پەکەکە بە ئەنقەست خۆی لە گوندەکانی دهۆک نزیک دەکاتەوە و ئامانجی ئەوەیە کە چۆڵ بکرێن و ببن بە گۆڕەپانی شەڕ.
تورکیا بە بیانووی حزووری گەریلاکانی پەکەکەوە، لە ماوەی 9 ڕۆژدا لانیکەم 9 گوندی پارێزگای “دهۆک”ی باشووری کوردستانی کردۆتە ئامانجی هێرشەکانی.
بەهۆی جەولە و جموجۆڵی گەریلاکانی پەکەکە لە گوندەکانی نزیک شاری دهۆک، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا سەدان بۆمب و مووشەکیان بەسەر ژمارەیەک گوند و ناوچەی دیاری پارێزگای دهۆکدا بەرداوەتەوە.
سەرچاوەکانی پێگەی “دارکا مازی” ئاشکرایان کردووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە 22/9/2024 تا 30/9/2024، ژمارەیەک گوندی دهۆکیان بۆردومان کردووە و لە ئەنجامدا زیانێکی زۆریان بە ئاقاری گوندەکان و سروشتی ناوچەکە گەیاندووە.
سەرچاوەکانی “دارکا مازی” دەستنیشانیان کردووە کە هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گوندەکانی پارێزگای دهۆک کە بە بیانووی حزوور و جموجۆڵی گوماناویی گەریلاکانی پەکەکە ئەنجام دەدرێت و ئەو حیزبە دەیهەوێ ئەو گوند و ناوچانە چۆڵ بکرێن و ببن بە گۆڕەپانی شەڕ.
هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەم شێوەیە بوون:
ڕێکەوتی 22/9/2024:
ـ کاتژمێر 11:55 بۆ 12:30 خولەکی شەو، کۆپتەرەکانی سوپای تورکیا بە ڕۆکێت و دۆشگا “گەلیی بازێ”ی سەر بە دەڤەری بەرواری باڵایان کردە ئامانج.
ڕێکەوتی 23/9/2024:
ـ کاتژمێر 12:24 خولەکی شەو، هەلیکۆپتەرە جەنگییەکانی تورکیا، “دەریی بێرا، گیزانی، نزیک گوندی سەرگەلێ و تونێلی پەکەکەیان لە چیای مەتینا، نزیک گوندی گوهەرزێ کردە ئامانج.
ـ کاتژمێر 11:00ی سەرلەبەیانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا “دۆڵی دێرا”یان لە نزیک ناوچەی بەرواری باڵا بۆردومان کرد.
ڕێکەوتی 24/9/2024:
ـ کاتژمێر 2:55 خولەکی پاشنیوەڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا “گەلیی شێلازا”یان لە ناحیەی کانی ماسی بۆردومان کرد.
ـ کاتژمێر 7:55 بۆ 8:30 خولەکی شەو، کۆپتەرەکانی سوپای تورکیا “گەلیی بازێ”یان لە نزیک قەزای کانی ماسی بە چەکی دۆشگا کردە ئامانج.
ـ کاتژمێر 8:14 خولەکی شەو، هەلیکۆپتەرە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک تونێلی گەریلاکانی پەکەکەیان لە نزیک گوندی گوهەرزێ سەر بە دەڤەری نهێلی کردە ئامانج و هەروەها کاتژمێر 11:09 خولەکی شەویش جارێکی دیکە هەمان تونێلیان کردە ئامانج.
ڕێکەوتی 25/9/2024:
ـ کاتژمێر 2:48 خولەکی پاشنیوەڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندەکانی “شێلازا و ئێکماڵێ”یان لە قەزای کانی ماسی بۆردومان کرد.
ڕێکەوتی 26/9/2024:
ـ کاتژمێر 8:33 خولەکی شەو، کۆپتەرە جەنگییەکانی تورکیا جارێکی دیکە تونێلێکی پەکەکەیان لە چیای مەتینا کە دەکەوێتە نزیک گوندی گوهەرزێ و “دەروازەی بێرا”یان بۆردومان کرد.
ڕێکەوتی 27/9/2024:
ـ کاتژمێر 12:22 خولەکی پاشنیوەڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا “دۆڵی دەرگەلە”ی سەر بە ناحیەی “کانی ماسی”یان بۆردومان کرد.
ـ کاتژمێر 8:55 بۆ 9:15 خولەکی سەربەیانی، کۆپتەرە جەنگییەکانی تورکیا بە چەکی دۆشگا و ڕۆکێت “گەلیی بێشیلێ” و “گەلیی بازێ”یان لە دەڤەری بەرواری باڵا کردە ئامانج.
ـ کاتژمێر 2:50 خولەکی پاشنیوەڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا جارێکی دیکە تونێلی پەکەکەیان لە نزیک گوندی گوهەرزێ سەر بە دەڤەری نهێلی بۆردومان کرد و هەروەها لە کاتژمێر 8:40 بۆ 10:25 خولەک، هەلیکۆپتەرە جەنگییەکانی تورکیا جارێکی دیکە بە چەکی دۆشگا و ڕۆکێت، هەمان توونێلی پەکەکەیان کردە ئامانج.
ـ کاتژمێر 9:04 خولەکی شەو، هەلیکۆپتەرە سەربازییەکانی تورکیا “گەلیی بازێ”یان لە دەڤەری بەرواری باڵا کردەئامانج.
ڕێکەوتی 28/9/2024:
ـ کاتژمێر 5:58 خولەکی پاشنیوەڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا جارێکی دیکە تونێلێکی پەکەکەیان لە نزیک گوندی گوهەرزێ بۆردومان کرد.
ـ کاتژمێر 5:35 خولەکی ئێوارە، گوللـە هاوەنێکی 60 ملم بە ئاراستەی چیای مەتینا هات و بەر ماڵی گوندنشینێکی گوندی گوهەرزێ کەوت و زیانی ماددی لێکەوتەوە.
ڕێکەوتی 29/9/2024:
ـ کاتژمێر 7:45 بۆ 8:50 خولەکی شەو، کۆپتەرە جەنگییەکانی تورکیا بە چەکی دۆشگا و ڕۆکێت، “گەلیی بازێ”یان لە نزیک کانی ماسی کردە ئامانج.
ـ کاتژمێر 11:00ی شەو، هێلیکۆپتەرە سەربازییەکانی تورکیا بە چەکی دۆشگا و ڕۆکێت، چیاکانی دەوروبەری “گوندی گوهەرزێ هەتا دەگاتە گوندی بەلاڤەی سەر بە دەڤەری نهێلی”یان کردە ئامانج.
ڕێکەوتی 30/9/2024:
ـ کاتژمێر 12:00 بۆ 12:35 خولەکی نیوەشەو، هەلیکۆپتەرە جەنگییەکانی تورکیا بە چەکی دۆشگا و ڕۆکێت، “گەلیی بازێ” و “گەلیی هەسپا”ی سەر بە دەڤەری “بەرواری باڵا”یان کردە ئامانج.
لە مانگی گوڵانی ئەمساڵ (2024)ـەوە و دوای چڕبوونەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، پەکەکە بە ئەنقەست گەریلاکانی خۆی دەخزێنێتە قەراخ گوندەکانی پارێزگای دهۆک و بەم بیانوەوە ئەم گوندانە بەردەوام لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بوردومان و تۆپباران دەکرێن. دۆخەوکە ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکی گەورەی لای دانیشتووانی ناوچەکە دروست کردووە. پەکەکە بە ئەنقەست خۆی لە گوندەکان نزیک دەکاتەوە و ئامانجی ئەوەیە کە ئەو گوند و ناوچانەی پارێزگای دهۆک چۆڵ بکرێن و ببن بە گۆڕەپانی شەڕ.