“لە سەرەتای 2024ـەوە ئیسرائیل 106 جار سوریای کردۆتە ئامانج و لە ئەنجامدا 257 چەکدار کوژراون”.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بنکەیەکی سوپای سوریایان لە حەما و کارگەیەکی ئۆتۆمبێلیان لە شاری حومس بۆردومان کرد.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا (سانا)، لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، بنکەیەکی سەربازییان لە گوندەواری حەما و کارگەیەکی ئۆتۆمبێلیان لە ناوچەی حسیای حومس کردووەتە ئامانج.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکانی ئیسرائیل تەنیا زیانی ماددییان لێکەوتۆتەوە.
لەلای خۆیەوە ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل 3 مووشەکیان ئاراستەی لیوای 47ی سوپای سووریایان لە چیای مارین سەر گوندەواری باشووری حەما کردووە و بەهۆیەوە ئاگر لە بنکەکە بەربووە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگەکە، لە ئەنجامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کارگەیەکی ئۆتۆمبێل لە ناوچەی “حسیا”دا 4 کەس بریندار بوون.
شایانی باسە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی 8ی ئۆکتۆبەریش، لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا بۆ سەر باڵەخانەیەک لە گەڕەکی مەزێ لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، 9 کەس کوژرابوون و 11ی دیکەش بریندار بوون. ئاژانسەکان باسیان لەوە کردبوو کە لە هێرشەکەدا کۆبوونەوەیەکی باڵای فەرماندەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و سپای پاسدارانی ئێران کراوەتە ئامانج.
بەگوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئیسرائیل 106 جار ناوچە جیاجیاکانی سوریای کردۆتە ئامانج و لە ئەنجامدا 257 چەکدار کوژراون و 181 چەکداری دیکەش برینداربوون. روانگەی سووری دەڵێ لەو هێرشانەدا 40 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەست داوە و 52 سڤیلیش بریندار بوون.