ڕێژیمی ئێران 17 هاووڵاتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەستبەسەر دەکات

ڕێژیمی ئێران 17 هاووڵاتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەستبەسەر دەکات

دەستبەسەرکراوەکان گواستراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نیە.

لە ماوەی 4 ڕۆژی سەرەتایی مانگی ئەیلوولدا لانیکەم 17 هاووڵاتیی کورد کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن 16 ساڵان بووە، لە شارە جوراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاشکرای کردووە کە لە چوار ڕۆژی سەرەتای مانگی ئەیلوولی 2024دا، لانیکەم 10 هاووڵاتیی کورد لە شارۆچکەی بڵواناوای سەر بە شاری دێوڵان، 4 هاووڵاتی بریتی لە منداڵێک لە مەهاباد و 3 هاووڵاتی لە شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار بردراون.

لە ڕۆژەکانی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممە لانیکەم 10 هاووڵاتی بە ناوەکانی جەمیل محەممەدی، شادمان محەممەدی، فواد محەممەدی، محەممەد محەممەدی، مەیسەم حاجی مەجید، سەمیر محەممەدی، پدرام محەممەدی تەمەن 20 ساڵ، ماردین باقری تەمەن 19 ساڵ و دوو هاووڵاتی دیکە کە هەردووکیان شۆرەتیان باقرییە (ناو نادیار) لە بڵواناوای سەر بە شاری دێولان دەستبەسەر کراون.

هەروەها، ڕامیار ئەبووبەکری منداڵ تەمەن 16 ساڵ و سیاوەش سوڵتانی هەر دوو کەسیان لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان، عادل کاکە تەمەن 23 ساڵ و ئومید ئەحمەدنژاد هونەرمەندی تەمەن 35 ساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کراون.

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد لە ڕۆژانی ڕابردوو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 4/9/2024، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی دیاکۆ عەزیزی تەمەن 34 ساڵ، لوقمان زەنگی تەمەن 52 ساڵ و کوڕەکەی سیامەند زەنگی تەمەن 22 ساڵ لە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

پوستێن ھەمان بەش