تورکیا کردنەئامانجی فەرماندەیەکی پەکەکەی لە چیای گارە ڕاگەیاند

تورکیا کردنەئامانجی فەرماندەیەکی پەکەکەی لە چیای گارە ڕاگەیاند

“خەلیل یگیت، ناسراو بە هۆگر پیرۆس، لە ساڵی 2007 لە شرنەخ پەیوەندی بە گەریلاکانی پەکەکەوە کردووە”.

مێدیاکانی تورکیا ڕاگەیەندراوێکی هەواڵگریی تورکیا (میت)یان بڵاوکردۆتەوە کە باس لە کرانە ئامانجی بەرپرسێکی پەکەکەی بە ناوی “خەلیل یگیت”، لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر چیای گارە دەکات.

بەگوێرەی میدیای دەولەتی تورک، خەلیل یگیت، ناسراو بە “هۆگر پیرۆس”، لە ساڵی 2007 لە شرنەخ پەیوەندی بە گەریلاکانی پەکەکەوە کردووە و لە ناوچەی سلۆپی، شرنەخ بەشداری  شەڕی خەندەقەکانی دژ بە هێزەکانی تورکیا کردووە.

هەروەها هەواڵگری تورکیا ئاماژەی داوە، لە ساڵی 2018 دا یگیت لە ڕیزی گەریلاکانی یەپەگەدا چالاکی چەکداریی هەبووە و بەم دواییانە گەڕاوەتەوە ڕیزی گەریلاکانی پەکەکە لە چیای گارە لە هەرێمی کوردستان.

هەر لە بارەی هێرشە ئاسمانییەکانەوە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا چوارشەممە 18ی ئاب، بڵاوی کردەوە کە 24 پێگەی پەکەکەیان لە چیاکانی خواکوڕک، قەندیل، ئاسۆس و گارە بۆمباران کردووە.

پوستێن ھەمان بەش