕێبازی نیشتمانپەروەرانەی بە “تاوان” ناوبرد. ئەگەر هێڵی کوردستانیی مەهمەت قاراسونگوور لەناو پەکەکەدا سەرکەوتبا، پەکەکە وەک ئەمڕۆ نەدەبووە هێزێکی پارامیلیتەر (میلیشیا). قاراسونگوور تێگەیشتنێکی لە تێکۆشان بە گشتی لەسەر بنەمای هاوپەیمانی و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بوو. هەروەها ڕێکەوتنی “بەرەی نەتەوەیی” کە لە ساڵانی 1982-1983دا لەگەڵ پەدەکە واژۆ کرا، بە هەوڵی شەخسی قاراسونگوور و لە ئەنجامی ڕوانگە و تێگەیشتنی کوردانەی ئەو پێکهات. پەکەکەى قاراسونگوور لە یەکگرتووىی و یەکیەتیی نەتەوەییەوە هێز و دەسەڵاتى وەردەگرێت و پەکەکەى ئۆجالانیش لە هاوپەیمانى قێزەون لەگەڵ یەکەکانى سیخوڕیى دەوڵەتە کۆلۆنیالیزمەکانى ناوچەکەدا دەسەڵات وەردەگرێت، بێگوامن ئەم دووانە هیچیان لەیەک ناچیت و وەک یەک نین. پەکەکەى ئۆجالان عەقڵ و پشتیوانى دەوڵەتە داگیرکەرەکانى لەپشت بوو، بەڵام پەکەکەى قاراسونگوور نوێنەرایەتی داواى ئازادیى کورد و کوردستانی دەکرد.

قاراسونگوور پشت بە بەها نەتەوەییەکانی خۆی دەبەستێت و لە کاتێکدا کە ئۆجالان خاوەن هەموو فەن و فرت و فێڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، قاراسونگوور تەنیا خاوەنی قارەمانەتی و ئازایەتی کوردانە بوو. ئەگەر هێڵی قاراسونگوور سەرکەوتبایە، ئەمڕۆکە پەکەکە پێشەنگایەتی داگیرکرانی باشووری کوردستانی نەدەکرد. بەڵام بەداخەوە لەم شەڕەی باڵەکاندا، فیداکارەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکەوتوو بوو. سەرکردایەتی نەتەوەپەروەری زاگرۆس لەلایەن “سەرۆکایەتی” جەمبازی دیمەشقەوە لەناو برا و هێڵی نەتەوەیی پەکەکە بە کوشتنی کاراسونگور تێکشکا. لەو ڕۆژە بەدواوە هەتا ئێستا پەکەکە نەکەوتووەتە سەر هێڵێکی ڕاست و دروست.

بەبێ تێگەیشتن لە حەقیقەتی قاراسونگوور، ناکرێ لەو دۆخە تێبگەی کە ئەمڕۆکە پەکەکەی تێدایە. لەناوبردنی قاراسونگوور، ڕێگای لەبەردەم پرۆسەی بە تاکە سەرۆکبوونی ئۆجەلان کردەوە.

پوستێن ھەمان بەش