ئەنەکەسە بەیاننامەیەکی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی عەفرین بڵاوکردەوە

ئەنەکەسە بەیاننامەیەکی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی عەفرین بڵاوکردەوە

“ناوچەکە تووشی ژمارەیەکی زۆر پێشێلکاریی قورس و سیستماتیک هاتووە کە وەکوو تاوانی دژی مرۆڤایەتی وان”.

ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد بەیاننامەیەکی لەسەر پێشێلکارییەکانی عەفرین بڵاو کردۆتەوە و تێیدا بە توندی ئەو پێشێلکاریانەی شەرمەزار کردووە. هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ڕاگرتنی ئەو تاوانانە، ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.

ئەمڕۆ دووشەممە 16/9/2024، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، (ENKS)، سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی عەفرین ڕایگەیاند، “لەو کاتەوەی کە هەرێمی عەفرین کەوتە ژێر کۆنترۆڵی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەلایەن سوپای تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، ناوچەکە تووشی ژمارەیەکی زۆر پێشێلکاریی قورس و سیستماتیک هاتووە کە وەکوو تاوانی دژی مرۆڤایەتی وان”.

ئەنجومەنەکە لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا، دەڵێت: “ئەو لایەنانە باج و ڕسوماتی زیادە و زۆرەملێ بەسەر هاووڵاتیانی مەدەنیدا دەسەپێنن؛ 5 هەزار دۆلار بۆ گەڕانەوەی موڵک و زەوی و 8 دۆلار بۆ هەر دارە زەیتونێک”.

ئەو سەرچاوە فەرمییە ڕوونیشیکردەوە، “تاقمی سوڵتان سلێمان شا، هاوڵاتی کورد ئیدریس ئەبو و 4 کەسی دیکەی خەڵکی گوندی کاخرێ (ئەکی ئاخۆر)ی ڕفاندووە و داوای فیدیەی 11 هەزار دۆلاریان کردووە، کاتێک نەیانتوانی فیدیە بدەن، ئەشکەنجە دراون و دەستبەسەرکراون”.

هەمان سەرچاوە ئاشکراشی کردوە کە “کاتێک ژنانی گوندەکە، لەبەر بارەگای فراکسیۆنەکە نارەزاییان دربڕیوە، گوللـەباران کراون و هەروەها گوندەکە لەلایەن چەکدارەکانەوە گەمارۆ دراوە و سەرجەم ڕێگاکانی پەیوەندیی داخراون و لە ئەنجامدا زۆرێک لە ژنانی گوندەکە بریندار بوون”.

هەروەها ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ڕوونی کردەوە، “لە مانگی تەمموزی 2024ـەوە ناوچەکە شاهیدی ئاگرکەوتنەوەیەکی زۆر بووە، کە ڕووبەرێکی بەرفراوانی کێڵگە کشتوکاڵییەکان و دارستانەکانی وێران کردووە”.

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد بە توندی ئیدانەی ئەم پێشێلکارییانەی کردووە و هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕاگرتنی ئەو تاوانانە بگرێتەبەر.

ئەنەکەسە جەختیش دەکاتەوە کە “دەبێ هەموو لایەنە چەکدارەکان لە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان وەدەر بنرێن و ئەنجومەنە سڤیلەکان دابمەرزێن کە لە خەڵکی خۆجێی پێکهاتبێتن بۆ ئەوەی خەڵک بە حورمەت و لە ئاسایش و ئارامیدا، بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان”.

پوستێن ھەمان بەش