سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: کوردستان هەمیشە نیشتمانی نەتەوە و ئایینزای جیاواز بووە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: کوردستان هەمیشە نیشتمانی نەتەوە و ئایینزای جیاواز بووە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: پابەندین بە پاراستن و پەرەپێدانی ئەو پێکەوەژیانەی کە مایەی شانازیمانە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە (5/9/2024) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، “بەڵێن دەدەین کە وەک هەمیشە، گرنگی بە زمان و ڕۆشنبیریی سریانی و گشت پێکهاتە جیاوازەكانی کوردستان بدەین.”

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، کوردستان هەمیشە نیشتمانی نەتەوە و ئایینزای جیاواز بووە و پابەندن بە پاراستن و پەرەپێدانی ئەو پێکەوەژیانەی کە مایەی شانازییانە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئەیلوولی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  “یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان” لە هەولێر بەڕێوە چوو.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا، جەختی لەوە کردەوە، “کوردستان بە درێژایەتیی مێژوو وەکو بێشکەی مرۆڤایەتی هەمیشە نیشتمانی نەتەوە و ئایین و ئایینزای جیاواز بووە. چەندین شارستانییەتی جیاواز، وەکو شارستانییەتی سۆمەری، ئەکەدی، دانی، ئاشووری و سریانی و چەندانی دیکە لەسەر زەمینی کوردستان سەریان هەڵداوە و گەشەیان کردووە”.

بە گوتەی مەسرور بارزانی “کاتێک پەلاماری هەرێمی کوردستان دراوە، جیاوازی لەنێوان ئایین و کولتوورە جیاوازەکاندا نەکراوە و هەمووان بە یەک چاو سەیر کراون کە ناحەزان و دوژمنان وەکو یەک سەیری ئێمە دەکەن. دەبێت ئێمەش یەک دەست و وەکو برا بین بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەموو تەحەدا و ناخۆشییەکان ببینەوە”.

پوستێن ھەمان بەش