لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، 585 پرۆژەی ڕێگەوبان جێبەجێ کراون

لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، 585 پرۆژەی ڕێگەوبان جێبەجێ کراون

 لەو پرۆژانە 75ـیان پرۆژەی ستراتیجی و گرنگن؛ هەروەها 291 پرۆژەی دیکەش لە ژێر پرۆسەی جێبەجێ کردندان.

كابینەی نۆیەم، بۆ پێشخستنی ژێرخانی هەرێمی كوردستان و پێكەوەبەستنەوەی هەموو شار و شارۆچکەکان؛ چەندان ڕێگە و پردی نوێی بونیات ناوە و چەندانی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێ کردندان.

لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 585 پرۆژەی ڕێگەوبان جێ بەجێ کراون کە 75ـیان پرۆژەی ستراتیجی و گرنگن؛ هەروەها 291 پرۆژەی دیکەش لە ژێر پرۆسەی جێبەجێ کردندان.

لە کۆی ئەو 585 پرۆژەی ڕێگاوبان کە کارەکانیان کۆتایی هاتووە، توانراوە هەزار و 363 کیلۆمەتر ڕێگەی تازە بە بڕی زیاتر لە 930 ملیار دینار دروست بکرێت و زیاتر لە 11 ملیۆن مەتر چوارگۆشە قیر لەو پرۆژانە بەکارهێنراوە.

زۆرینەی پرۆژەکانی تایبەت بە ڕێگەوبان لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن دەستی کاری ناوخۆییەوە جێ بەجێ کراون.

دروستکردنی ڕێگەوبانەکان لەلایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە پێناو ئاسانکارییە بۆ هاووڵاتییان و پێشخستنی کەرتەکانی بازرگانی، گەشتیاری و پیشەسازییە.

بەشێک لە پرۆژەکانی ڕێگاوبان لە کابینەی نۆیەم

1ـ ڕێگەی نوێی هەولێر – دهۆك

ڕێگەی کۆنی نێوان هەولێر – دهۆك، پڕبوو لە مەترسی، بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی بچووك بەیەکەوە بەکاریان دەهێنا، شۆفێران ترسیان لە ڕێگەکە هەبوو؛ بەڵام کابینەی نۆیەم بە پرۆژەیەكی ستراتیجی، ئەو نیگەرانییەی شۆفێرانی ڕەواندەوە.

سەرەڕای قەیرانەکان، لەپێناو سەلامەتیی هاووڵاتییان، کابینەی نۆیەم بە گوژمەی 399 ملیار دینار،ڕێگە نوێی هەولێر – دهۆكی دروست کرد.

ڕێگەی هەولێر – دهۆك، درێژییەکەی زیاتر لە 86 کیلۆمەترە و پانیی هەر سایدێکی ڕێگاکە زیاتر لە 11 مەترە و ژمارەیەکی زۆر لە ئۆڤەرپاس و یوتێرنی لەخۆگرتووە و بە شێوازێکی مۆدێرن دروست کراوە.

2ـ پردی زێی گەورە

پردی زێی گەورە، گەورەترین پردی هەرێمی کوردستانە و دەکەوێتە سەر زێی گەورە؛ بەشێکە لە ڕێگەی دووسایدی ڕۆڤیا – گۆپاڵ و هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

درێژیی پردی زێی گەورە 928 مەترە و بەرزییەکەشی 10 مەترە، هەروەها پایەڵەکانی 10 مەتر لە ژێر زەوین.

پردەکە پێک هاتووە لە دوو ئاراستەی چوون و هاتن، کە پانیی هەر ئاراستەیەکیان 15 مەترە و بە گوژمەی زیاتر لە 43 ملیار دینار دروست کراوە، بە هۆی ئەم پردەوە، ڕێگەی نێوان هەولێر – دهۆك 40 خولەک کەمبووەتەوە.

3ـ تونێلی پیرمام

یەکێک لەو پرۆژە ستراتیجییانەی ڕێگەوبان کە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواو بووە؛ تونێلی پیرمامە و درێژاییەکەی 2.5 کیلۆمەترە.

تونێلی پیرمام سەنتەری شاری هەولێر بە شەقڵاوە و دەشتی هەریرەوە دەبەستێتەوە. تونێلەکە لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی 148 ملیۆن دۆلار دروست کراوە؛ سیستمێکی هەواگۆڕکێ و ڕووناکی پێشکەوتووی بۆ دانراوە.

ئامانجی دروستکردنی تونێلەکە ئەوە بوو، ئەو قەرەباڵغییە زۆرەی لە ڕێگەی پیرمام هەبوو کەم ببێتەوە، ئێستە شۆفێران پێویستیان بەوە نییە بە لۆفەکانی پیرمامدا سەربکەون، بەڵکوو بە ڕێگەیەکی کورت و کاتێکی کەمتر دەگەنە شەقڵاوە.

4ـ پردی دەربەندی ڕانیە

پردی دەربەندی ڕانیە لە 13ـی تشرینی یەکەمی ،2020 بەردی بناغەی لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە گوژمەى 11 ملیار و 387 ملیۆن و 745 هەزار و 800 دینار دانرا.

پردەکە لەسەر زێی بچووکە و درێژییەکەی 420 مەتر و 15 مەتر پان و 32 مەتر بەرزە، ئیدارەی ڕاپەرین و شارۆچكەی دووکان و سلێمانی پێکەوە دەبەستێتەوە و کار ئاسانییەکی زۆر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و بازرگانی و گەشتیاری و کشتوکاڵیدا دەبێت.

5ـ شەقامی 150 مەتریی هەولێر

شەقامی 150 مەتری شەشەمین شەقامی بازنەیی ھەولێرە، شەقامێکی خێرایە و ھەریەک لە ناحیەکانی بنەسڵاوە، کەسنەزان، دارەتوو، بەحرکە و ڕێگەی گوێر و قۆریتان و سەرکارێز بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

پڕۆژەکە بە پێنج قۆناغ جێبەجێ دەکرێت کە لە قۆناغی یەکەمیدا، ڕێگای بەحرکەی بە شەقامی شەقڵاوە بەستەوە، لە هەردوو قۆناغی دووەم و سێیەمیشدا بەشی بەحرکە-ڕێگەی دھۆک و ڕێگەی شەقڵاوە-کۆیە کرایەوە.

شەقامی 150 مەتریی بازنەیی خێرا لە ھەولێر یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکان و لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەکرێت و درێژییەکەی 70 کیلۆمەترە و هەر ئاراستەیەکی 20 مەتر پانییەکەیەتی.

تەواوی پڕۆژەکە بە گوژمەی 700 ملیۆن دۆلار تەواو دەبێت، شەقامەکە بەشێوەیەکی بازنەیی خێرا کە ھیچ وەستانێکی تیادا نییە بە دەوری ھەولێردا دەسوڕێتەوە.

پوستێن ھەمان بەش