هێشتا بە سەدان لاوی کورد هەن کە پەکەکە هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان دەشارێتەوە.
پارتی کرێکاران ناسنامەی 2 گەریلای دیکەی خۆی ئاشکرا کرد کە لە ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا بە دەست چەکدارانی تورکیای بە کوشتن داون و هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی شاردبۆوە.
هەپەگە باڵی سەبازیی پەکەکە، ئەمڕۆ دووشەممە 16/9/2024، ناسنامەی 2 گەریلای دیکەی خۆی ئاشکرا کرد کە ساڵێک لەوەپێش، واتە لە 6ی ئەیلوولی 2023دا بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە ناوچەی “گارە”ی باشووری کوردستاندا کەوتوونەتە بەر هێرشی دەوڵەتی تورک و گیانیان لەدەستدابوو.
هەپەگە پاش تێپەڕبوونی یەکساڵ تازە هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەو گەریلایانە بۆ بنەماڵەکانیان و ڕای گشتی کوردستان ئاشکرا دەکات.
هەپەگە ناسنامەی ئەو گەریلایانەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:
1ـ خەلیل حەسەن خەڵکی شرناخ.
2ـ محەممەد سەیدۆ خەڵکی عەفرین.
پەکەکە لە ستایشی ئەو لاوانەدا وەکوو سەرجەم ئەو هەڤاڵانەیان کە گیانیان لەدەستداوە، تەنها گوتوویەتی ئەوان ئاپۆیی بوون و بوون بە قوربانی ئاپۆ!.
پەکەکە لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە هاوشیوەی ساڵانی ڕابردوو، ڕۆژانە ناسنامەی پۆلێک لە لاوانی کورد لە میدیاکانی خۆیدا بڵاو دەکاتەوە کە لە ساڵان و مانگەکانی ڕابردوودا لە شەڕێکی بی ئاکامدا بەکوشتنی داون و دوای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر ئەوجا هەواڵەکایەن ڕادەگەیەنێت. بەپێی زانیاریەکانی پێگەی “دارکا مازی” هێشتا بە سەدان لاوی کورد هەن کە پەکەکە هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان دەشارێتەوە.